تشرینی یەکەم 20, 2020

رۆژ كەریم: لە 30 ساڵی رابردوودا كارە هونەرییەكانم لەسەر ئەرك و گیرفانی خۆم بەرهەم هێناون

رۆژ كەریم لەدیدارێكدا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" ئاماژە بۆ چەند لایەنێك لەكارە هونەرییەكانی دەكات، لەوانە هەبوونی كۆمەڵێك بەرهەمی گۆرانیی تازەی خۆی، وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەكات نایەوێ بەشێوەی ئەلبووم و سیدی بڵاوییان بكاتەوە، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات  ئێستا رەوشی گۆرانیی كوردی تووشی بێسەروبەرییەكی خراپ هاتووە، بەجۆرێكە پەروەردەبوونی ئەو نەوەی ئێستا گۆرانی دەڵێن بەو شێوەیە دەبێتە كارەساتێك گۆرانیی كوردی بەرەو ئاقارێكی خراپ دەبات!، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ڤایرۆسی كۆرۆناش بەشی خۆی گورزی خۆی لە رەوشی هونەری لە كوردستان وەشاند!.

 

لەسەرەتای قسەكانیدا هونەرمەند  رۆژ كەریم لەبارەی هەبوونی بەرهەمی تازەی  رایگەیاند:  "لە سەرەتای هاتنی شەپۆلی ڤایرۆسی كۆرۆنا گۆرانییەكم بۆ شاری سلێمانی بە تایبەتی و كوردستان بەگشتی بڵاو كردەوە، لە گۆرانییەكەدا نزای ئەوەم كردبوو خوای گەورە وڵات بپارێزە لەم ڤایرۆسە، بەرهەمێكی سادەو ساكار بوو لە رووی میوزیك و تۆمار كردنەوە، مەبەستم بوو پەیامێكی مرۆڤانە بگەیەنم!، ئەگەرچی بەداخەوە ڤایرۆسی كۆرۆناش بەشی خۆی گورزی خۆی لە رەوشی هونەری لە كوردستان وەشاند!".

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا هونەرمەند ئەوەشی گوت: "جگە لەو بەرهەمە چەند

گۆرانییەكی دیكەم ئامادەیە، بەڵام نامەوێ بەشێوەی سیدی یا ئەلبووم بڵاویان بكەمەوە، چونكە ناكرێ بەو شێوەیەو بە درێژایی زیاتر لە  30 ساڵ لە كاری هونەری هەر لەسەر گیرفانی خۆمان گۆرانی بەخێو بكەین، لە هیچ میلەتێكی ئەو سەرزەمینە نەبووەو ناشبێت هونەرمەند خۆی كاری هونەری  بكات و هەر خۆشی هونەرەكەی لەسەر گیرفان و قووتی ماڵ و مناڵی گۆرانییەكانی و ڤیدیۆ كلیپەكانی بەرهەم بهێنێت، بۆیە واباشترە گۆرانییەكانم بەشێوەی تاك لەمەودوا بڵاو بكەمەوە!".

لەبارەی ئاستی هونەری گۆرانیی كوردی، بەتایبەتی ئەو یەكێكە لەو هونەرمەندانەی دەمێكە خەریكی هونەری گۆرانیگوتنە، ئایا لەچاو گۆرانیگوتنی جاران پێشكەوتنی پێوە دیارە؟ لە وەڵامدا  رۆژ گوتی: "جاران هونەری گۆرانی كوردی هونەرێكی داماو بێكەس بوو، لەنێو چەندیین دژواری نەهەماتی و لەسەر گیرفانی خودی هونەرمەندەكان كاری بۆ دەكرا و بەرهەم دەهاتن!، بەڵام هونەرێكی ئاستبەرز بوو، ناسنامەیەكی هەڵگرتبوو تا ئێستاكەش گوێگر شانازی بەو سەردەمەوە دەكات!، هەروەها جاران گۆرانی لەبەر ئەوە بەرهەم نەدەهێنرا بۆ ئەوەی تەنها بەرهەمێكت هەبێت و لەسەر شاشە بیت، نەخێر بەڵكو هونەر لە پێناوی هونەر دەكرا و هیچی تر، ئێمە لەسەرەتای ساڵانی  2001 و 2002 بەتایبەتی لە وڵاتی سوید كاتێكی گۆرانییەكمان لەستۆدیۆ تۆمار دەكرد، بۆچوونی چەندین هونەرمەندی لەخۆمان بە ئەزموونترمان و شارەزاتر وەردەگرت، ئینجا لە روومان دەهات بڵاوی بكەینەوە، زۆر كەس هەبووە دەنگیشی خۆشبووە و خاوەنی بەهرەیەكی زۆر چاك بووە، بەڵام ترساوە لەوەی بێتە نێو گۆڕەپانەكە و گۆرانییەك تۆمار بكات، كەچی ئێستاكە زۆر سەیرە هەموو رۆژێك لە خەو هەڵدەستی بەر لەوەی هەواڵێكی تازەی دونیا یاخوو د وڵاتەكەی خۆت بزانی، كەچی سەیر دەكەی چەند ڤیدیۆ كلیپێك بە دوای یەكدیدا ریز كراون و لەكەناڵەكان پەخش دەكرێن!، نازانم كەسێك نیە پێیان بڵێت ئەرێ بێزەحمەت ئێوە گۆرانی بۆ كێ دەڵێن؟!".

هەر لەمبارەیەوە   رۆژ كەریم روونتر گوتی:  "بەداخەوە لەنێو ئەو شەپۆلە دەنگبێژ و گۆرانیبێژەی پەیدا بووە، كارێكی وایان كردووە، سەریان لە گوێگریش شێواندووە، ئەگەرچی من پێم وایە گوێگری ئێستا وشیار و بە ئاگایە، بەڵام پێوستە ئەوەش بڵێم دەزگا راگەیاندنەكان بەتایبەتی تیڤیەكان رۆڵێكی باڵایان هەیە، لە شێواندنی ئەو رەوشەی ئێستا لە ئارادایە، چونكە هەر كاتێك فلتەر نەبوو بۆ هەر شتێك یا بۆ هەر كارێك ئیدی ئەو كارە شێوەیەكی باو وەردەگرێت و دەبێتە دیاردە، بۆیە هیوادارم دەزگا راگەیاندنەكان فلتەرێك سانسۆرێكی هونەری دابنێن، چونكە پەروەردە بوونی ئەو نەوەی ئێستا گۆرانی دەڵێن بەو شێوەیە دەبێتە كارەساتێك گۆرانیی كوردی بەرەو ئاقارێكی خراپ دەبات!، ئومێدم وایە گۆرانیی كوردی چیتر بەو ئاستە نەبینم، چونكە زۆر  ڕاشكاوانە دەڵێم گۆرانیی كوردی لەرووی ناوەرۆكەوە، بەتایبەتی لە ئاواز و تێكست ئەوەندە لاوازە جێگەی بەزەییە

 

 عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

© 2017 Hawler