ئاب 05, 2020

"ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر ترسناکە و لە فیلم دەچێ"

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

دەرهێنەر و سینەماکار مەهدی ئومێد بەڕۆژنامەی "هەولێر"ی ڕاگەیاند،" ڤایرۆسەکە زۆر ترسناکە، ماندووت دەکات و بێزارکەر و داگیرکەرە، وەکو کورد کە چەند بەرامبەر داگیرکەرانی بێ دەسەڵاتە، بەم شێوەیە هەموو کۆئەندامەکانی هەرس و هەناسە بەئارەزووی خۆی تێکوپێک دەدات، تۆش وەکو هەر کوردێک چۆن بەرامبەر دوژمنەکانت بێ هەڵوێست و بێ چارەیی، وەرس دەبیت و سەرئێشە و ئارەقەکردن و کۆکەیەکی زۆر ناخۆش و تێکشکانی ماسولکە و تووشی بێ هێزی تەواوی لەش و وشک بوون دەبیت، بەگشتی ئەو نەخۆشییە وەکو فیلم وایە، چۆن توانای ئەوەی هەیە هونەرەکان لەخۆی کۆبکاتەوە و وێنەیان بگرێت، وادەزانی هەرچی نەخۆشی هەیە پێکەوە هاتوون لەم ڤایرۆسەدا یەکیان گرتووە و هاتوون لەناوت ببەن. هەر وەکو خۆی ئاماژەی پێدا،" نزیکەی سێ هەفتە لەباروودۆخێکی زۆر خراپ دابووم، نەم دەزانی چۆن بخەوم و بەسەر کام لام دا بکەوم چەپ و ڕاست، بەسەر دەم یان لەسەر پشت، بەڵام ورەم بەرز و خۆشەویستێکی وەکو هەنار خان و منداڵەکان و دکتۆر، هاوکاری زۆرم بوون. منیش زۆر بڕوام بە تەندرووستی خۆمە و لەژیانمدا تا بۆم کرابێت سەردانی دکتۆرم نەکردووە و دەرمانیش بەکارناهێنم، بەڵکو خۆراکی سرووشتی دەبێتە هۆی بەرگری لەش و بەهێزکردنی سەوزەو میوە و ماسی. کە نەخۆش کەوتم تام و چێژم لە هیچ نەبینی نزیکەی دوو هەفتە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا وادەزانم لەژیانم نەخۆش نەکەوتووم و تەندرووستیم لەجاران باشترە.

© 2017 Hawler