تشرینی یەکەم 20, 2020

زۆر جار هەستی من بۆ میوزیك لە گۆرانی باڵاترە و پێم خۆشە هەمیشە كاری میوزیكم هەبێت!

لە   لێدوانێكی تەلەفۆنیدا هونەرمەند بڵند بۆ خوێنەرانی "هەولێر" ئاماژەی بۆ چەند لایەنێك لە كارە هونەرییەكانی كرد بەتایبەتی بەرهەمهێنانی چەند گۆرانییەكی تازەی خۆی، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات بەنیازە بەرهەمێكی میوزیكی بە شێوەی  كلیپ بڵاو بكاتەوە.

 

لە دەستپێكی قسەكانیدا هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا لە بارەی ھەبوونی دوایین کاری ھونەری تازەی خۆی رایگەیاند: "پار گۆرانییەکی تازەم بە ناوی یەكەم جارە تێكستەکەی لە لایەن شاعیری ھەستناسک رەنج سەنگاوی نووسرابوو، ئاوازەكەی خۆم دامنابوو، بڵاو کردەوە، پەیامی ئەو گۆرانییە تەنیا بۆ ئەوەیە ئێمەی پیاوان پێویستە ڕێزی هاوسەرەكانمان بگرین، چونكە هاوسەر بەشێكی هەر گرنگ و جوانە لە ژیانی ئێمەی پیاواندا، بۆیە من ئەو بەرهەمەم كردووە بە پەیامێك بۆ ئەوەی چیتر هاوسەرەكان لە یەكتری جیا نەبنەوە، بەڕاستی ئەو رێژە زۆرەی جیابوونەوە لە كوردستان جێگەی داخە هیوام وایە كەم ببێتەوەو هەر نەمێنێت!".

 لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا ئەوەشی راگەیاند: "جگە لەو بەرهەمە گۆرانییەكی دیكەشم تۆمار كردووە، لە ژێر ناوی بەیەك ناگەین ئەو گۆرانییە كاری تۆماركردنی تەواو بووە، بەشێكی كلیپەكەشی تەواو بووە، تەنیا بەشێكی ماوەو، هەوڵ دەدەین ئەمساڵ لە وڵاتی سوید لە ئایندەیەكی نزیكدا كارەكانی تەواو بێت، بەرهەمەكە كارێكی جیاواز و تایبەتە، هۆنراوەكەی لەلایەن شاعیر سەركەوت رەسوڵەوە نووسراوە، ئاوازەكەی خۆم دامناوە، كاری میوزیكی لەوڵاتی سوید ئەنجام دراوە، لەكات و ساتێكی گونجاودا ئەو بەرهەمەش بڵاو دەكەمەوە، كە ئەوەشیان هەر لەسەر ئەرك و گیرفانی خۆم بەرهەم هاتووە".

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا لەبارەی هۆكاری بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانی بەشێوەی "سینگل" گوتی: "دیارە دەمێكە هەبوونی بەرهەمهێنانی گۆرانی بەشێوەی ئەلبووم لەلای زۆرێك لە هونەرمەندان بووە، بەكارێكی سەخت و دژوار، چونكە بەرهەمهێنانی گۆرانی كارێكی ئاسان نیە، بەرهەمهێنانی چەند گۆرانییەك و كۆكردنەوەی لە سیدیەكدا پێویستی بە خەرجییەكی زۆرە و، ئینجا نەبوونی كۆمپانیایەك بۆ ئەركی چاپ و بڵاوكردنەوەی ئەوەشیان بۆ خۆی ئەرك و ماندووبوونێكی دیكەیە لەسەر شانی هونەرمەند، پاشان بابەتی "كۆپی رایت" ئەوەشیان بۆ خۆی خەمێكی چەند ساڵەیە و تا ئێستاكە چارەسەر نەكراوە، بۆیە پێم وایە بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكان بەشێوەی تاك "سینگل" باشترەو گونجاوترە".

هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا جار جارە بەرهەمێكی میوزیكی بە كلیپ بڵاو دەكردەوە، ئایا لەمەودوا بیر لەكاری لەو شێوەیە ناكاتەوە؟ لەو بارەیەوەش گوتی: "میوزیك بەشێكی زۆر گرنگ و گەورەیە لە ژیانی من، چونكە ئەگەر میوزیك نەبوایە ئەستەم بوو، بتوانم گۆرانی بڵێم، لە هەمان كاتدا ئەگەر شارەزاییم لە بواری میوزیك نەبوایە، زۆر بە زەحمەت دەمتوانی میوزیكی گۆرانییەكانم بەو شێوازە بەرهەم بێنم، بۆیە من هەمیشە میوزیك بە بەشێكی گرنگ لە ژیانی هونەری خۆم دادەنێم، زۆر جار هەستی من بۆ میوزیك لە گۆرانی باڵاترەو پێم خۆشە هەمیشە كاری میوزیكم هەبێت، لە داهاتووشدا بەنیازم كارێكی میوزیكی باش بە   كلیپ بڵاو بكەمەوە".

 هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا لە سوید دەژی، دوای ماوەیەك بێدەنگی، دوایین بەرهەمی گۆرانیی خۆی لەگەڵ هونەرمەند ئەیوب عەلی بە شێوەی "دوێت" لە ساڵی 2018ـدا  بەناوی بەڵێ عاشقم بڵاو كردەوە.

 

عبدولغەفار عبدولا

© 2017 Hawler