تشرینی یەکەم 01, 2020

هونەرمەندی گەورە سابـیر كـوردستانی كۆچی دوایی كرد

عبدولغەفار عبدولە

 

هونەرمەندی گەورەی كورد سابیر كوردستانی، دوای نزیكەی دوو هەفتە تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا شەوی 10/8/2020 لە نەخۆشخانە لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد. هونەرمەند سابیر كوردستانی خاوەنی تایبەتمەندی و ستایلێكی جوانی تایەت بەخۆی بوو لە هونەری گۆرانی وتندا، ئەو هونەرمەندە خاوەنی دەیان شاكاری گۆرانیی جوانە. ئەو هونەرمەندە لە ناسنامەدا ناوی سابیر محەمەد ئەحمەدـە، ساڵی 1955 لە شاری كەركووك لەدایك بووە، بە مناڵی بەهۆی بەكارهێنانی دەرمان بە هەڵە چاوەكانی لەدەست داوە، ساڵی 1970 دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە. ساڵی 1971 یەكەم گۆرانیی بۆ تەلەفزیۆنی كەركووك تۆمار كردووە. هونەرمەند سابیر كوردستانی بەشێكی زۆر لە گۆرانییەكانی خۆی ئاواز و تێكستی بۆ نووسیووە، لە زۆربەی دیدارە رۆژنامەوانییەكانی دا دەیگوت من زۆربەی گۆرانییەكانم چیرۆك و باسی سەربردەی ژیانی خۆمە، بۆیە زۆربەیان خۆم هۆنراوەم بۆی نووسیووە، ئەو هۆنراوانەی كە ئی شاعیری دیكەش بوون كردوومن بە گۆرانی، خۆم تێیدا دۆزیوەتەوە بۆیە بۆ گۆرانی هەڵمبژاردوون.

هونەرمەند سابیر كوردستانی ماوەی چەند ساڵێكە لە شاری سلێمانی دەژی، بەڵام وەسیەتی كردبوو، كاتێك مردم لە شاری كەركووك بمنێژن، بۆیە دوێنی سێ شەممە 11/8/2020 تەرمەكەی لەشاری سلێمانییەوە گەیەندرایەوە شاری كەركووك و لە گۆڕستانی رەحیم ئاوا بە خاكیان سپارد.

دوایین بەرهەمی گۆرانیی ئەو هونەرمەندە لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا بوو، گۆرانییەكی كۆنی خۆی دووبارە تۆمار كردەوە، بەناوی "لە دوورەوە ناوت بیستووم" كە ساڵی 1991 تۆماری كردبوو و ویستی بەشێوەیەكی باشتر و بە كوالێتیەكی بەرز تۆماری بكاتەوە. ئەو گۆرانییە هۆنراوەی عەبدوڵڵا پەشێوـی شاعیرە، ئاوازەكەیشی خۆی دایناوە.

 

© 2017 Hawler