تشرینی یەکەم 20, 2020

"بەرنامەی "مقۆ مقۆ" دەكەم بە دوا وێستگەی ئەو پەیامەی ساڵانێكە خەریكم لەرێگەی كۆمێدیاوە بیگەینمە میلەتەكەم !"

هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و دراما (مستەفا ئەحمەد) لەمیانەی دیدارێكی دا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" تیشكدەخاتە سەر چەند لایەنێك لە كار و بەرهەمە هونەرییەكانی، بەتایبەتی بەرهەم هێنانی بەرنامەیەكی تەنز و كۆمێدی بۆ كەناڵی سپێدە، كە ئەو بەرنامەیە لە ئێستادا دەنگدانەوەیەكی زۆری لە نێو جەماوەر و بینەردا پەیدا كردووە، لە بارەی بەشداریی كردنی لەو بەرنامەیەو ئامانجی دروستكردنی ئەو بەرنامەیە بەم شێوەی بەم شێوەیە هاتە ئاخاوتن و دەڵێت.

 

لەبارەی بەرهەم هێنانی كاری درامای كوردی، بەتایبەتی نەبوونی ڕێژەیەكی باش لەبەرهەمی خۆماڵی و هاتنە پێشەوەی رێژەیەكی بەرچاو لە درامای بیانی هونەرمەند (مستەفا ئەحمەد) دەڵێت : "لە ئێستادا زۆربەی كەناڵەكان ئەوەندەی لەخەمی ئەوەدان خزمەتی درامای (توركی، فارسی، كۆری و هیندی) بكەن، چارەگی ئەوە لەبیری درامای كوردی بوونایە دڵنیام لە ئێستادا حاڵی درامای كوردی ئاوا نەدەبوو!، چونكە بەڕاستی لە ئێستادا سەرجەم دراما بیانییەكان بەجارێك داگیری كردوین!، كە جێگەی شەرمە كەناڵی وامان هەیە لەم كوردستانە ئەوەندەی درامای بیانیان كردووە، نیو ئەوەندە كەناڵە توركییەكان نەیان توانیووە خزمەتی درامای خۆیان بكەن!، یان بە جدی لە ئێستادا بەشێك لە كەناڵەكانمان هەر دەڵێی سوێندی یاساییان خواردووە، تاوەكو لە خزمەتی درامای (توركی، فارسی، كۆری و هیندی دابن)!".

هونەرمەند (مستەفا ئەحمەد) هەر لەمبارەیەوە روونتر گوتی : "من پێم وایە درامای كوردی لە حاڵێكدایە بەڕاستی جێگەی دڵ پێسووتانە، دیارە ئەو دڵ پێسووتانە مانای ئەوە نیە خەڵكی بێت و خێرمان پێ بكات!، بەڵام بەداخەوە لەنێو زیاتر لە (40) كەناڵی ئاسمانی حاڵی درامای كوردی بەم شێوەیە بێت، بەڕاستی جێگەی داخ و كەسەرە، چەندیین كەناڵ هەیە شەو رۆژ خزمەتی درامای بیانی دەكەن، بە مەرجێك ئەو وڵاتانە هیچ پێویستیان بەو نیە ئێمە سەیری درامای ئەوان بكەین، چونكە ئەوان بۆ خۆیان و بۆ بینەری وڵاتی خۆیان بەرهەمیان هێناوە، كەچی سەیر دەكەی كەناڵە كوردییەكان كێ بڕكێ دەكەن، لەسەر ئەوەی كامەیان دراماییەكی توركی و فارسی و كۆری (ئێكس پایەر) نیشانی بینەری كورد بدات، كە دەڵێم (ئێكس پایەر) واتە مەبەستم ئەوەیە دراما هەیە لە وڵاتان بەر لە دە ساڵ و پانزە ساڵ بەرهەم هاتووە، كەچی تازە بەسەر بینەری ئێمەی ساغی دەكەنەوە".

 لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا (مستەفا ئەحمەد) لەبارەی بەشداریی كردن و دەركەوتنی لە پرۆگرامی (مقۆ مقۆ) گوتی: "ماوەی لە ساڵێك و چەند مانگێكە لەرێگەی بەرنامەیەكی تەنز و كۆمیدی، لە ژێر ناوی (مقۆ مقۆ) لە رێگەی كەناڵی ئاسمانی (سپێدە) جارێكی دیكە گەڕاومەتەوە لای بینەران و جەماوەرەكەم، چونكە زۆر پێم دەڵێن بۆچی دەرناكەوی و دیار نیت، دیارە من لە ساڵی (2014) لە رێگەی بەرنامەی (چایخەكەی وەستا عەلی) توانیم كارێكی باش لەدوای بە جێهشتنی (بەرنامەی بەرنامە) پێشكەش بەینەران بكەم لەرێگەی كۆمپانیای (بابیلۆن میدیا)ـو ئەوانیش لە رێگەی كەناڵی كۆرەك پەخشیان دەكرد، بەڵام بەداخەوە لەبەر شەڕی شومی تیرۆستانی داعش بەرنامەكە تەمەنی درێژ نەبوو!، بەرنامەی "مقۆ مقۆ" دەكەم بە دوا وێستگەی ئەو پەیامەی ساڵانێكە خەریكم لەرێگەی كۆمێدیاوە بیگەینمە میلەتەكەم!، سوپاس بۆ خوا لە ئێستادا مقۆ مقۆ بووە بە مایەی رەزامەندی بینەران و جەماوەری هونەر دۆست لە كوردستان".

لەبارەی ناورۆكی بەرنامەكەو ئامانجیان لە پێشكەشكردنی بەرنامەكە بەم شێوەیە (مستەفا ئەحمەد) روونی دەكاتەوەو دەڵێت : "من نزیكەی (60) ساڵە خەریكی نواندنم دەتوانم بڵێم نیوەی ئەو تەمەنەم داوە جۆرە بەرنامانە، لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەكانەوە، لە رێگەی بەرنامەی (كەشكۆڵ) و پاشان (بەرنامەی بەرنامە) هاوڕێ لەگەڵ پۆلێ لە هونەرمەندانی هاوڕێم، ئەو بەرنامانە بەشێوەیەكی باش پێشكەشی بینەرانمان كردووە، هەبوونی ئەو جۆرە بەرنامانە گرنگی خۆی هەیە، چونكە ئەو رەخنەو پێشنیارانەی ئێمە لە رێگەی كۆمیدیایەوە دەیگەینین باوەڕ بكەن سیاسیەكان و جەماوەریش زۆر بەلایەنەوە خۆشەو قەبوڵیانە، بەرنامەیەكی وەكو (مقۆ مقۆ) لەسەدان نووسینی پڕ لە تەشهیری ماڵپەر و سایتە ئەلكترۆنیەكان، هەروەها بەرنامەی سیاسی و دیمانەی بەرپرسەكان و ئەندام پەرلەمانەكان هێزی زیاترە و باشتر گوێی بۆ دەگیرێت، چونكە بەڕاستی بەرنامەی كەناڵە سیاسیەكان هەریەكەو بەیاری خۆی دا هەڵدەڵێت و كەس نیە بە دڵسۆزی رەخنەیەكی بنیاتنەر بگرێت و پەنجە لەسەر ئازارەكان دابنێت، ئێمەش لەگەڵ كەناڵی سپێدە لەسەر ئەوە رێكەوتوین لەم بەرنامەیەدا ناوزڕاندن و قسەی نابەجێ بەهیچ شێوەیەك نابێت بكرێت، ئەوانیش بەو شێوەیە لایان گرنگە ئێمەی هونەرمەندانی بەشداربووی (هەولێر و سلێمانی) دەمانەوێ پەیامێكی تازە پێشكەشی بینەرانی كوردستان بكەین!".

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

© 2017 Hawler