تشرینی یەکەم 22, 2020

مەحمود قابیل: ژێرخانی ئابووری سینەمای میسری داڕماوە!

(مەحمود قابیل) ئەو ھونەرمەندەی کە 50 ساڵی تەمەنی خۆی بە ھونەری نواندن بەخشیووە، ھەموو ساڵاکانی تەمەنی ھونەریشی عاشق بووە بە داھێنان و گۆڕانکاریی لە دراما و فیلمی میسری دا، ئەوەی ئەو ھونەرمەندەش لە ھونەرمەندانی دیکەی وڵاتەکەی جیادەکاتەوە ئەوەیە، کە ھەرچەند ژمارەکانی تەمەنی گەورەدەبن ئەو ھەر بە جوانیی دەمێنێتەوە و ئێستایش بە ھونەرمەندە عاشقەکەی ئەو وڵاتە ھەژمار دەکرێت، لەم دیمانەیەشدا دیوە شاراوەکانی ژیانی خۆی و بەرھەمەکانی دەگێڕێتەوە، ھاوکات باس لە عەشقێکی کۆن دەکات، کە تێیدا سەرکەوتوو نەبووە!.

 

  • ئەگەر نیو سەدەی تەمەنی ھونەری خۆت لە چەند دێڕێکدا کورت بکەیەوە چی لەو ڕابردووە جوانە دەگێڕیەوە؟

بێگومان، بەرھەمە ناوازەکان لە بەرھەمە کرچ و کاڵەکانی سەرەتای تەمەنی ھونەریم دەگێڕمەوە، چونکە بۆ ھەمووان ئاشکرایە، کە دێتە نێو دەریای ھونەر، بە چەند بەرھەمێکی بچووک و نواندنی چەند ڕۆڵێکی ئاسایی دەردەکەویت، بەڵام من زوو درکم بەوە کرد، کە دەبێت ئاراستەی کارە ھونەرییەکانم بگۆڕم و ھەنگاوبنێم بۆ کاری نەمر و پێگەیاندنی خۆم لە بوارەکە، بەرھەمی (قاچی و جلاد)ـیش بوو بە ناونیشانی سەرکەوتنەکانی من لە مێژوویی کاری ھونەریمدا، کە لە ساڵی 1978 لە میسر پێشکەمان کرد.

  • تا ئێستا بەشداریت لە چەند کاری درامی و شانۆیی و سینەمایی کردووە؟

کارە ھونەرییەکانی من لە ھەژمار نایەن، بەو پێیەی سینەما و درامای میسر دەوڵەمەندە بەوەی کە ھەمیشە لە جووڵەدایە و پڕۆژە ھونەرییەکانی ئێمە ھێندە زۆربوون لە ساڵێکدا بەشداریم لە چەند کارێکی نواندن کردووە، لەوانەش لە 1979 لەیەک کاتدا بەشداریم لە بەرھەمەکانی (الفخ، الملاعين، وادى الذكريات) کرد، کە ئەمانە بەرھەمی ناوازە بوون بۆ ئەو سەردەمە زێڕینە و ھۆڵە سینەماییەکانیان دەھەژاند.

  • چەند جار عەشق یەخەی گرتووی؟

پرسیارێکی قورسە و چەند جارێکیش ڕووبەڕووم کراوەتەوە، من لە دووجار عاشق بووم، جارێکیان ھەرزەکار بووم و وەک ھەر گەنجێکی دیکە دەمویست پێوەندییەک لەگەڵ کچە دراوسێیەکی خۆماندا دروست بکەم، ئیدی ماوەیەکی خایاند تا لەوە تێگەیشت کە من بەدوای دەگەڕێم و بەڕاستی خۆشم دەوێت، بەڵام خۆشەویستیەک، کە بە مانای وشە پڕ بوو لە پاکی، کە تێکەڵاوی ھونەر و شانۆ و نواندنیش بووم، جارێکی تر عاشقی (مێرڤەت ئەمین) بووم، بەڵام ئەویان لە ڕێگەی کارە ھونەرییەکانی بوو، ئەو چیرۆکەشم لە زۆربەی میدیاکانی عەرەبی و میسری دا باس کردووە.

  • خۆشەویستی نێوان تۆ و مێرڤەت ئەمین لە کوێوە دەستی پێکرد؟

ئەو کاتەی بەرھەمی (حب تحت المگرم)ـان پێشکەش کرد، کە چەند دیمەنێکی ڕۆمانسی لەخۆوە گرتبوو، سیناریۆکەی گێڕانەوەی دوو ئەوینداربوو، بە تەواوەتی ئێمە چووینە نێو قوڵایی ئەو خۆشەویستیەوە، بەڵام خۆشەویستیەکەی ئێمە بە جیابوونەوە کۆتایی پێھاتوو نەمانتوانی لەم تاقیکردنەوەیەدا سەرکەوتووبین.

  • دەگوترێت تۆ سەربازێکی بوێری جەنگ بوویت، بۆچی ڕووتکردە سینەماکانی میسرەوە؟

ژیان ھەمووی سیناریۆیە بۆ نووسینەوەی یادگار و تۆمارکردنی دەبێت پەنا بۆ سینەما ببەین، چونکە تەنیا لەوێدا یادگار و بەسەرھاتەکان بە زیندوویی دەمێننەوە، بۆیە منیش کە کۆلێژی سەربازیم تەواوکرد، چەند دیمەنێک ھەبوو نەدەکرا لە چەند کاغەزێکی وشکی یادگارەکانم بینووسمەوە، بۆیە پەنام بۆ سینەما برد کە کارێکی دیکۆمێنتەری بکەم، لەو تاقیکردنەوەیەشدا متمانەی زۆرم بەخۆم بوو، ھەستم بەوەدەکرد کە دەتوانم بگەم بەو حەزەی کە لە پاڵ کاری سەربازی ھەمە بۆ نواندن و سینەما، وەک لە پێشووشدا گوتم، دەسپێکی بەرھەمەکانم تا ڕادەیەکی لاوازی منی پێوە دیاربوو، بەڵام متمانەی زۆرم بەخۆم و تواناکانم منی ھێنایە سەر تەختی شانۆ و بووم بە یەکێک لە ئەستێرەکانی میسر.

  • بۆچی نێوانتان لەگەڵ ھونەرمەند حوسێن فەھمی ھێندە خراپە و لە میدیاکان ھێرش دەکەنە سەر یەکتر ئایا بڕیارنیە ئاشت بنەوە؟

دڵشکانی حوسێن فەھمی لەگەڵ من شتێکی وانەبوو، چەند جارێکیش ھەوڵمدا لەگەڵی ئاشت ببمەوە، بەڵام ھەوڵەکانم بێ سوود بوون، توڕەیی ئەویش دەگەڕێنمەوە بۆ پێوەندی نێوان من و مێرڤەت ئەمینی ھاوسەری، ھێرشەکانیشی لە نێو میدیای وڵاتەکەم ئەوەبوو، کە من پیاوێکی تەڵەکەباز و ڕاستگۆنەبوومە لە ژیانی ئەودا و ھەوڵمداوە خێزانەکەی لێ زەوت بکەم، بەڵام لە ڕاستیدا وانیە، تەنیا خۆشمویست و ماوەی خۆشەویستیەکەی ئێمەش زۆری نەخایاند و گەڕایەوە لای ئەو، کە ئەوکات جۆرێک لە گرژی لە نێوانیان ھەبوو.

  • بە سەردانێکی کورت ھاتیە کوردستان و ھۆکاری ئەو سەردانە چی بوو چ پڕۆژەیەکی بازرگانی و ھونەریت لەبەردەستە؟

یەکەم گەشتە کە بۆ کوردستان ئەنجامی دەدەم و ھاتووم ڕوویی گەشەسەند و شارستانیەتی کورد بە چاوی خۆم ببینم و ھەندێک لە ھونەری ئەو ناوچەیە شارەزابم و پڕۆژەیەکی بازرگانی ھاوبەش لەو وڵاتە ئەنجام بدەم، لە سەردانی داھاتوومدا، بەڵام لەوە دەچێت ئێستا نەتوانرێت ئەو پڕۆژەیە لە میدیادا ئاشکرا بکەم، تا کاتی ئەنجامدانی پڕۆژەکە و بەدەستھێنانی ڕەزامەندی لایەنی پێوەندیدار.

  • کۆڕۆنا ئێستاش سینەماکانی میسری داخستوون؟

نەخێر، ئێستا سینەما و ھۆڵە شانۆییەکان ئامادەکاریی دەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ماوە دوور و درێژەی کە خەریک بوو بەھۆی کۆڕۆناوە ھونەری میسری لەبار ببات و بینەر لە ھۆڵەکان بە یەکجاری بترازێنێت، بەڵام جێی خۆشحاڵیە کە جارێکی تر دەست دەکەینەوە بە پێشکەش کردنی بەرھەمی جوانی ھونەری.

  • داخستنی سینەماکان چ کاریگەرییەکی بەسەر ئابووری وڵاتەکەتان داھەبوو؟

ھونەر، لە ھەموو وڵاتێکدا سەرچاوەی ژیان و بناغەی ئابوورییە، جگە لەوەش ڕێگەیەکە بۆ گەیاندنی پەیامی شارستانیەتی وڵاتان، چونکە ئەوەی بە سینەما و شانۆ و ھونەر دەکرێت بە سیاسەت ناکرێت، ئەو ماوەی کە سینەماکانیش داخران، ھونەرمەندان و وڵات بە گشتی تووشی قەیرانی دەروونی و دارایی ببوو، چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ھونەرمەنداندا ھەبوو، تا ئەو ڕادەی بژێوی ژیانیان سەخت ببوو، ئێستاش ژێرخانی ئابووری میسر داڕماوە ناچار دەبێت ھەوڵبدەین بۆ دووبارە ژیانەوەی بەرھەمەکان تا بتوانین بینەر لەگەڵ ھونەر ئاشت بکەینەوە

 

شیڤان شێرزاد

دواترین دەستکاریکردن لەسەر دوو شەممە, 12 تشرینی یەکەم 2020 09:26
© 2017 Hawler