کانونی دووەم 18, 2021

دوای چەند ساڵ لە نەبوونی ئەلبوم، لە 2021 بەنیازە ئەلبومێك بڵاو بكاتەوە!

هونەرمەندی بە ئەزموونی گۆرانیبێژ (ئەیوب عەلی) لەمیانەی لێدوانێكی دا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" ئاماژە بە چەند لایەنێك لە كارە هونەرییەكانی دەكات، بەتایبەتی ئامادەكارییەكانی بۆ تۆمار كردنی ئەلبومێكی گۆرانی، كە لە ئێستادا كارەكانی بەرەو قۆناغی تەواو بوون هەنگاو دەنێت.

 

لەدەستپێكی قسەكانی هونەرمەند (ئەیوب عەلی) لەبارەی دایین بەرهەمی گۆرانی گوتی : "بەر لە مانگێك یەكێك لە گۆرانییە تازەكانم لە ژێر ناوی (بەزمە)، كە گۆرانییەكی هەڵپەركێ بوو بڵاو كردەوە، ئەو گۆرانییە بەشێكی لە هەندەران و بەشەكەی دیكەی لە كوردستان كاری بەرهەم هێنانی ڤیدیۆ كلیپی بۆ كرابوو، بە هەوڵ و ماندو بوونی كاستی بەشداربووان و ."دۆستان و هاوڕێانم توانیمان كارێكی باش پێشكەشی هونەردۆستان و گوێگرانم بكەین

لەبەشێكی دیكەی قسەكانی هونەرمەند (ئەیوب عەلی) ئەوەشی راگەیاند : "لە ئێستادا خەریكی ئامادەكارییم بۆ بەرهەم هێنانی ئەلبومێكی تازەی گۆرانی، ئەو ئەلبومە لەدوای چەند ساڵێك لەنەبوونی بەرهەمی تازەم بەشێوەی سیدی، لە ئێستادا دەمەوێ دوای ئەو چەند ساڵە ئەلبومێكی تازەی گۆرانی بهێنمە بوون، كە لەوانەیە خۆی لە (8 بۆ 10) ببینێتەوە، ئەو ئەلبومە لە رووی ناوەرۆك و فۆرمی گۆرانییەكانەوە، هەوڵێكی باشمداوە كارێكی تازەتر ."لەوانەی پێشووتر پێشكەشی گوێگرانم بكەم

لە كۆتایی دا هونەرمەند (ئەیوب عەلی) لەبارەی هەبوونی پاڵپشتی بۆ كاری بەرهەم هێنانی سیدیە تازەكەی رایگەیاند : "پاڵپشتی تەنها ئەگەر هەبێت لەرێگەی سپۆنسەری كۆمپانیاكانە، ئەوەشیان شتێكە وەك كوردەواری دەڵێت "بەری دڵ ناگرێت" چونكە ئەلبومێكی چەند تراكی گۆرانی پێویستی بەخەرجی زۆرە، دیارە منیش لەوەتەی گۆرانی دەڵێم، دووجار قوربانییم بۆ هونەر و بەرهەم هێنانی گۆرانییەكانم داوە، جارێكیان بە بەخشینی تەمەنی خۆمەوە، ئەوەی دووەمیشان گیرفان و داهاتی خۆم بووە، كە پێم وایە هەردووكیان هەر لەمن رۆیشتووە، بەتایبەتی تەمەنی خۆم، كە بایەخ و بەهای خۆی هەیە بۆ هەموو مرۆڤێك، بۆیە من ئەو ئەلبومەشم لە ساڵی (2019)ـەوە خەریكم كاری بۆ دەكەم و، هیوادارم لە ئەم ساڵ كە ساڵی (2021) بتوانم بڵاوی بكەمەوە، بە پلەی یەكەم لەگیرفانی خۆم خەرجیم بۆ دابین كردووە، ئینجا بەشەكەی دیكەی هاوكاری و پاڵپشتی بووە لەلایەن كۆمپانیاكان، كە سپۆنسەری هەندێك ."لە بەرهەمەكانیان لە ئەستۆ گرتووە!

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

 

© 2017 Hawler