ئاب 08, 2020

هەشتەمین ساڵیادی جەلال بەیار کرایەوە

دوێنێ، یادێکی غەمگین بوو بۆ ئێمە و هونەرمەند و هاوڕێکانی (جەلال بەیار)ـی شانۆکار، کە هەشتەمین ساڵیادی بەوپەڕی بێنازییەوە لە گۆڕستانی (کەس - نەزان) بەبێ ئامادەبوونی بەرپرسێکی هونەری لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و ئامادەنەبوونی هیچ کەناڵێکی لۆکاڵی و ئاسمانی کرایەوە، جگە لە چەند کەسێکی نزیک لە خانەودەکەی و 1 هاوڕێی بەئەمەکی (بەیار)، کە تەمەنێک لەگەڵ کار و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندەدا ژیاوە، ئەویش (هاوڕێ سوورچی)ـی ناو بوو ئامادەی ئەو یادە بوو، کە پیاوێکی تا بڵێی ڕوحپاکە و لەسەر ئارامگەی (شێرکۆ خەتات و جەلال بەیار)، چەندین یادگاریی شیرینی خۆی گێڕایەوە لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە، بەتایبەت کارە جوانەکانی ڕەوانشاد (شێرکۆ خەتات)، کە چ خزمەتێکی بە هونەری خۆشنووسی کردووە و تا هەنووکەش تابلۆی دوکان و پارێزگای هەولێر بە خامەی ڕەنگینی شێرکۆ نووسراوە، ئێستاش کەسێک نیە بۆ تەنیا جارێک یادی بکاتەوە!.

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler