تەمموز 10, 2020

خولی هەشتەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی دهۆك بۆ ساڵی 2021 دوا خرا

 

سەرهەنگ غەریب - هەولێر

بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهان سەرجەم چالاكییە هونەری و ڕۆشنبیریەكانی ڕاگرتووە، لە كۆودستانیش بە هەمان شێوە ئەم پەتایە ڕێگرە لە ئەنجامدانی خولی هەشتەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆك، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەكە بڕیاری دا خولی هەشتەمی ئەم فێستیڤاڵە بۆ ساڵی 2021 دوا بخرێت.

جێگەی باسە: ماوەی حەوت ساڵ لەسەر یەك لە پارێزگای دهۆك، فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی دهۆك بەڕێوە دەچوو، بڕیاربوو ئەمساڵ وه‌ك ساڵانی ڕابردوو خولی هەشتەمی فێستیڤاڵەكە بكرێت، بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی، ئەمساڵ دەرگای هۆڵەكانی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی دهۆك بە داخراوی ماوەتەوە.
لەم بارەیەوە "بەنگین عەلی" جێگری سەرۆكی فێستیڤاڵی فیلمی دهۆك بە هه‌ولێری ڕاگەیاند: بڕیار بوو ئەمساڵ خولی هەشتەمی فێستیڤاڵی ناوبراو لە ئەیلوولی 2020 بكرێت، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی كرۆنا و پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاوڵاتیان و قەیرانی دارایی، فێستیڤاڵەكە دوا خرا بۆ ساڵی 2021.
گوتیشی: نەگرتنی فێستیڤاڵی فیلم زیانی گەورە بە بواری فیلم و سینەما دەگەیەنێت لە كوردستان بە گشتی و دهۆك بە تایبەتی، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەشەكە گشتیە و لە سەرتاسەری جیهان گشت فێستیڤاڵەكانی فیلم بۆ كاتێكی نادیار وەستاون، دەرفەتی باشترمان لە پێش دەبێ بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی باشتر و چاكتر خۆمان ئامادە بكەین بۆ ساڵی 2021 و ئامادەكاریی زیاتر بكەین بۆ بەرنامەكانمان، بە تایبەتی بەرنامە پەروەردەییەكان و پلاتفۆرمی تۆڕی نێودەوڵەتی.

© 2017 Hawler