نیسان 24, 2018

ئایا هونەرمەندان چۆن چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەن؟

هاوتا وشیار ئەسوەد-هه‌ولێر

 

زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی لە بوارەکانی گۆرانی، میوزیک، شانۆ، سینەمادا کار دەکەن لە ڕێگەی دەرکەوتنیان هەواداران لە دەوریان کۆدەبنەوە، بەتایبەت کچان، ئایا هونەرمەندانیش دەرکەوتنەکانییان دەبێتە درووستبوونی ئیرەیی لەلایەن خێزانەکانیانەوە؟ ئایا هونەرمەندان چۆن چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسوودەیی کارە هونەرییەکانیان ئەنجام بدەن؟

 

"قادر جەلال"ـی ئەکتەر بە کورتی بە "هەولێر"ـی گوت: من هەرگیز كێشهم نەبووە، چوونکە خێزان و هاوسەرو منداڵەکانیشم هاندەرو پاڵپشتم بوونە.

 

ئەکتەر و دەرهێنەر "کامەران نووری" دەڵێ: ھەواداران لە كچ و لە كوڕیش دروست دەبن، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە بۆ من نەبووەتە كێشە تا بە دوای چارەیەكدا بگەڕێم، چوونكە ھاوسەرەكەم كەسێكی ڕۆشنبیرە لەو شتانە باش تێدەگات.

 

هونەرمەند "نیاز نووری" نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و میوزیکژەنی ناسراو لە بارەی پرسیارەکەمان بەمشێوەیە بۆ "هەولێر" دووا: زۆر گرنگە ھونەرمەند بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ھەوادارانی دەکات و سەرسوڕمانی ھەوادارانی بە کەسایەتی ئەو ھونەرمەندە بە شێوەیەکی پیشەیی مامەڵەی لەگەڵ بکات و ڕاستگۆ بێت لە گوتار و ڕەفتاری ھەم لەگەڵ ھەوادارانی و ھەم لەگەڵ خێزانەکەیشی، وە دەبێت خێزانی ھونەرمەندیش ڕەچاوی کار و پیشەی ھاوسەرە ھونەرمەندەکەی بکات، بە پاراستنی ئەم ھاوسەنگی و ڕاستگۆییە لە مامەڵەکردن لەناو خێزان و لەدەرەوەی لەگەڵ ھەوادارانی ھونەرمەند دەتوانێت ژیانی بەئاسودەیی بەسەربەرێت.

 

گۆرانیبێژ "سدیق فەقییانی" کە کۆتا بۆچوونی ڕاپۆرتەکەمانە بە "هەولێر"ـی گوت: هونەرمەند ئەگەر خانەوادەکەی هاوکاری نەبن و ئیرەیی لێبکهن ئەوا هونەرمەند لە كاری هونەری سەركەوتوو نابێت و ناتوانێت كاری هونەری ئەنجام بدات، من وەک خۆم مانگێکیش نەچمەوە كەس بۆی نییه لێپرسینەوەم لەگەڵدا بکات، بەڵام به تەلەفۆن ئاگام لێیانه، كه چوومەوە ماڵیش به خۆشی دەچمەوەو هەمووشیان زەردەخەنە دەکەوێتە سەر لێویان.

 

"گۆڤار ئەنوەر" ئەکتەری کۆمیدی شاری هەولێر لە وەڵامی پرسیارەکەمان گوتی: بابەتەکەت قسەی زۆر هەڵدەگرێ، لەوانەیە نەتوانم بە چەند وشەک پر بەپرسیارەکەت وەڵام بدەمەوە، بەڵام سەبارەت بە بابەتەکان هەموو هونەرمەندێک لەوڵاتی ئێمە دەبێ بەجوانی بیر لە سەقافەتی خێزانەکەی بکاتەوەو بزانێ بیرکردنەوەی چۆنە، چوونکە هەموو مرۆڤێک شێوازی سروشتی خۆی هەیە، لەوانەیە من لەماڵەوە هەندێ سروشتی خۆم لەگەڵ خێزانەکەم جیاواز بێ، بەڵام مانای ئەوەنییە بڵێین ئەوە زۆر خراپە، ئەویش هەموو کەس ئەگەر ڕاستگۆبێ لەگەڵ خێزانەکانیان ئەوە دڵنیام هیچ کات نایەڵێ ئەو ئیرەییە لەنێوانیان دروستبێت، هەندێ جاریش ئەوکێشانە دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی ڕۆشنبیری ئەو خێزانە، هەندێ جاریش ڕاستیەکان ئەو ئیرەییە دروست دەکات، بەکورتی چارەسەری ئەم کێشانە بەراست گۆیی لەگەڵ هەوادارانت دوای ئەوە لەگەڵ خێزانەکەتە.

 

ئەکتەری کۆمیدی شاری هەولێر و بەرنامەی بەزمی بەزم "محەمەد نەجات" گوتی: بێگومان هەر هونەرمەندێک ئیدی لە هەر بوارێکی هونەریدا کاربکات ئەگەر هاوسەری نەبێ و خێزاندار نەبێ کارە هونەرییەکانی باشتر بەڕێوەدەچێ وەک لەوەی کەسێک خێزاندار بێ، بێگومان خەڵکانێکیش هەن لەگەڵ ئەوەی دەزانن تۆ خێزانداری، بەڵام لێت دێنە پێشەوەو وات لێدەکەن ساردببیتەوە لە کارەکەت، بەڵام بە گشتی هاوکاری خێزان زۆر گرنگە، هاوسەرەکەی منیش بەبێ موجامەلە پاڵپشتێکی باشم بووەو توانیویەتی وا لە منیش بکا زیاتر بایەخ بەخۆم و کارە هونەرییەکانم بدەم.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.