ئاب 08, 2020

سینەماكار (دانا كەریم): بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (كۆرۆنا) كاریگەریەكی زۆری كردۆتە سەر جووڵانەوەی سینەما

سەرهەنگ غەریب - هەولێر

 

كورتە فیلمی (دوورگەی مرواری-pearl island) لە سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەندی سینەماكار (دانا كەریم)، لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتیەكانی، لە فێستیڤاڵی THE 15TH EDITION OF THE GENEVA INTERNATIONAL ORIENTAL FILM FESTIVAL لە شاری (جنیڤ) ـی وڵاتی سویسرا، خەڵاتی زێڕینی The FIFOG DOR 2020 وەرگرت، كە فێستیڤاڵەكە ڕۆژانی (8 تا 14/6/2020) بەڕێوە چوو.

لەمبارەیەوە دەرهێنەری فیلمەكە (دانا كەریم) بۆ (هەولێر) گوتی: كورتە فیلمی دوورگەی مرواری، لە درێژەی بەشداریكردنی لە فێستیڤاڵە جیهانییەكاندا، مانگی ڕابردوو بەشداریی لە فێستیڤاڵێكی گرنگی سینەمایی كرد، فێستیڤاڵەكە خولی پانزەهەمینی بوو، لە شاری (جنیڤ) ـی وڵاتی سویسرا بەڕێوەچوو، كە‌ ئەمساڵ لەبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە شێوەی ئۆنلاین بوو، لە ئەنجامدا فیلمەكەم لە یەكێك لە بەشەكانی فێستیڤاڵەكە خەڵاتی زێڕینی وەرگرت، بەمەش ئەمە چوارەم خەڵاتیەتی (دوورگەی مرواری) بەدەستی دەهێنێت.
 سەبارەت بەوەی (هەستی چۆنە كە لە فێستیڤاڵێكی لەم جۆرە خەڵاتی بەدەست هێناوە؟) ڕایگەیاند: هەر فیلمێكی كوردی هەر هونەرمەندێكی كورد، لە هەر فێستیڤاڵێك بەشدار بێت دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ ئێمەی كورد، بەمەش شوناسی سینەمای كوردی پێ بەدەست دەهێنین.
هاوكات سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی (ڤایرۆسی كۆرۆنا تاچەند كاری كردۆتە سەر بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی و چاڵاكیە سینەماییەكان لە كوردستان و دونیای دەرەوە؟) ئاماژەی بەوە دا: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (كۆرۆنا) كاریگەریەكی زۆری كردۆتە سەر جوڵانەوەی سینەما، ئێستا زۆرێك لە بەرهەمهێنانی فیلم ڕاگیراوە، زۆرێكیش لە فێستیڤاڵەكان ئەنجام نەدراوە و دواخراوە، زۆر فێستیڤاڵ لەبەر تێكەڵاو نەبوون بە ئۆنلاین كراوە، ئەمەش كاریگەری هەیە لەسەر سینەما وەكو هونەرو سینەما یاخود وەكو چێژ و بزنس.
جێگەی ئاماژە پێدانە: ئەم فیلمە پێشتر لە فێستیڤاڵی (Eurasia International Monthly Film Festival) لە وڵاتی ڕووسیا، خەڵاتی (باشترین فیلم)ـی وەرگرتووە، هەروەها لە فێستیڤاڵی ( 12 months international film festival ) لە وڵاتی ڕۆمانیا، خەڵاتی (باشترین سیناریۆ)ـی وەرگرتووە، لە فێستیڤاڵی (The Buddha International eilm festival) لە وڵاتی هندستان، خەڵاتی (باشترین سیناریۆ)ـی وەرگرتووە، لەگەڵ نمایشكردن و بە دەستهێنانی بڕوانامەی بەشداریكردنی چەندین فێستیڤاڵ لە وڵاتە جیاجیاكان.
كورتە فیلمی (دوورگەی مرواری- pearl island)، گەڕانی زوومی كامێراو خەونی ئەكتەرانە لە نێو دوورگەیەكدا كە مروارییەكانی ئەو جەنگاوەرە نەبەردانەن كە لە بەرامبەر شەپۆلی چەتەكانی داعش بە ئازاییەوە وەستاون، بە شوێنكەوتن و وێناكردنی ئەو كچانەیە كە لەسەر خاكی خۆیان سنگی خۆیان كردۆتە قەڵغانی بەرگری لە نیشتمان و بست بە بستی نیشتمانی دایك لە چەتەكان پاك دەكەنەوە.
جێگەی باسە: ئەم بەرهەمە بۆ ناساندنی ئەو كچە شەڕڤانانەیە كە ڕووبەڕووی دوژمنانی داعش جەنگان و پارێزگاریان لە وڵات و جیهانیش كرد، كە باس لە بەرگری و قارەمانیەتی كچانی كوردی شەڕڤان دەكات بەرامبەر ئەو هێزە تاریكانەی ویستیان كوردستان داگیر بكەن.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: ئەم كورتە فیلمە بەرهەمی هاوبەشی نێوان (كۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت و بەڕێوبەرایەتیی هونەری سینەمای سلێمانی)ـیە، لە نواندنی هەریەكە لە (سۆما قاسم و سۆنیا ئاوات و گوڵان بەكر و ژیان فرانكویس و نەوشیروان غەریب و مەریوان عومەر)ـە، لە ساڵی (2016) بە بوودجەیەكی كەم بەرهەم هاتووە.

© 2017 Hawler