ئاب 11, 2020

دیە محەمەد: دەمەوێ لەڕێگەی تابلۆکانمەوە وشە نهێنییەکانی مرۆڤ نیشان بدەم

خانمە نیگارکێش دیە محەمەد قەساب، تەمەنی ١٧ ساڵە و لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لەم دیمانەیەدا بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ، دەمەوێ لەڕێگەی تابلۆکانمەوە وشە نهێنییەکانی مرۆڤ دەرببڕم.

لەسەر چالاکییە هونەرییەکانت بدوێ؟
هەر لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە خەریکی وێنەکێشانم، سەرەتا لە درووستکردنی وێنە لێکدانەوەکان و فیکرییەکانەوە دەستم پێکرد، چونکە من وەکو هەر منداڵێک خاوەنی زۆر لێکدانەوە و بیرۆکە بووم و هەموو کات شتەکان کاریگەرییان لەسەرم درووست دەکرد و دەمویست ئەوەی لە مێشکمدایە بتوانم دەریببڕم، هەروەها ئەم توانایەشم لەڕێگەی خوێندنەوەی چەندین کتێب و گۆڤار پەیداکردووە، هەر ئەمەش وای کردووە کە نزیکترین شت لە فیکر و ڕۆحمەوە هەڵیبژێرم نیگارکێشانە.

چۆن دونیای نیگارکێشانت هەڵبژارد؟
هەڵبژاردنی دونیای هونەر، بەتایبەت نیگارکێشان، ئەوەبوو کە هەموو کات دەورووبەرەکەم سەرسام دەبوون بە کارەکانم، ئەمەش هانیدام کە زیاتر بیر لە بەرەوپێشچوونی خۆم بکەمەوە، هەر بۆیە بڕیارم دا بەشێوەیەکی ئەکادیمی بخوێنم و توانیم ببمە قوتابی پەیمانگای هونەرەجوانەکان، هەروەها من کار لەسەر فیکر دەکەم و لەزۆربەی تابلۆکانمدا ڕەنگدانەوەیان هەیە.
لە نیگارکێشاندا پەیامت چییە؟
پەیامی من لە نیگارکێشاندا، خستنەڕووی وشە نهێنییەکانی مرۆڤە بۆ دەرخستنی ئەم هەستانەی کە باس ناکرێت و هیچ وشەیەک نییە بۆ دەربڕینیان، بۆیە من دەمەوێ لەڕێگەی کێشانی تابلۆکانمەوە دەریانببڕم، دواجار نووسینی تێکستێکی خۆم بۆ زیاتر گەیشتن و قووڵبوونەوە لە کارەکانم هەر لەڕێگەی نووسینەوە تابلۆکانم بەرهەم دەهێنم و خولیایەکی منداڵیمە و ئەو شتانەی بەبیرم دێن دەینووسم و دەیانکەمە تابلۆیەک، بێگومان کێشانی تابلۆ فیکرییەکان پێویستییان بە قووڵبوونەوەیە و ئەمەش لەڕێگەی خوێندنەوە و پڕاکتیکی مێشک درووست دەبێت، کە چۆن ئەم شتانەی ڕۆژانە بەسەرمان دێت و کار لە مێشکی مرۆڤ دەکات، هەروەها یەکێک لەم کارانەی خۆم کە زۆرترین پەیامی تێدا بەدی دەکرێت، ئەویش تابلۆی (ئازادی)یە، کە تیایدا چەندین ماتریالم بەکار هێناوە و ئامانجم گەیاندنی ئازادی و سەربەخۆییە بۆ میللەتی کورد، کە هەموو کات قوربانیداوە لەپێناو ئازادی و چەندین ڕۆڵەی لەپێناو خاکی خۆیدا شەهید بووە و خوێنی ڕژاوە، سەدانجار قەڵەمی نووسینمان لەسەر ئازادی شکێنراوە، بینەر بە سەیرکردنێک دەتوانێ تێبگات کە ئامانجی من وەکو هەر هونەرمەندێک سەرکەوتنە لە بوارەکەم و گەیاندنی ئەم وشانەن کە تابلۆ و ڕەنگەکان نەبێت دەربڕینییان قورسە.

© 2017 Hawler