تەمموز 10, 2020

کاوار ڕەجەب: بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا چالاکییەکانمان کەم بۆتەوە

دەفژەن کاوار ڕەجەب تەمەنی ٢٤ ساڵە و دانیشتووی شاری دهۆکە، لە ئێستادا بەکاری میوزیک و گۆرانی سەرقاڵە. وەک خۆی لەو دیمانەیەی بۆ رۆژنامەی"هەولێر" دەڵێ:" بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا چالاکییەکانمان کەم بۆتەوە.

کاوار ڕەجەب گوتی:" وەکو بەرهەمی میوزیک هیچ بەرهەمێکم نیە، بەڵام لە مانگی 12 یەکەم کلیپم وەکو گورانی بڵاوم کردەوە بەناوی (ئێــڤارە)، کلیپەکە وەکو ستایل ئەکوستیک و فولکڵور بوو".
دەربارەی کەمیی بەرهەمی میوزیک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە (کاوار) ئاماژەی پێ دا:" ئێستا وەکو چالاکی زور کەم بووەتەوە، لەبەر ئەو باروودۆخە خراپەی کە جیهانی هەموو گرتووەتەوە، بەڵام پێش دوو هەفتە فیلمی (بوکا بارانێ) لە دەرهێنانی (حوسێن حەسەن) بوو تەواومان کرد و منیش لەگەڵ فیلمەکە بەشداریم کرد، وەکو ئەکتەرێکی موزیکژەن و گورانیبێژ .
گوتیشی: "ساڵی٢٠١٣ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە دهۆک، وەکو، فێرخوازێک وەرگیرام و لەوێ لە قوناغی دووەم دەستم بە ئالەتەکانی ریتم کرد، کە یەکەم جار دەفم هەڵگرت و لە ساڵی 2004، تا ئێستاش بەردەوامم.
کاتێک کە دەف دەژەنم لەگەڵ خۆم دەڕۆم بۆ جیهانی خۆم، ئەو جیهانەی پڕە لە دارستان و دەریا و شاخ و گوڵ و شتی جوان، وا هەست دەکەم ئەو کاتانەی کە بۆ دڵی خۆم دەف دەژەنم هەست دەکەم لە ناو بەهەشتێکی دوور لەم گەردوونەم.
(کاوار) دەربارەی گرووپی میوزیکەکەیان خستییەڕوو:" وەکو گروپ ئەندامی گرووپی رۆبادم و پێکەوە ئیش دەکەین، من لەگەڵ هەموو هاوڕێکانم بەشداریمان کردووە لە زۆربەی فێستیڤاڵی هونەری لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، خۆی میوزیک ژیانە پێش ئەوەی خواردنی روح بێ، هەموو گەردوون لەسەر ریتمێک دەسوڕێت و هەر شتێک لەم گەردوونە دا هەبێت ئەوە میوزیکە، من خۆم بە بێ میوزیک، بۆ چرکەیەکیش ناژیم، لەبەر ئەوەی میوزیک هەموو ژیانمە.

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler