تشرینی یەکەم 21, 2020

وێنەگر کورد (حەمید قەوامی) خەڵاتی باشترین وێنەگری لە وڵاتی بەریتانیا بەدەستهێنا

سەرهەنگ غەریب 

 

                                                                           وێنەگری کورد (حەمید قەوامی) لە درێژەی بەشداری کردنی لە پڕۆژە سینەماییەکان و بەشداری کردنی بەرهەمەکانی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان، لە دوا پڕۆژەیدا، لە کورتە فیلمی (دیوار)، توانی خەڵاتی باشترین وێنەگر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی (دیپیک تیDepoc T 2020)ی لە شاری له‌نده‌نی وڵاتی بەریتانیا بەدەستبهێنێت.

 

ڕێوڕەسمی کۆتایی فێستیڤاڵەکە کە لەڕێکەوتی 3 ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، له ئەنجامدا دیپلۆمی شانازی و (1000) پاوەن، وەک خەڵاتی بەشی وێنەگریی پێشکەش بە سینەماکار (حەمید قەوامی) کرا.

ئەو سینەماکارەیەکێکە لە وێنەگرە هەرە سەرکەوتووەکانی کورد و کاری وێنەگرتنی بۆ چەندین فیلمی کوردی ئەنجامداوەو لەگەڵ دەرهێنەرانی ناوداری کورد (بەهمەن قوبادی، هونەر سەلیم) کاری کردووە.

جێگەی باسە ئەو سینەماکارە لە فیلمەکانی (گۆرانیەکانی وڵاتی دایکم)، (کیسەڵەکانیش دەفڕن)، (دەف) و (نیوەی مانگ) یاریدەری دەرهێنەری (بەهمەنی قوبادی) بووە، هەروەهایاریدەدەری دەرهێنانی فیلمی (دۆڵ)ی دەرهێنەر (هونەر سەلیم) بووە، کە بەرهەمی فەرەنسایە لە 2005 بەرهەم هاتووە.

وێنەگری ئەم بەرهەمانە بووە، فیلمی دۆکۆمێنتاری نیوە درێژی (شەڕ تەواو بوو) لە 2004 لە دەرهێنانی (بەهمەن قوبادی)، فیلمی سینەمایی (نیشتمان)، درامای (ڕێگەی ون بوو)ی خوالێخۆشبوو (عەلیڕەزاڕەزایی)، درامای (میعماری هەزارە)ی (محەمەد مۆعەیسری)، کەناڵییەکیڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، (دوایین دێهاتی سەرژمێری نەکراو)ی دەرهێنەر (شهرام عەلیدی).

وێنەگری فیلمەکانی: (سەربازێ کە شکا)ی (بەتین قوبادی)، (ئێرە ئانتین نادا)ی (بەتین قوبادی). کە ئەم فیلمانە خەڵاتییەکەمی میهرەجانی سۆنی و میهرەجانی کورتە فیلمی تارانیان وەرگرتووە.

جگە لەمە وێنەگری زیاتر لە 150 بەرهەمی فیلمی کورت و درێژی سینەمایی (دۆکۆمێنتاری و تەلەفزیۆنی) بووە، کە بەرهەمی دەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوو لە وڵاتانی سویدو فەڕەنسا و ئیتاڵیاو تورکیاو ئەمریکاو کۆریاو عێراق و هەرێمی کوردستان و هتد.

شایەنی ئاماژە پێدانە: سینەماکار (حەمید قەوامی)، لە گەڕە‌کی (ئاغەزەمان) لە شاری سنە لەدایکبووە، لە ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران لە سنە دەستیکردووە بەکاری وێنەگریی و فیلمسازی، پێشانگای وێنەی (بەشێوەی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ) لە شارەکانی ئێران کردووەتەوە، تا ئێستا 14 فیلمی جۆری (دیکۆمێنتاری، فیکشن و درامای)ی دروستکردووە.

© 2017 Hawler