نیسان 24, 2018

سەید محەممەد سەمەدی

 

لە کتێبی «ئاوڕێک وە سەر مێژووی مەهاباد»دا، کاتی خۆی ئاماژەیەکی کورتی ژیانی مەنیج حەیرانم کرد[١]، هەر چەند زانیارییەکە کەم بوو، بەڵام پێم حەیف بوو لە مێژووی مەهاباددا، ئەگەر زۆر بە کورتییش بووبێ، باسێک لەو ژنە هونەرمەندە نەکرێ. پاشان کاک هاشمی سەلیمی لە وتارێکدا تیشکێکی تری خستە سەر ژیانی ئەو هونەرمەندە[٢]. بە لوتف و دڵفراوانیی دۆستی بەڕێزم کاک ئەییووب خاجەوی، بەرپرسی ئیدارەی ئەوقافی شاری مەهاباد، توانیم دەستم وە چەند بەڵگەیەکی بەنرخ ڕابگا کە پێوەندییان بە ژیانی ئەو خاتوونە هونەرمەندەوە هەیە. سپاسی ئەو برا خۆشەویستە دەکەم و وە بیر دێنمەوە کە بەڕێزیان لە ڕێگەی ڕێکوپێک کردنی بەڵگەنامەکان و پێشینەی ئەوقافی شاری مەهاباد، خزمەتێکی گرینگی بە ساغکردنەوەی مێژووی ئەم ناوچەیە کردووە، کە لە داهاتوودا ئەم کارەی بەڕێزیان ڕووناکییەکی زۆر دەخاتە سەر لایەنە تاریک و شاراوەکانی مێژوومان. ئەم خزمەتەیان شایستەی سپاس و پێزانینە و هیوادارم وێنەیان زۆر بێ.

لە دانیشتنی دۆستانەی ڕۆژی چوارشەممۆ، 20ی خەزەڵوەری 1388 لە ئیدارەی ئەوقافی مەهاباد، بۆم دەرکەوت کە خاتوو مەنیج حەیران خانووبەرەی خۆی کردووەتە وەقفی «خانەقای شێخ حیسامەددین» و «مزگەوتی حاجی ئەحمەدی لەشکری» کە هەر دوو بینا لە شاری مەهاباد و لە حەوشەیەکدا هەڵکەوتوون. ئەو خانوویە بەرهەمی ژیانی پەنجا ساڵەی مەنیج حەیران بووە کە لە گەڕەکی پشتقەڵا و نزیک شەقامی «جامی جەم»ی ئێستا هەڵکەوتبوو. وەقفنامەکە لە سێیەمین ڕۆژی مانگی ڕەشەمەی 1332ی هەتاوی نووسراوە[٣]، کە مەنیج حەیرانیش لە بانەمەڕی هەمان ساڵدا[٤]، لە تەمەنی پەنجا ساڵی، کۆچی دوایی کردووە، واتە وەقفنامەکە دە مانگ دوای مەرگی مەنیج حەیران نووسراوە. لەم بەڵگەنامەیەدا، کاک عەلی سوڵتانی، خوشکەزای مەنیج حەیران، وەسێتی پووری بەجێهێناوە و کاروباری مەوقووفەکەی بە ئەنجام گەیاندووە. مەنیج حەیران کە بە سجیل ناوی «مەنیجە دەفی»یە، 21ی گەلاوێژی ساڵی 1282ی هەتاوی[٥]، لە گوندی «قەمتەرە»ی نێوان مەهاباد و بۆکان لە دایک بووە و لە بانەمەڕی ساڵی 1332 لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کردووە[٦]. خوشکێکی بووە بە ناوی «خەجیج»، کە کاک عەلی سوڵتانی کوڕی ئەو خەجیجەیە و تەنیا میراتگری مەنیج حەیران بووە. «عەلی» کوڕی «خەلیلی سوڵتانی» و هەر دوو دانیشتووی مەهاباد بوون. لە کەوتنە پێوشوێنی کاک عەلی و بنەماڵەی ئەم «سوڵتانی»یە[٧]، لە ڕێگەی لوتف و یارمەتیی دۆستانی بەڕێزم، کاک قاسم ئەڵڵاوەیسی و جەنابی حاجی کەریم کەریمزادە و جەنابی سەید محەممەدئەمینی قادری موکری، کە هەر سێ کەس مەنیج حەیرانیان دیوە، ئاگادار بووم کاک خەلیلی سوڵتانی کە لە مەهاباد بە «خەلیلی قاچاخچی»[٨] و «خەلیلی مەنیج حەیرانێ» ناسراوە، دوو ژنی هەبووە، یەکیان خات خەجیجی خوشکی مەنیج حەیران، کە دەبێتە دایکی ئەم «عەلی»یە. عەلی مامۆستای خوێندنگە بووە و بەر لەوەی ژن و ماڵ پێکەوە بنی، کۆچی دوایی کردووە. لە ژنەکەی تریشی تاکە کچێکی هەبووە کە ئێستا لە ژیاندایە، بەڵام ماڵی لە مەهاباد نیە. بە وتەی بەساڵاچووانی مەهاباد کە مەنیج حەیرانیان لە نزیکەوە دیوە، ئەو خاتوونە هونەرمەندە لە ناو کۆمەڵی ئەو سەردەمی مەهاباددا ڕێزی تایبەتی هەبووە و خەڵک خۆشیان ویستووە. هەرچەند لە کۆمەڵی بچووک و بەستراوی، ئەو سەردەمدا، گۆرانی گوتن و دەفە‌ لێدان و داوەت گێڕان، بەتایبەت بۆ ئافرەت کارێکی ناپەسند بووە، بەڵام کەسایەتی و هەڵسوکەوتی مەنیج حەیران بە چەشنێک بووە کە کەس بە چاوی سووک تەماشای نەکردووە. لەگەڵ زۆربەی پیاوانی سابڵاغ دۆستایەتی بووە و بە ناوی بچووک بانگی کردوون. بەرگ و لیباسی گرانبایی و نائاسایی دەبەر نەکردووە و شێوەی جلوبەرگەکەی ساکار، خاوێن و تایبەت بەخۆی بووە. ئەو کەسانەی لە مەجلیسی مەنیج حەیراندا حوزووریان بووە و ئێستا لە ژیاندان، دەڵێن: دەنگی هەندێ گڕ و بە گوێ خۆش نەبوو، بەڵام بەسەر هەواکاندا زۆر زاڵ بوو. ئەوپەڕی شارەزایی و هونەری خۆی لە گۆرانیی «ئای حەریرە و ئاگر بارانە»دا نیشان دەدا. گرووپی وی پتر ئەو سێ کەسە بوون: برایم هەللامە، کە خۆی گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ و ڕێزدار بوو، قادر ناوێک کە شارەزای ئەو ئامێرانە بوو کە بە فوو لێدەدرێن و ڕەحمانە گۆج کە ئوستادی تەپڵ بوو.

دەقی بەڵگەنامەی مەوقووفەکە، دوو لاپەڕەی فارسییە، کە وێنەی هەر دوو لاپەڕەم کردووەتە پەیوەستی ئەم وتارە و وەرگێڕاویان بە کوردی ئاوایە:

بەڵگەنامەی یەکەم:
لەبەرنووسراوەی بەڵگەی وەقفنامەی ژمارە 6205/6212 – 3/12/1332 لە نێوان ئاغای عەلی سوڵتانی و مزگەوتی حاجی ئەحمەد و خانەقای شێخ حیسامەددین، کە نوور لە قەبری ببارێ.

لە بەرواری ژێروو، ئاغای عەلی سوڵتانی، کاسبکار، خاوەن ناسنامەی ژمارە 163ی دەرچوو لە مەهاباد، کوڕی خەلیل، دانیشتووی مەهاباد، لە خانووی پڵاک 2217، تاکە میراتگری مەنیجە دەفی، بە پێی شایەتنامەی پاوانکردنی میرات بە ژمارە 196ـ ١٠/١٠/١٣٣٢ی[٧] دادگای مەهاباد، لەم دەفتەرخانەیەدا حازر بوون و لە دۆخی تەندرووستی و سڵامەتیی لەشیدا کە سەرجەم دانپێداهێنانەکان و گۆڕانکارییەکانی شەرعی لە لایەن وییەوە لواو و سەلمێنراو بوو، بەبێ نابەدڵی و زۆری، بە ئەوپەڕی ڕازی بوون و حەز و ویستی خۆی، بەروبووی چوار دانگی بەشنەکراو لە شەش دانگ(دوو دانگی جیا و بەشکراو)ی دەستێک خانووبەرەی خاوەن پڵاکی دووی فەرعی، سەر بە 797، لەگەڵ هەشت بەشی جیانەکراوە لە دوازدە بەشی سەر بە سیوشەش بەشی شەش دانگ، گۆڕەپانی دەستێک خانووبەرەی پڵاک 797، کە هەشت بەشی پێشتر باسکراو، پشکی عەلیی ناوبراوە لە گۆڕەپانی خانووی ژمارە 797ی هەڵکەوتوو لە شاری مەهاباد، کە سنوور و پێناسەکانی بەرامبەرە لەگەڵ دۆسیەی پێوەندیدار بەم بابەتە، کە لە ئیدارەی سەبتی شارستانی مەهاباد هەڵگیراوە، لە ڕێگەی خوا و بۆ هەتا هەتا کرایە وەقفی خانەقای حەزرەتی شێخ حیسامەددین، نوور لە قەبری ببارێ و مزگەوتی حاجی ئەحمەد بە نیوەیی، کە هەر دوو هەڵکەوتوون لە شەقامی پەهلەوی، ڕووبەڕووی شارەوانیی مەهاباد، داهاتی ئەو خانووبەرەیە بە چەشنی بەرامبەر بکرێتە خەرجی ئاوەدانی و پێداویستییەکانی خانەقا و مزگەوتی باسکراو. لەم بەروارە بە دواوە مافی هەر چەشنە پێوەندی و خاوەنیەتی و هەروەها دەستتێوەردان و گۆڕانکاری ئەو موڵکەی لە خۆ وەرگرتووەتەوە و ئاغای مستەفا برینجی بە ناسنامەی ژمارە 4810ی دەرچوو لە مەهاباد کوڕی خوالێخۆشبوو ڕەسووڵ، دانیشتووی مەهاباد، بوو بە بەرپرسی مەوقووفەکە و لێپرسراوی کاروباری خانەقا و مزگەوتەکە و بە پێی نامەی ژمارە 1777ـ ١٢/١١/١٣٣٢ی[٨] ئیدارەی ئەوقافی شارستانی مەهاباد موڵکەکەی تەحویل وەرگرت و ڕێوڕەسمە ئاسایییەکانی بە ئەنجام گەیاند و بەڵگەنامەی ئیمزا کرد.

لە ڕێکەوتی سێیەم ڕۆژی ڕەشەمەی 1332ی هەتاوی بەرامبەر هەژدەی جیمادیوسانی 1373ی کۆچی، جێگە ئیمزای سوڵتانی، شوێنی قامکی شادەی دەستی ڕاستی مستەفا، کە ئەمانە دەبنە بەڵگەی دروست بوونی هەموو ئەو دێڕانەی لە سەرەوە نووسراون. لە مێژووی نووسرانی ئەم دەقەدا، ئەم کارانە لە لای من بە ئەنجام گەیشتن. سەید محەممەد ڕەئووفی قازیی موکری. ئەم لەبەر نووسراوەیە دەقاودەقی خودی بەڵگەنامە بنەڕەتییەکەیە. مۆری دەفتەرخانەی ژمارە 3ی مەهاباد.
 خێرەومەند: خاتوو مەنیجە دەفی(مەنیج حەیران)
) وەبرەوخەر: عەلی سوڵتانی، خوشکەزا و تاکە میراتگری مەنیج حەیران

بەڵگەنامەی دووهەم:
لە بابەت وەسێت و وەقفی خاتوو مەنیجە دەفی، ناسراو بە مەنیج حەیران، کە لە نێوان ئیدارەی ئەوقاف و میراتگری خاتوو مەنیجە ناکۆکییەک لەسەر چەندێتی و چۆنیەتیی مەوقووفەکە پێکهاتبوو، دوای گۆڕینەوەی بیروڕا و لێکۆڵینەوەی پێویست، میراتگر کە تاکە خوشکەزایەکە بە ناوی عەلی سوڵتانی، کاسبکار، بە ژمارە ناسنامەی 163ی دەرچوو لە مەهاباد، کوڕی ئاغای خەلیل، بڕایەوە کە ئەوەی وەقف کراوە بریتییە لە چوار دانگ خانووبەرەی پڵاک 797ی مەهاباد و جگە لەمە هیچ شوێنێکی تر لە لایەن خوالێخۆشبوو خاتوو مەنیجەوە وەقف نەکراوە. چونکە ئاغای عەلی ناوبراو بەڵێنی دا پێنج هەزار قڕانیش لە بابەت کەڵکوەرگرتنی [تا ئێستای] لەو چوار دانگە، بدا بە خانەقا و مزگەوتی مەوقووفەپێدراو، ئیدارەی ئەوقاف داوخوازیی میراتگری سەلماند و دووی کارەکەی نەگرت. سا عەلی ناوبراو وە ئەستۆی گرت کە لە دوای جێبەجێ بوونی پاوان کردنی میرات و نووسرانی بەڵگەنامە و وەقفنامەی ڕەسمی، هەر ئەو چوار دانگە بە نێو مزگەوتی حاجی ئەحمەد و خانەقای شێخ حیسامەددین بکا و هەروەها وە ئەستۆی گرت کە پێنج هەزار قڕان تاوانەکەش لە بەرامبەر ڕەسیددا بدا بە بەرپرسانی ئەوقافی مزگەوت و خانەقای باسکراو تا خەرجی ئاوەدانی بکرێ و ئەگەر هاتو لە بەڵێنی لایدا ئەشێ حەوت هەزار تمەن بدا بە ئیدارەی ئەوقاف. ئاغای خەلیل سوڵتانی، کاسبکار، خاوەن ناسنامەی ژمارە 9077ی مەهاباد، هەر بە هۆی ئەم بەڵگەنامەیەی حازرییەوە دەستەبەری لە بەڵێنییەکانی میرزا عەلی کردووە. هەروەها ئەگەر لە دواییدا میراتگرێکی جگە لەمەی ئێستا پەیدا بوو، خودی ئاغای خەلیلی ناوبراو بەرپرسە و دەبێ وەڵامدەرەوەی ئەو کەسە بێ.

مەلا عەبدوڵڵا مودەڕڕیسی/ مەلا محەممەد لاهیجانی/ مەلا سەید هاشمی حوسێنی/ مەلا عەزیزی تەئیید/ عەلی سوڵتانی، میراتگر/ خەلیل سوڵتانی، باوکی میراتگر/ مستەفای برینجی، لێپرسراوی مزگەوت/ کەفیلی ئیدارەی ئەوقافی شارستانی مەهاباد، لەشکری.
+++++++++++++++++++++++
جگە لەم دوو لاپەڕەیە، هەندێ نامە و بەڵگەی تریش لەسەر مەوقووفەکەی خاتوو مەنیج حەیران هەن کە لە ئیدارەی ئەوقافی مەهاباد پارێزراون. بەڵام ئەوەی پێوەندی بە ژیان و ناساندنی پتری مەنیج حەیرانەوە هەبوو هەر ئەم دوو بەڵگەنامەیەی سەروو بوو. ئەم بەڵگانە لەو ڕوانگەیەوە گرینگن کە ژنە گۆرانیبێژێکی دەستەنگ و هەژار، خاوەن دڵێکی وەها گەورە و دەوڵەمەند بووە کە سەرجەمی سامان و دارایی خۆی، کە بریتی بووە لە چوار دیواری خانووبەرەیەک، بە مەوقووفە داوە. سوودی ئەو چەشنە مەوقووفانە تەنیا بۆ مزگەوت نەبووە، بەڵکوو بە پێی ڕێوڕەسمی ئەو سەردەم، هەر کەس لە بڵیند و نەویی ڕۆژگاردا تووشی گرفتێک هاتبێ، لە یەکەم هەنگاودا پەنای بۆ مزگەوت بردووە. نەخۆش، قەرزدار، داماو بۆ چارەی دەردی خۆیان ڕوویان لە مزگەوت کردووە و مزگەوتیش هەر بە هۆی داهاتی ئەو مەوقووفانە دەستگری کردوون. کەسانێک کە وە دوای خوێندن کەوتوون بەڵام توانایی ماڵییان نەبووە، هەر لەسەر ئەرکی ئەو مەوقووفاتە درێژەیان بە خوێندن داوە. تەنانەت وشتری مەوقووفەش تایبەت بووە بەو کەسانەی کە سەفەریان لەبەر بووە و خەرجی کاروانیان نەبووە. کەوایە ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە بڕوانینە ئەرک و سوودی مەوقووفەکان، گرینگی و گەورەیی کارەکەی مەنیج حەیرانمان پتر بۆ دەردەکەوێ.
شیاوی باسە کە لە پێشینەی ئیدارەی ئەوقافی مەهاباددا بەڵگەنامەی وەقفی مەزهەبەکانی تری ئیسلام و دینەکانی تریش هەیە، بۆ نموونە: یای قەنداو قارەمانی، دانیشتووی گەڕەکی وێنەتانی شاری مەهاباد، بە پێی مەزهەبی خۆی، کە شیعە بووە، شەش دانگی خانووبەرەکەی خۆی کردووەتە وەقفی مزگەوتی حوسێنییەی مەهاباد. یای زارا گەوریلی، ناسراو بە زارا شەل، لە جوولەکەکانی مەهاباد، خانووبەرەی خۆی کردووەتە وەقفی کەنشتەی مەهاباد. شوێنی ئەو کەنشتەیە کە هەتا دەیەی پەنجای هەتاوی[حەفتاکانی زایینی] هەر مابوو، کووچەی پشت شۆعبەی ناوەندیی بانکی سپەی ئێستا بوو، کە بەداخەوە مەعلووم نەبوو چلۆن ئاسەواری بڕا و جێگاکەی بووبە خانوو! هەروەها کلیسای مەهابادیش کە لە دوای ڕووخانی بە هۆی سێڵاوی ساڵی 1315ی هەتاوی [1936ی زایینی] ئیدی ساز نەکرایەوە، مەوقووفاتی هەبووە. جگە لەو کەنشتە و کلیسایە، مزگەوتێکیش لە مابەینی بانکی سپە و دەفتەری ڕۆژنامەی ئیتلاعاتی ئێستا، واتە سەر چەقی شەقامی تاڵەقانی و نزیک بە مەیدانی چوارچرا، بە ناوی مزگەوتی «پیرئەلیاس» هەبووە کە پێشینە و بەڵگەنامەکانی ئەو شوێنەش لە ئیدارەی ئەوقاف دەدۆزرێنەوە. ئەو سێ پەرستنگایە کە هەر کام سەر بە ئایینێک بوون، ئێستا لەناوچوون.

------------------------------
1ـ نگاهی به تاریخ مهاباد، سیدمحمد صمدی، چاپ اول، استنسلی، مهاباد 1373؛ چاپ دوم، نشر رهرو، مهاباد 1377، صص379، 390.
 2ـ ژیان و بەسەرهاتی مەنیج حەیران، هاشم سەلیمی، گۆڤاری مەهاباد، ژ 68، ساڵی 1385، ل39-38.
3ـ 22ی فێڤرییەی 1954.
 4ـ ئاوریل و مای 1953.
5ـ ڕێکەوتی 13ی ئووتی 1903ی زایینی.
6ـ ساڵی لەدایکبوون و کۆچی دوایی مەنیج حەیرانم لە جەنابی یۆسفی میکائیلی، بەرپرسی ئیدارەی ئامار و سەبتی ئەحواڵی شاری مەهاباد وەرگرت، سپاسی یارمەتیی دڵسۆزانەی دەکەم.
٧. چەندین بنەماڵە لە شاری مەهاباد شۆرەتی «سوڵتانی»یان لە سەرە، بەڵام پێوەندییەکیان بەم بنەماڵەیەوە نیە و تەنیا ناوەکەیان وەک یەک دەچێ.
٨. پێویستە ئاماژەی ئەو خاڵە گرینگە بکەم کە زۆر کەس لە مەهابادی ئەو سەردەمدا پاشگری «قاچاخچی»یان بە دوای ناوەکانیانەوە بوو. ئەوانە کەسانێکی کاسبکار و زەحمەتکێش و بوێر بوون کە هات‌وچووی ئەو دیوی سنووریان دەکرد و باری وانە چا، سابوون، قالیچە، ڕادیۆ، کووتاڵ، عەتر و ئۆدکڵۆن،... بوو، نەک هێرۆئین و تریاک. جگە لەوەش، ئەو کەسانەی خەریکی چالاکیی سیاسی بوون و لەم دیو یا لەو دیو بە ئاوارەیی دەژیان، بۆ جێبەجێ‌کردنی پێداویستی و کاروباری خۆیان هەمیشە نیازیان بەو «قاچاخچی»یانە هەبوو، کە ئەوانیش بە شانازییەوە قەبووڵیان دەکرد و خۆیان لە مەترسی داویشت. بەربەرەکانیی زۆر توندی دەوڵەت لەگەڵ ئەو کەسانە، زۆرتر سەبارەت بەم مەسەلەیە بوو تا چا و سابوونەکە. کە وایە ئەم ناوە لە سەردەمی ئێمەدا و لەو سەردەمدا تەواو مانایان جیاوازە و بە پێچەوانەی ئێستا، زیاد بوونی ئەم پاشگرە بە دوای ناوی هەر کەسێکدا، فەخر و شانازیشی بە دواوە بوو.
 ٩ـ 31ی دیسامبری 1953.
 ١٠ـ 1ی فێڤرییەی 1954.
تێبینی: ئەم وتارەی سەید محەممەد سەمەدی بە فارسی نووسراوە، سەید عەبدوڵڵای سەمەدی کردوویە بە کوردی.

زانیازیی پتر لەسەر مەنیج حەیران
- مەهاباد-
هەر چەند ماوەیەکی زۆر بە سەر مردنی مەنیج حەیراندا تێنەپەڕیوە، زانیاری لە سەر ئەو ژنە هونەرمەندە کەم وە دەست دەکەوێ. ئێستا کە ئەو وتارە بەنرخەی کاک محەممەد سەمەدی چاپ دەبێ، بە پێویستمان زانی گشت ئەو وردەباسانەی تا ئەمڕۆ وە دەستمان کەوتوون بیخەینەوە بەر دەستی ئێوەی بەڕێز؛ هەم بە مەبەستی بەجێگەیاندنی ئەرک و هەم بۆ هاندانی ئەو کەسانەی هەر چەشنە زانیارییەکیان لە سەر مەنیج حەیران هەیە، هەتا بۆمان بنێرن.

وتەی مامۆستا هێمن لە سەبارەت بە مەنیج حەیران:
«... مەنیج حەیران» و «زڵەخا چوختی»ش دوو ژنی بێباک بوون کە دەفەیان لێدەدا و گۆرانی داوەتیان دەگوت و شایەری شایی بوون و هیچ لە پیاوەکانی ئاواڵیان نەدەمانەوە؛ بەتایبەتی مەنیج کە خەڵکی سابڵاغ و لە خێرانێکی دەوڵەمەند و بەناوبانگ بوو و بۆ خاتری هونەرەکەی دەستی لە خزمەکانی هەڵگرتبوو...»
سەرچاوە: تۆحفەی موزەففەرییە، چاپی دووهەم، ئاراس، هەولێر 2006، لاپەڕە 16
-------------------------------------------------

بیرەوەریی دایکی ئەنوەر سوڵتانی:
«منداڵێکی تەمەن 9 ـ 10 ساڵان بووم. ماڵمان لەسەر گۆلی مەردانبەگ بوو، لە نیزیک حەوزە گەورەی بۆکان و دراوسێی ماڵمان لە دوو لاوە بنەماڵەی بەڕێز قزڵجی بوون. دایکی قازیی کاکەحەمە ژنێکی نوورانیی جێگەی ڕێزی خەڵک بوو لە بنەماڵەی سەیدەکانی زەمبیل و لە نێو خەڵکدا بە سەیزادەی گەورە ناو دەبرا. من ئەودەم لای سەیزادەی گەورە دەرسی قوڕعانم دەخوێند. ژنێک لە ماڵی سەیزادەی گەورە وەک کارەکەر ئیشی دەکرد کە لە عەینی کاتدا دایەنی یەکێک لە کوڕەکانی قازیی کاکەحەمە بوو و ئێستا بە ناوی کاک «جەعفەر قزڵجی»یەوە دەناسرێ. ئەو ژنەش ناوی «خانم جان» بوو؛ بە «خات خانم جان» بانگ دەکرا. تا ئەو ساڵانەی دواییش هەر مابوو. ژنێکی ڕەزاسووک و بەڕێز و حەیابەخۆ بوو، کە هەموو کەس خۆشی دەویست، مێردیشی نەبوو. خات خانم جان دەنگی خۆش بوو، جاروبار لە مەجلیسی خانمەکاندا گۆرانی دەگوت، بەڵام هەرگیز لای پیاوان گۆرانی نەگوت. خانم جان خەڵکی گوندی «ڕەحیمخان» بوو لە نیزیک میاندواو و لەوێوە هاتبووە بۆکان. بە هۆی دراوسێتییەوە من ڕۆژانە خات خانم جانم دەبینی.
ڕۆژێکیان خۆشکێکی خات خانم جان لە ڕەحیمخانەوە هاتبووە بۆکان و من لە خزمەت سەیزادەی گەورەدا بووم بۆ دەرس خوێندن، کە خوشکەکەی خات خانم جان هاتە خزمەت سەیزادە و عەرزی کرد قوربان دەمەوێ بچم لە شایییەکاندا گۆرانی بڵێم، چ دەفەرمووی؟ سەیزادە گەورە پێی تێکچوو و فەرمووی: مەنیج! بۆکان جێگەی ئەو کارانە نیە، ئەگەر دەتەوێ گۆرانی بڵێی بڕۆ بۆ سابڵاغ!
ئەو دەم بۆکان شارەدێیەک زیاتر نەبوو و ژیان تێیدا وەک ژیانی دێهات دەچوو، لە کاتێکدا سابڵاغ لە چاو بۆکان شارێکی گەورە بوو و وا هەبوو ئەو چەشنە دیاردانە تێیدا عەیب نەبێ، یا خود کەمتر عەیب بێ. ئیتر من خات مەنیجم نەدیتەوە، بەڵام بیستم کە چووە بۆ سابڵاغ. چەند ساڵ دواتر باوکم، حاجی برایم سەقزی، نێوانی لەگەڵ سەردار عەلیخانی سەرداری موکری، کە دوایین سەرداری بۆکان بوو، تێکچوو و بە تۆراوی ماڵی پێچایەوە و ڕووی کردە سابڵاغ. ئێمە بۆ ماوەیەک لەوێ دەژیاین هەتا سەردار ناردی بە شوێن باوکمدا و دڵنەوایی کرد و ئێمەش گەڕاینەوە بۆکان.
 لەو ماوەیەدا کە لە سابڵاغ بووین، ڕۆژێکیان لە حەوشە مەشکەمان دەژەند، کەسێک لە دەرگای ماڵمانی دا، ئێمە لەوێ غەریب بووین و هەر بۆیە دەرگای ماڵمان دادەخست. دایکم چووە پشت دەرگاکە و گوتی کێیە؟ کەسەکە گوتی من «مەنیج»م، مەنیج حەیران، دەرگاکەم لێ بکەوە حاجی ژن. دایکم گوتی خات مەنیج من دەرگا لە تۆ ناکەمەوە، دوو کچی عازەبم هەن؛ چۆن دەهێڵم یەکی وەک تۆ بێتە ماڵم! جا هەر ئەو ڕۆیشتنە بوو کە مەنیج حەیران ڕۆیشت و ئیتر نەمبینییەوە.»
سەرچاوە:  گۆڤاری «گزینگ»، ژمارە 37، زستانی 2003. سوئێد، وتاری «مەنیج حەیران کێیە؟»
----------------------------------------

تێبینیی «مەهاباد»:
هێندێک زانیاریی دایکی ئەنوەر سوڵتانی لەگەڵ زانیاریی نێو ئەو بەڵگانەی دە وتارەکەی «سەید محەممەد سەمەدی»دا ئاماژەیان پێ کراوە یەک ناگرنەوە:
1ـ مەنیج حەیران خەڵکی قەمتەرێ بووە نەک ڕەحیمخان.
2ـ خوشکی مەنیج حەیران ناوی خەجیج بووە نەک خات خانم جان.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.