تشرینی یەکەم 20, 2020

(خۆشەوی و تەنیا) گۆرانییەكی هونەرمەندی گەورە (محەمەدی ماملێ) تۆمار و كلیپ دەكەنەوە!

هەروەك هونەرمەند (تەنیا ئیدریس) رایدەگەینێت بە درێژای زیاتر لە (32) گۆرانی گوتن، بۆ یەكەمین جارە بڕیار دەدات گۆرانییەك بە شێوەی دوێت لەگەڵ هونەرمەندێكی گۆرانیبێژ تۆمار و كلیپ بكات. لەمباریەوە هونەرمەند (تەنیا ئیدریس) تایبەت بە "هەولێر"ـی راگەیاند : "دیارە من هەر لەسەرەتای كاری هونەرییمەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، گۆرانییم بە شێوەی دوێت "دووان" تۆمار نەكردووە، بەڵام بۆ ئەو بەرهەمە نەمتوانی قسەی ئەو گەنجە هونەرمەندە رەت بكەمەوە، كاتێك پێی گوتم گۆرانییەكی لەو شێوەیە هەیە بە یەكەوە تۆماری بكەین، پاشان ڤیدیۆ كلیپی بۆ ئەنجام بدەین، بە شێوەیەكی گشتی ئەو بەرهەمە گۆرانییەكی جوان و پڕ لە هەستە پێشتر لەلایەن هونەرمەندی گەورە (محەمەدی ماملێ) گوتراوە، لەلام گۆرانییەكی یەكجار جوانە، بۆیە هیوادارم كارێكی باشمان كردبێ". هەروەها هونەرمەندی لاو (خۆشەوی هیرانی) لەلای خۆیەوە بەم شێوەیە رایگەیاند :"ئەو گۆرانییە بەرهەمێكی نیشتمانییە پێشتر لەلایەن هونەرمەندی گەورەی كورد (محەمەدی ماملێ) بۆ شۆرشەكەی كۆماری مەهاباد و (قازی محەمەد) گوتراوە، لە ژێر ناوی (شاری دڵم)ـە، تێكستی شاعیری ناوداری رۆژهەڵاتی كوردستان (سەید كەمالی ئیمامی)ـیە، ئاوازی فۆلكۆرە، میوزیكی لەلایەن هونەرمەند (سەید ئەحمەد حاجی مەند) كراوە، لە هەردوو ستۆدیۆی لایڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ستۆدیۆی هونەر لە هەولێر كاری تۆماركردنی دەنگ لەلایەن (تاریق خانەقینی) بۆ كراوە". لەبارەی كاری ڤیدیۆ كلیپی بەرهەمەكە (خۆشەوی) ئەوەشی گوت : "كاری وێنەگرتن و ڤیدیۆ كلیپەكەی بە سپۆنسەری كەناڵی كوردماكس میوزیك ئەنجامدراوە، وابڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بڵاو بكرێتەوە".

 

عبدولغفار عبدولا12:34:55

© 2017 Hawler