تشرینی دووەم 27, 2020

20 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەحمەد کایا تێدەپەڕێت

 

لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، کاتێ بۆ سازکردنی کونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس "پیرلاشیز" بەخاک سپێردرا. یڵماز گونەیش ھەر لەوێ بەخاک سپێردراوە کە کایا گۆرانیی "ناوی یڵماز"ەی بۆ گوتووە. گویلتەنی خێزانی گوتویەتی:" تا لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا بە کوردی گۆرانی نەگوترێ، ئەمەوێ مەزاری لە فەڕەنسا بێت".

 

كایا 20 ساڵ لەمەوپێش داوەتی فەڕەنسا دەكرێت بۆ بەشداریكردن لە فێستیڤاڵێك، لەوكاتەشدا داوەت دەكرێت كە لە توركیا فشاری زۆری لەسەرە، چونكە هەفتەیەك پێشووتر گوتبووی بە كوردی گۆرانییەك بڵاودەكەمەوە. میدیاكانی توركیا و دادگای توركیا تۆمەتباریان كرد بەوەی خیانەتی لە توركیا كردووە، بۆیە ئەو بە فەرسەتی زانی بەشداری ئەو فێستیڤاڵە بكات و رۆیشت و نەهاتەوە. بۆیە نەهاتەوە چونكە ئەو لە توركیا بە شەیتانی كرابوو و گەر بهاتایەتەوە دەستگیر دەكرا.

لە ٣٠ نیسان بە تۆمەتی خیانەت، دابەشکردنی تورکیا، یارمەتیدانی ئیرهاب، بۆبەردەم دادگا راکێشرا و لە یەکەم دادگای، هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە. ژیانی کەوتە مەترسی و ناچار ڕووی لە ئەوروپا کرد و پاریس، باوەشی بۆ کردەوە. بە ئاوارەبوونی پرۆسەی دادگا نەوەستا و لە غیابی ئەو دە ساڵ زیندانییان بۆ بڕیەوە.

بەر لە مردنی لە کۆنسێرتێکیدا گوتی: (من لە ئەوروپا سەرمامە، نەک لەبەر ئەوەی شوێنم نییە، ماڵم ساردە، بەڵکو لە بێ وڵاتی سەرمامە).

کایا لە نیشتیمانی خۆی دوور بوو، بۆیە مرۆڤی بێ وڵات، هەتیوە، کەسی هەتیویش لە هیچ شوێنێک دڵی ئۆقرە ناگرێت و ئاوناخواتەوە، چونکە مرۆڤی بێ وڵات، لە جیهانێکی هەژار و بندەستە  و جیهانی زاڵمان دەژی. مرۆڤی ژێردەستە و بێ وڵات، قەت بۆخۆیان نەژیاین و ناژین.

 

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

© 2017 Hawler