ئاب 05, 2020

عەلی ئەحمەد: درامای كوردیی توشی قەیران بووە، هۆكارەكەشی بایەخدانی ئەو كەناڵانەیە كە شەو رۆژ خەریكی درامای توركی و بیانین!

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

 

هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و دراما (عەلی ئەحمەد) بەیەكێك لە هونەرمەندە بە ئەزموونەكانی شاری هەولێر، سێیەكی تەمەنی خۆی بەخشیووە بە هونەرەكەی، لەمیانەی دیدارێكی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" ئاماژە بەچەند لایەنێك لە كارە هونەرییەكانی خۆی دەكات، بەتایبەتی بەشداریی كردنی لە پرۆگرامی (مقۆ مقۆ)، كە پرۆگرامێكی تەنز ئامێز و كۆمێدییە هەفتانە لە كەناڵی سپێدە پێشكەش بە بینەران دەكرێت. لەدەستپێكی قسەكانی دا هونەرمەند (عەلی ئەحمەد) لەبارەی دوایین بەرهەمی كە لە ئێستادا بەشدارییەكی دیاری تێدا كردووە دەڵێت : "لە ئێستادا لەگەڵ پۆلێك لە هونەرمەندانی (هەولێر و سلێمانی) بەشداریی دەكەین لە پرۆگرامێكی كۆمێدی و تەنز ئامێز لە ژێر ناوی (مقۆ مقۆ) لە كەناڵی سپێدە، بەرنامەیەكە دەستەیەك لە هونەرمەندانی هەولێر و سلێمانی دەست لەناو دەست، دوور لە ناو زڕاندن و بابەتی بێزراو، توانیومانە هەفتانە ئەڵقەیەك لەو پرۆگرامە پێشكەش بە بینەرانی ئەو كەناڵی بكەین، دەتوانم بڵێم تاكە بەرنامەیە توانیویەتی بەو شێوەیە رەخنە بەزمانی گوڵ بگرێت و بۆ بینەرانیش كات و ساتێكی خۆش دابین بكات!". هونەرمەندی بەئەزموون (مام عەلی) لەبارەی بەشداریی كردنی لەو پرۆگرامە ئایا هۆكارێك نیە بۆ دابڕان و دوور كەوتنەوەی لە كاری درامی ؟ لەوەڵامدا روونی كردەوەو گوتی : "نەخێر بۆچی دوور دەبم لە كاری درامی؟! بۆچی بەرهەمی درامیمان ئەوەندە زۆرە تاوەكو لەسەر من پەكیان كەوتبێت!، خۆزگە بەرهەم هێنانی درامای كوردی ئەوەندە زۆر دەبوو، ئیدی بزانن من فریای هەموویان دەكەوتم یان نا، ئەو كاتە من بەبێ هیچ دوو دڵێك لەخزمەت هەموویان دەبووم، بەڵام بەداخەوە درامای كوردیی توشی قەیران بووە، هۆكارەكەشی بایەخدانی ئەو كەناڵانەیە كە شەو رۆژ خەریكی درامای توركی و بیانین!، بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت، بەرنامەی (مقۆ مقۆ) لە شێوەی دراما و بەهەناسەی درامایەكی تەلەفزیۆنی كاری بۆ دەكرێت، لە رووی ناوەرۆك و تەكنیك و كاری دەرهێنانیشەوە ئەگەر بێت بە چاكی سەیری بكەین، درامایەكی تەلەفزیۆنییەو لە پێنج بڕگە پێكهاتووە، هەر بڕگەیەك پەیام و ئامانجێكی خۆی هەیە، كە ئەوەشیان نووسەری لاوی بەتوانا (ئومێد كەمال) توانیویەتی ئەو سەلیقەیە ئاوێتەی ئەو كارە بكات، هەرچەندە لەلای من هەوڵ و ماندوو بوونی سەرجەم هونەرمەندانی بەشداربوو ئەوەشیان هێزێك و جوانییەكی دیكەی بەخشیوەتە بەرهەمەكە، بۆیە من دەتوانم بڵێم لە ئێستادا من لەناو پرۆسەی دراماییەكی بەردەوام دام و دانەبڕاوم کە ماوەی سالیک زیاترە بەردەوامی هەیە". لە كۆتایی دا هونەرمەندی بە ئەزموون (عەلی ئەحمەد) ئەوەشی گوت : "هیوادارم لەمەودوا كەناڵەكان چاو بخشێننەوە بە پرۆگرامەكانیان، بایەخ و نرخێكی باش بۆ درامای كوردی دابنێن، ئەگەرنا ئاوا بڕوات درامای بیانی و توركی و كۆری و بە هەموو جۆرەكانیانەوە ماڵ و خێزانی كوردەواری زیاتر بەرەو هەڵدێر و هەڵوەشانەوە دەبات، چونكە ئەو درامایانە بوونە خۆركەو ڤایرۆس بۆ كۆمەڵگای ئێمە!".

© 2017 Hawler