ئاب 11, 2020

عەشقی خودا لە دەنگە ناوازەکەی تارا ڕەسووڵدا

وشیار ئەحمەد ئەسوەد

 

تۆ سەرنج بخەرە شیعرێک لەهەر ئاستێکی بەرزدا نووسرابێت، ڕیتم و میلۆدی و دەنگی ناوازە، چۆن و بە چ شێوەیەک نیشانی خەڵکی دەدات. واتە شیعر و هونەرکارییەکانی کاتێک دێنە خوێندنەوە، چێژی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام کاتێک هەمان شیعر بەرجەستەی ڕیتم و میلۆدی و میوزیک دەکرێت، جۆری چێژەکە دەگۆڕێت و هونەری باڵا جوانتری دەکاتەوە و شیعرەکەیش بەجۆرێکی تر وەردەگیرێ و بەجۆرێکی تریش چێژ بە بەرامبەر دەگەیەنێت.
کاتێک "هیوا حەلاقی" ی شاعیر عەشقی خۆی بەرامبەر بە خودا کە بروای پێ هێناوە لە شیعرێکدا بەناوی "عەشقی خودا" دەنووسێت و بڵاوی دەکاتەوە، ڕەنگە بژاردەیەک لێی بەئاگا بن و بیخوێننەوە، بەڵام کاتێک دەکەوێتە بەردەستی هونەرمەندێکی وەک "هەڵکەوت زاهیر"ی ئاوازدانەر و بەرجەستەی میلۆدییەکی دەکات، دواتر لە ڕێگەی دەنگێکی ناوازەی وەک"تارا ڕەسوول" دەگوترێتەوە و دەگاتە خەڵک، ئەو هونەرە هەمان شیعر دەکاتە چەپکەگوڵ و پێشکەشی بینەر و گوێگر دەکرێت، دواتر وەک گۆرانی و هونەرێکی ناوازەمان پێ دەگات. واتە ئەوە هونەرە کە عەشقە جوانەکەی خودامان پێدەگەیەنێت و جوانتری دەکاتەوە.
ئەوەی من دەیلێم هەواڵێکی هونەریی نییە بیگەیەنمە بەرچاوی خوێنەر، چونکە گۆرانی " عەشقی خودا" کە نوێترین بەرهەمی تارایە، وەک گۆرانی تۆمار کراوە و تا ئێستە کلیپی بۆ نەکراوە و بڵاو نەکراوەتەوە، ڕاستە ئەمە خۆی دەبێتە هەواڵێکی ڕۆژنامەوانی، بەڵام بۆ منێک کە تا ئێستێک چاودێری کارە هونەرییەکانی تارا و هەڵکەوت زاهیریشم، دەمەوێ لە خەڵوەتی کارە هونەرییەکەدا، منیش وەک هیوا حەلاق زیکری خودا بکەم کە وەک ئەو بڕوام پێ هێناوە.
هەڵکەوت زاهیر میلۆدی بۆ چەندین شیعری ئایینی داناوە و گۆرانیبێژان گوتویانەتەوە، بەڵام ئەوانە گۆرانی ئایینین کە زۆر جیاوازن لە دەربرینی عەشقێک بۆ خودا. ئایینەکان زۆرن و پەیامبەرانیش بەهەمان شێوە، بەڵام خودا خودای هەموانە و بەرنامەی ئایینەکانن لە یەکتر جیا دەبنەوە، واتە لە دوا وێستگەدا هەموو ئایینەکان دەگەنەوە بە خودا، بۆیە وەک هیوا حەلاق لە شیعرەکەیدا بە "خودای ئەعزەم" ناوی دێنێت، خودا خودای هەمووانە و لە کەلەبەری هەموو فەلەک، تەنیا و بێ هاوبەشە.
ئەو کارە هونەرییانەی هەڵکەوت پێشتر کردوونی، بۆ ئایینی ئیسلام بوون و مایەی دەستخۆشین، ڕەنگە بگوترێ ئیسلام بۆ هەموو دونیا هاتووەتە بوون کە ئەوەش درووستە، بەڵام ئەوە ئەو ئایینەیە وا دەڵێ و لە ئایینەکانی تر بۆ چوونی جیاواز زۆرن، بەڵام لە شیعری "عەشقی خودا" دا شاعیر لەگەڵ خودایەک دەدوێ کە پەیوەست نابێ بە ئایین یان ئایینێکی دیاریکراو، بەڵکو هەموو مرۆڤ و مرۆڤایەتی پەیوەست دەبن پێی.
بۆیە جیاوازی ئەو گۆرانییە کە تارا و هەڵکەوت و هیوا دەبنە خاوەنی، ئەوەیە کە پێمان دەڵێ خودا خودای هەموومانە. کاتێک خودا هی هەموومان بێت، لێرەوەیە داوا دەکرێ جیاوازی نەتەوە و ئایین و مەزهەب وەلاوە بنرێ و لە سۆنگەی پێکەوەژیانەوە دەکرێ هەموو لە ڕێی خودادا یەکتر بگرینەوە.
مەبەستم نییە هەڵسەنگاندن لەسەر دێر بەدێڕی شیعرەکە بکەم و ئەمە بەکاری خۆم نازانم، بەڵام کاتێک تێکەڵی میلۆدییەکە دەبیت، سەرنج بخەرە سەر هەندێک لە جوانییەکان و دەبینی چۆن لەگەڵیدا زیکری خودا دەکەیت. لە هەندێک شوێن ناوی خودا بە "یار" هاتووە، ئەو یارە نا کە گەنجانی ئێمە لە خۆشەویستی کوڕان و کچاندا دەبینین. یار لە شیعرەکەی هیوادا باڵایە، ئەو باڵایەی تڕۆپکی نییە، هەر دەڕۆی و نایگەیتێ، ئەوەش خودایە خودای ئەعزەم. لە نیوە دێڕێکدا شاعیر دەڵێ" چاوم ڕۆشن بێ بە دیدەنی یار. یار و یاوەرمە خودای پایەدار" تۆ کە بەم شێوەی تێکەڵ بەهەستم. خوایە گیان ئیتر چۆن نەتپەرستم". لێرەیشەوە هونەرکارییەکانی شیعرەکە دەبینی، هونەر بەواتای موزیک لەناوەوەی شیعرەکە، بۆیە هەندێک وشە لە شیعردا دەخوێنیتەوە، خۆیان نۆتەکانی موزیکن، کە دەڵێ" خوا گیان ئیتر چۆن نەتپەرستم" خۆی موزیکە و میلۆدییەکەت دەداتێ.
بێگومان ئەمەیان بۆ کەسێک بەڕاست عاشقی خودا بێت.
چونکە دەنگی تارا تەنزییە لە سۆز و دەنگێکی پاراوە و وەک دەڵێن دەنگێکی شازە، گرنگ نابێ شیعرەکە بەرجەستەی میلۆدییەک بکرێ کە سۆزی چارەگە تۆن وەربگرێت، وەک پەیژەکانی " بەیات، چوارگا، ڕاست و سەبا، لە دەرەوەی چارەگە تۆنەکانیش، تارا بەئاسان دەرفەتی پەیژەکانی تریش دێت و سۆزیان بداتێ، بۆیە دەبینی هەڵکەوت جەستەی میلۆدییەکەی لەسەر پەیژەی"کورد" داناوە و لە ناوەراستی کۆپلەکاندا خۆی لە پەیژەی "راست" دەدات و دواتر دەگەرێتەوە سەر پەیژە سەرەکییەکەی کە "کورد"ە.
هەموو ئەمانە گۆرانییەکی جوانمان لە تەواوی توخمەکانی گۆرانی دەداتێ، بۆیە بەلای کەمەوە گۆرانی "عەشقی خودا" بۆ عەقڵی هونەریی من، گۆرانییەکە درێژترین تەمەنی دەبێت و بەئاسان ناتوێتەوە.

© 2017 Hawler