ئاب 05, 2020

ئاکار ڕاوچی: هونەرمەند دەتوانێ لەڕێگای نەخشاندنەوە جوانی بخوڵقێنێت

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

نیگارکێش ئاکار ڕاوچی دەرچووی زانکۆی ساڵاحەددینە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان بەشی نیگارکێشان، کارە فۆتۆگرافیەکانی پێک هاتوون لە (ئیرۆتیک و دیچیتاڵ ئاڕت و فۆتۆئاڕت و پۆرترێت و لاندسکێپ و مایکڕۆ) کارە شێوەکاریەکانیشی پێک هاتوون لە تابلۆی(هونەرمەندان و شاعیران و شۆڕشگێڕ و سەرکردە کوردەکانی ڕابردوو). ڕاوچی لەو دیمانەیەیدا بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ،"هونەرمەند دەتوانێ لەڕێگای نەخشاندنەوە جوانی بخوڵقێنێت".

ئاکار ڕاوچی یەکەم کەس بوو کە توانیی لە پێشانگایەکی هونەریدا لە کوردستان وێنەی دیچیتاڵ ئاڕت نمایش بکات، یەکەم کەسیش بوو کار لەسەر هونەری ئیرۆتیک بکات لە کوردستان، لە ئێستادا لە هەوڵدایە لەگەڵ چەند ڕێخراوێکی بەریتانی کار لەسەر پرۆژەی هونەری بکات، لە هەوڵی باشکردنی زماندایە بۆ خوێندنی ماستەر لە وڵاتی بەریتانیا.
ڕاوچی یەکێکە لە شێوەکار و فۆتۆگرافەرەکانی کوردستان، کە لە ١٩٩٠/٤/٧ لە بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری ڕانیە لەدایک بووە، ئێستا دانیشتووی ووڵاتی بەریتانیایە. هەر لە منداڵییەوە حەزی لە هونەری نیگارکێشان کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ وێنەی سروشتی ڕانیەی گرتووە، لە ساڵی ٢٠١٠ بەتەواوی دەستی کردووە بەکاری فۆتۆگرافی و چەندین گەشتی جۆراوجۆری بۆ شار و گوند و ناوچەشاخاویەکانی کوردستان كردووە بە مەبەستی خزمەتکردنی سروشت و کلتووری کوردستان، هەروەها بەشداری چەندین پێشانگا و فێستیڤاڵ و چالاکیی کردووە، چەندین کاری بۆ (کلیپ و فیلم و سینەما و شانۆ) كردووە، کارەکانی لە سایت و کەناڵەکان دەرکەوتوون. دەرچووی بەشی نیگاركێشانی كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانکۆی ساڵاحەددینە، کارە فۆتۆگرافیەکانی پێک هاتوون لە (ئیرۆتیک و دیچیتاڵ ئاڕت و فۆتۆئاڕت و پۆرترێت و لاندسکێپ و مایکڕۆ) کارە شێوەکاریەکانیشی پێک هاتوون لە تابلۆی(هونەرمەندان و شاعیران و شۆڕشگێڕ و سەرکردە کوردەکانی ڕابردوو). یەکەم کەس بوو توانیی لە پێشانگایەکی هونەریدا لە کوردستان وێنەی دیچیتاڵ ئاڕت نمایش بکات، یەکەم کەسیش بوو کار لەسەر هونەری ئیرۆتیک بکات لە کوردستان، لە ئێستادا لە هەوڵدایە لەگەڵ چەند ڕێكخراوێکی بەریتانی کار لەسەر پرۆژەی هونەری بکات، لە هەوڵی باشکردنی زماندایە بۆ خوێندنی ماستەر لە وڵاتی بەریتانیا.
نیگارکێش ئاکار ڕاوچی گوتی،" بەشداری ٦ پێشانگای هاوبەشم کردووە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، هەروەها لە فێستیڤاڵی هونەری وەکو هونەرمەندێک بەشداربووم بە کۆمەڵێک کاری دیجیتاڵ ئارت، چەندین کارم بۆ فیلمی سینەمایی و شانۆ و کلیپ ئەنجام داوە و کارەکانم لە سایت و کەناڵەکان نیشانی بینەر دراوە، هەر لە منداڵیەوە حەزم لە هونەری شێوەکاری بووە، هەر لەو کاتانەی کە باوکم کارێکی هونەری دەکرد من لە تەنیشتیەوە دەوەستام و سەیرم دەکرد و لەو کاتەوە ئەو حەزە هەنەرییە پەرەی سەندووە لە ناخمدا".
ڕاوچی ئاماژەی پێدا کە نەخشاندن بە واتای خوڵقاندن و داهێنان و دەرخستنی جوانییە، هونەرمەند دەتوانێت لەڕێگای نەخشاندنەوە جوانی بخوڵقێنێت، هونەر و دنیای هونەر هەمیشە مرۆڤەکان لەناو ڕوحیەتێکی پاک دە‌هێڵێتەوە، مرۆڤ هەست بە خۆشەویستی شتەکانی دەوروبەری دەکات، هەر لە مرۆڤبوونەوە تا دەگاتە سروشت و ئاژەڵ و شتە بێگیانەکانی ناو ژیانمان، هونەر لەخزمەتی جوانی و خۆشەویستی دا کاری کردووە، بۆیە جوانترین شتەکان لەناو هونەردا بەدی دەکەم.
ئەو نیگارکێشە دەربارەی کردنەوەی پێشانگا و کارکردنی وەکو فۆتۆ بۆ کەسایەتییە گرینگەکان گوتی،" بە شداریم لە ٦ پێشانگای هاوبەش و لە پێشانگایەکی هونەری دیجیتاڵی و دوو پێشانگای فۆتۆگرافی کردووە.
کارەکانم زیاتر لەسەر کەسایەتیە هونەری و ئەدەبی و کلتوری و شۆڕشگێڕ و سەرکردە پاکەکانی کورد بووە، هەموویان لای من جیاوازیەکی ئەوتۆیان نیە لەڕووی کارەکانمەوە، بەڵام ئەوەی لای من چێژ بەخش تر بێت لە تەکنیک و لەڕەنگ کە هەستێکی تر بدات، ئەویش پۆرترێتی هونەرمەندی گەورەی کورد عەباسی کەمەندیە، کە تابلۆکە وەکو خودی هونەرمەند پڕیەتی لە هونەر، هەر لە تەکنیکی کارەکەوە تا دەگاتە دانانی ڕەنگەکان و دابەشکردنیان بە شێوەیەکی ئەندازەیی، دانانی هەر ڕەنگێک لەسەر ڕوخساری هونەرمەند پێناسەیەکی روحی ناخی خۆمە بە تێکەڵبوون لەگەڵ هەر پارچە هۆنراوە و گۆرانیەکی کەمەندی، بە واتایەکی تر دانانی هەر ڕەنگێک و پارچە هۆنراوە و گۆرانیەک، ئاوێتەبوون و روحیەت و ناخی من نیشان دەدات، هەر لەبەر ئەوە لای من چێژێکی جیاوازتر دەبەخشێت.
ڕاوچی دەربارەی پیشاندانی هەستی نەتەوایەتی لە نەخشاندنی تابلۆکانیدا ئاماژەی پێدا،" لەناو تابلۆکانمدا بە تەواوی هەستی نەتەوایەتی بەدی دەکرێت، بۆیە هونەر لای من بریتیە لە داهێنان و خوڵقاندن، هەر کارێکی هونەری بەندە بە فکر و ئایدیای هونەرمەند، ئەو ئافراندنە مەعریفەیەیە دەبێتە دروستکردن و چێژبەخشینی پڕ لە جوانی، لە ڕێگەی ئەم جوانیەوە ڕوحی مرۆڤ پاک دەبێتەوە لە ڕق و هەموو شتە نەرێنیەکان. ئەو هەستە نەتەوەیی و نیشتیمانیە کە لە ناخمدا ڕەگی داکوتاوە، دەمەوێت لە ڕێگای کارە هونەریەکانمەوە نیشانی بدەم و خزمەتێک بە هونەری کوردی بکەم، ئێستا لە ووڵاتی بەریتانیا پەرە بە کارەکانم دەدەم تا بتوانم هونەری نەتەوەیەک پیشانی جیهان بدەم، ئامانجم تەنیا خزمەتکردنی میلەتەکەمە، کە لە تابلۆکانمدا بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت.

© 2017 Hawler