ئاب 08, 2020

بەختیار ساڵح: ژیانی هونەرمەند هەمیشە لەنێو خاك و وڵاتی خۆی باشترە!

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

 

هونەرمەندی گۆرانیبێژ بەختیار ساڵح ساڵانێكی زۆرە خەریكی گۆرانیگوتنە، بەتایبەتی لە بواری گۆرانیی هەڵپەڕكێدا خاوەنی تایبەتمەنی خۆیەتی، لەمیانەی دیدارێكی بۆ خوێنەرانی "هەولێر" تیشكدەخاتە سەر چەند لایەنێك لەكارە هونەرییەكانی و بەتایبەتی ئەو دوورەپەرێزیەی لە راگەیاندن و هەروەها كار و بەرهەمی تازەی هونەری، هەروەها ئەوەش دەخاتە روو هەر بارودۆخێك دێتە پێشەوە ناهێڵن بەرهەمە تازەكەم بڵاو بێتەوە!، ئەمجارەش ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە بەربەست لە دواخستنی بڵاوكردنەوەی بەرهەمە تازەكەم.

لەدەستپێكی قسەكانیدا هونەرمەند بەختیار ساڵح لەبارەی دوورە پەرێزی لە راگەیاندكان گوتی: "دوورییەكەم پەیوەندی بە چەند هۆكارێك هەبووە، لەوانە من ماوەیەك خەریكی راهێنان بووم لەسەر چەند ئامێرێكی میوزیك و ریتم، لەگەڵ چەند بابەتێكی تایبەت بەكارە هونەرییەكانم، جگە لەوانەش حەزم نەكردووە لە هەموو راگەیاندنێك بەتایبەتی لە تیڤیەكان دەربكەوم، ئەویش بەهۆی ئەوەی پێم وایە دەركەوتنی هونەرمەند پێویستە لە پێگە و جێگەی خۆی بێت، واتە بۆ هونەرمەندان دەركەوتن لە كەناڵێكی هونەرییەوە بە گرنگ و باشتری دەزانم، لەگەڵ رێزم بۆ سەرجەم كەناڵەكانی كوردستان، كە ئەوانیش خزمەتی باشیان كردووە، لەبەرامبەر ئەوانەشدا پێویستە ئەو كەناڵانەی بۆ هونەر و هونەرمەندان كاری باشتر بكەن".
هونەرمەند لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی بەشداریی لە ئاهەنگەكانی و بەردەوامبوونی لەدەركەوتنی لە ئاهەنگ و بۆنەكاندا بەم شێوەیە روونی دەكاتەوە و دەڵێت: "من لە سازكردنی ئاهەنگ و بۆنەكاندا هەم، بەڵام بەو شێوەیەی، كە خۆم بە چاكی دەزانم، واتە روونتر دەمەوێ ئەوە بڵێم من نامەوێت بچم بۆ هەموو ئاهەنگ و بۆنەیەك، ئەگەر بابەتەكە شتێكی باش و جێگەی سەرنج نەبێت، جگە لەوانەش كوالێتی كار و شوێنەكەش پێویستە لەبار بێت بۆ ئەوەی گۆرانی بە چاكی بڵێت و دڵی ئەو خەڵكە خۆش بكەیت، ئەگەرچی  ئێستا ماوەی چەند مانگێكە بە هۆی شەپۆلەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەموو جۆرە ئاهەنگێك وەستاوەو ئەم ڤایرۆسە ئەوەشی نەهێشت!".
 بەختیارـی هونەرمەندی گۆرانیبێژ لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەربارەی نەبوونی بەرهەمی تازەی گۆرانی روونی كردەوە و گوتی: "بەرهەمی تازەم زۆرن بەڵام دەرفەتی بڵاوكردنەوەم نەبووە، ئێستاش چەند بەرهەمێكم ئامادەیە لە چوار چێوەی ئەلبوومێكدا ئامادەم كردووە، ئەگەر كۆمپانیایەك هەبێت بتوانێ بڵاوی بكاتەوە ئەتوانم بیخەمە بەردەستی گوێگرانم، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاكە من 2 جارە خۆم ئامادە دەكەم شانسی ئەوەم نیە ئەلبوومەكە بڵاو بكەمەوە، بەر لە سێ ساڵ ویستم بڵاوی بكەمەوە شەری نەگریسی داعش رووی لە كوردستان كرد، ئەمساڵیش ویستم نەورۆزێ بڵاوی بكەمەوە، بەداخەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو بە ڕێگر و جارێكی دیكە بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەكەمی دوا خست!".
 بەختیار ساڵح لە بارەی بەرەو پێشچوونی ستایلی گۆرانیی هەڵپەڕكێی كوردی بەرەو چ ئاستێك رۆیشتووە؟ لەوەڵامدا گوتی: "گۆرانیی هەڵپەڕكێ لەرووی كوالێتی تۆمار كردنەوەو كاری میوزیك، یاخوود دەتوانین بڵێن لەرووی ڤیدیۆ كلیپەوە بەرەو پێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینووە، بەڵام لە رووی ناوەرۆكەوە بەتایبەتی تێكستی گۆرانی بەداخەوە بەرەو خراپی رۆیشتووە، پێشكەوتنی بەخۆیەوە نەبینووە!، ئەگەرچی نابێ هەمووی بەیەك چاو سەیر بكەین، چونكە هەندێك هونەرمەندی باشمان هەیە لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و رۆژهەڵاتی كوردستان چەند هونەرمەندێكی ئاست بەرز و توانیویانە هۆنراوەی چاك و ئاوازی جوان دەست نیشان بكەن بۆ گۆرانیی هەڵپەڕكێ، دیارە ستایلی گۆرانیی هەڵپەڕكێ یەكێكە لە ستایلە دیارەكانی كۆڕی هونەری گۆرانیی كوردی، پێویستە بایەخی زیاتری پێ بدرێت".
هونەرمەند بەختیار ساڵح لەبارەی مانەوەی لە كوردستان و نەگەڕانەوەی بۆ هەندەران گوتی: "بەڕای من ژیانی هونەرمەند هەمیشە لەنێو خاك و وڵاتی خۆی باشترە، چونكە تۆ لەنێو خەڵك و جەماوەری خۆت دەتوانی باشتر و تەنانەت چالاكتر خەریكی كارە هونەرییەكانت بیت، منیش دوای ئەوەندە ساڵە دوورییە پێم باشبوو، بڕیاری ئەوە بدەم بەیەكجاری بگەڕێمەوە بۆ كوردستان، ئێستاش بەیەكجاری لە كوردستانم هیوادارم جارێكی دیكە ژیانی تاراوگە هەڵنەبژێرمەوەو لە نێو خاك و شاری خۆم درێژە بەكارە هونەرییەكانم و ژیانی خۆم بدەم".

© 2017 Hawler