ئاب 08, 2020

ناز ساڵح: هونەر نەبووە بە کلتوور لە وڵاتی ئێمە

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

دەرهێنەر و شانۆکار ناز ساڵح دانیشتووی سلێمانییە. تا ئێستا خاوەنی چەندین کاری شانۆییە و دەرهێنانی بۆ فیلمیش کردووە. وەک خۆی لەو دیمانەیەی بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ،" هونەر نەبووە بە کلتوور لە وڵاتی ئێمە.

لەسەر چالاکییە هونەرییەکانت بدوێ؟
بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە ھونەری نواندن و بڕوانامەی ماستەرم لە فیلمسازی لە وڵاتی بەریتانیا هەیە،
سەرۆکی کۆڕی شانۆیی "با"م،
وەکو ئەکتەر لە بواری شانۆ و سینەما کار دەکەم، وەکو دەرھێنەر لە بواری فیلمدا کار دەکەم،
کارە شانۆییەکانم کە وەکو ئەکتەر بەشداربووم نزیکەی ١٠ کار دەبێت،
تا ئێستا کاری دەرھێنانم بۆ ٤ فیلمی فیکشن و ٢ فیلمی دۆکیومێنتەری کردووە، لە ٨ فیلمی کورت و درێژدا وەکو ئەکتەر رۆڵم بینیوە. وەکو یاریدەدەری دەرھێنەرو تەکنیکار زیاتر لە٣٥ فیلم بەشدار بووم لە دەرەوەو ناوەوەی وڵات،
ھەندێک لە فیلمەکانم بەشداری زیاتر لەزۆرێک لە فێستیڤاڵە جیھانییەکانی کردووە.

 باس لە گرینگیی شانۆ بکە؟
وتەیەکی باو ھەیە دەڵێ (نان و شانۆم بدەرێ گەلێکی ھۆشیارت دەدەمێ) ئەمە دەلالەتێکی زۆر ڕوونە، شانۆ لە رێگەی تێڕوانینی هونەرمەند بۆ ژیان و چڕبوونەوەی لە رەهەندە کۆمەڵایەتیەکان و ھەوڵدان بۆ هەلومەرجێکی بونیادنەرتر، دەتوانێت هۆشیارانە لەسەر زۆربەی کۆمەڵگا کاریگەری دانێت. بێجگە لەوە شانۆ وەکو یەکێک لەدەسەڵاتە مەعریفیەکان دادەنرێت.

هونەرمەندی راستەقینە کێیە؟
ھونەرمەندی راستەقینە ئەو کەسەیە لەگەڵ قۆناغەکەی خۆیدا دەژی و دابڕاو نیە لە کارەسات و مەینەتیەکانی کۆمەڵگاکەی، ھەروەھا ئەفراندن و خەڵق کردن دوو باڵە سەرەکییەکەی ھونەرمەندی راستەقینەن.

 تۆ شانۆکارێکی باشی یان سینەماکارێکی باش؟
چ سینەما بێت یاخود شانۆ کە من لەم دوو کایەیەدا کار دەکەم، بەڵکو ھونەر بە گشتی دەربڕینی زاتی مرۆڤە، بۆ وەڵامی ئەوەی باشم یان خراپم ئەوە بینەر دەتوانێت ئەو وەڵامە بداتەوە.

دەرهێنەرێکی باشی یان ئەکتەرێکی باشی؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەت ھەمان وەڵامی پرسیاری پێشوم ھەیە بۆت، من ناتوانم خۆم هەڵسەنگێنم ئایا باشم یان خراپ، بەڵکو تەنھا ئەو بەرێزانەی کارەکانم دەبینن حەقی ئەو هەڵسەنگاندنەیان ھەیە.
جیاوازیی شانۆ و سینەما ڕوون بكەوە؟
خاڵی لێکچوویان ئەوەیە ھەردووکیان ھونەرن، ھونەری شانۆ لەگەڵ ھونەری سینەما دوو زانستن تەواو لەیەکتر جیاوازن لە ھەموو رووەکانەوە. جیاوازیان ھێند زۆرە ناتوانین لێرەدا بە چەند دێرێک باس بکرێت، پەیوەندی بە ھەموو پێکھاتەکانیانەوە ھەیە چ لە نواندن و دەرھێنان و دیکۆر و دەق و تا دوایی، ڕاستە سینەما لە ھەندێک حاڵەتدا سودی لە شانۆ وەرگرتووە، بەڵام لە فۆرمێکی سینەماییدا دارێژراوەتەوە.

 بۆچی زۆرینەی هونەرمەندان بێزارن لە هونەر بە گشتی لەم وڵاتەدا؟
ھونەر و ھونەرمەند لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جێگەی بایەخ نین، ئەمەش تەنیا لە نێو کایە کۆمەڵایەتیەکەدا رەنگی نەداوەتەوە، بەڵکو ئەگەر وورد بینەوە دەبینین حکوومەتیش ئەو گرنگیەی نەداوە بەو سێکتەرە، لەلایەکی ترەوە ھونەر لەم ھەرێمەی ئێمەدا نەبووە بە بژێوی بۆ ھونەرمەند، بەڵکو ھونەرمەند دەبێ کارێکی تری ھەبێت بۆ بژێوی، لەسەروو ھەموو ئەمانەشەوە ھونەرمەند بە سواڵ و قەرز و کەموکورتیی بوودجەی ئیشە ھونەرییەکانی پەیدا دەکات، لە لایەکی ترەوە ھیچ یاسایەک نیە کە مافی ھونەرمەند پارێزراو بکات یاخود بودجەی ھونەری بەشێوەیەکی باش رێک بخات، ئەمانە و چەندەھا شتی تریش ھۆکارن.

تۆ بە چ فەلسەفەیەکەوە هونەر دەکەی؟
ھونەر داهێنانێکی مرۆییە کە مەبەست و ئاکامی ئاراستەکردنی جوانییە، من وابەستم بەو تیۆرەی ھیگڵەوە کە
ھونەر ھەڵقوڵاوی رۆحی مرۆڤە، بەڵکو حاڵەتێکی ڕوحیە لە رێگەی ھەست و ویژدانەوە خۆی وێنا دەکات.

بۆچی بینەری شانۆ و سینەما کەمە؟
یەکەم لەبەر ئەوەی ھونەر نەبووە بە کلتوور لای ئێمە، دووەم تا ئێستا نەتوانراوە برەو بە بەبازاڕکردنی کارە ھونەریەکان بدرێت، مەبەستم لەوەیە کە چۆن بتوانین بینەر رابکێشیتە نێو ھۆڵی نمایشەوە، لە سەروو ئەمانەشەوە کاری باش بکرێت بینەری باشی دەبێت، وەکو لەم چەند ساڵەی پێشوودا ھەندێک کاری باشمان بینی کە بینەری باشی ھەبوون چ لە شانۆ یاخود لە سینەمادا.

کاری دەرهێنانت بۆ فیلمێکی سینەمایی کردوە بەناوی unborn، لەسەر ئەم فیلمەت بدوێ؟
ئەم فیلمە بەرھەمی وەزارەتی رۆشنبیریە، لە نووسینی ئاوات عوسمانە، پرۆدیوسەری فیلمەکە دانەر عومەر کردوویەتی، ئەم فیلمە باس لە گرفت و ژیانی دوو ژنی یەزیدی دەکات لە دوای رزگاربوونیان لە دەستی داعش.

© 2017 Hawler