تەمموز 10, 2020

ڕێبین سلێمان: گرینگە هونەرمەند کارێک بکات كەلێنێك پڕ بكاتەوە

ماردین غازی

 

گۆرانیبێژ ڕێبین سلێمان ناسراو بە "ڕێبین بارین" تەمەنی ٣٦ ساڵە و لە ڕانیە لەدایک بووە و دانیشتووی شاری هەولێرە، ناوبراو لەم دیمانەیەدا بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ:" گرینگە هونەرمەند کارێک بکات كەلێنێك پڕ بكاتەوە.

یەکەم دەرکەوتنت بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
پێشتر لە زۆربەی بۆنە و ئاھەنگەکانی قوتابخانە بەشدار بووم، بەڵام یەکەمین دەرکەوتنی من بە شێوەیەکی فەرمی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤ لەگەڵ ئۆرکێسترایەکی گەورە لە شاری ڕانیە، لە ئاھەنگی دەرچوونی بەشی میوزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکان.

چەند بەرهەمت هەیە؟
حەوت بەرهەمی هونەریم هەیە، کە تەنیا دوان لەم بەرھەمانەم کلیپم کردوون كە بریتین لە گۆرانیی (بێ تۆ ) و ( دڵی تەنیا )، بەرھەمەکانی ترم بە دەنگ بڵاو کردۆتەوە.
کام له گۆرانییەکانت تایبەتە لات؟
بەرھەمی (سەردەمێک بوو)، کە ئەم بەرھەمەم بە شێوەی دەنگ لە یەکێک لە بەرنامەکانی تیڤی بڵاو کردەوە، لەلای خۆم و زۆربەی ئەو کەسانەی کە گوێ بیستی ئەم بەرھەمە بوون بەرھەمێکی جوان بووە بە لایانەوە لە ھەموو لایەنێکەوە.

دەکرێت تەنیا پشت بە کاری هونەری ببەستی بۆ بەڕێوەبردنی ژیانت؟
‎نەخێر، لەبەر ئەوەی تا ئێستا لە کوردستان مافی ھونەری نەپارێزراوە و کاری ھونەری نەبۆتە پیشەیەک بۆ ئەوەی بژێوی ژیانت دابین بکات، بۆیە ناکرێت تەنیا پشت بە کاری ھونەری ببەستی دەبێت لەپاڵ ھونەرەکەتدا کاری دووەمیش بکەیت.

هیچ چیرۆکیک هەیە لەپشت گۆرانیەکانت؟
تا ئێستا ھیچ شتێکی وا نیە، لەبەر ئەوەی ئێمە زیاتر تێکستی شاعیرەکان دەکەین بە گۆرانی، لەوەیە زیاتر چیرۆکەکە لەلای ئەوان بێت.

هونەری نوێ یا کۆن؟
ھەردووکی، لەبەرئەوەی ھونەری کۆن بناغەیەکی باشە بۆ بنیات نانی ھونەری نوێ، باشترە بڵێین فۆلکلۆر نەبێت هونەری نوێش ناتوانێت ئاستێکی باش پێشکەش بکات، ھونەری نوێش تام و چێژێکی تایبەتی ھەیە، کە لە کۆتاییدا ئەمەیش ھەر دەبێتە ھونەری کۆن، گرینگ ئەوەیە ھونەرمەند کارێک بکات کە لە هونەری وڵاتەكەیدا شوێنپەنجەی دیار بێت و داهێنانێكی خستبێتە سەر خەرمانی هونەریی پێشووی وڵاتەكەی و ببێتە نموونەیەكیش بۆ وەچەی داهاتوو.
٨-بۆچی نازناوی بارینت هەڵبژاردووە؟
ئەمە تەنیا نازناوێکی ھونەرییە، ناوێکی جوانیشە، بەڵام ھیچ چیرۆکێکی لە پشتەوە نییە.

پرۆژەی نوێت چ دەبێت؟
ئێستا سێ بەرھەمم لەبەردەستە، کە یەکێکیان کاری میوزیک و دەنگی تەواو بووە، ئامادە بوو بۆ ئەوەی کاری کلیپی بۆ بکەم، بەڵام لەبەر ئەم باروودۆخە تەندرووستییەی کە لە ئێستادا ھەموو جیھانی گرتۆتەوە کە ئەویش ڤایرۆسی کۆڕۆنایە، کارەکەمان ڕاگرتووە، تێکستی ئەم بەرھەمە ئی شاعیری لاو "سۆران جاف "ە و میلۆدیەکەی ئی خۆمە، کاری میوزیکی لە ستۆدیۆی نامۆ پڕۆدێکشن کراوە، ھەروەھا دوو بەرھەمی تر، کە ئێستا ئامادەکاری دەکەم بۆ کاری میوزیک و دەنگ، انشاللە بە تێپەر بوونی ئەم دۆخە نەخوزراوە بتوانین بە شێوەیەکی جوان بڵاویان بکەینەوە کە بە دڵی ھەموو لایەک بێت.

© 2017 Hawler