تەمموز 10, 2020

شەونم فەتاح:حەزم لە سوپڕایزە

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

خانمە شاعیر شەونم فەتاح ناسراو بە شەوە پایان تەمەنی ٢٥ ساڵە و دانیشتووی قەزای چوارتایە، دەرچووی بەشی ئینگلیزی زانکۆی سلێمانییە، جگە لەنووسین وانەی تایبەتیش دەڵێمەوە. وەک خۆی لەم دیمانەیەی بۆ رۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ:" حەزم لە سوپڕایزە.

سەرەتای شیعر نووسینت بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
سەرەتا کە دەستم کرد بە نووسین لە بواری شیعردا، تەمەنم 1٤ ساڵ بوو، لەو کاتەوە تا ئەم دەمەی ئێستا ئەو خولیایەم بۆ نووسین نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو هەمیشە لە هەڵێنجاندایە، ماوەیەکی زۆر لێی دابڕام، بەڵام ئەگەر هەر شتێک ببێتە خولیا و لە ناختدا گەشە بکات، وازهێنانی ئەستەمە.

پەیامی شیعرەكانت چین؟
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، شیعرم لە هەموو بوارەکاندا نووسیوە، وەکو، (شیعری ڕەخنەی، نیشتمانی، ئاینی، ئەوینداری....هتد)، هەموو کات لە هەر تێکستێکمدا کارم لەسەر ڕاستی و ڕەوانیی نووسین کردووە، بۆ نموونە لە بابەتی ڕەخنەییدا ڕەخنەم لە شتێک نەگرتووە کە نەبووبێت.
شاعیر یان هەر نووسەرێک لەهەر بوارێکی نووسیندا بنووسێت، بێ مەبەست و پەیام نییە، پەیامی نووسەریش لە نووسینەکەیدا دیارە.

جوانترین شیعری تۆ کامەیە کە شانازیی پێوە بکەیت؟
هەموو تێکستەکانی خۆم بەو پەڕی ئیحساس و خۆشەویستییەوە نووسیوە، لە هەموو کارێکدا کەمووکووڕی هەیە، بەڵام من ئەو کەمووکووڕییانەشم خۆش دەوێ، لە هەمویانەوە باشتر فێر دەبم.
زۆربەیان تایبەتن، بەڵام تێکستی (زیارەتێک بە نامۆیی) پڕاوپڕە لە ئیحساس و ڕاستیی دەنگی ناخم، ئەو تێکستە بۆ من زۆر تایبەتە.

حەز دەکەیت چ نازناوێکت پێ ببەخشن؟
هەستێکی خۆشە لەلایەن خوێنەرانت نازناوێکی تایبەتت هەبێت کە هەڵبژاردەی ئەوان بێت، من خۆم نازناوێکی شیعریم هەڵبژاردووە، کە لەناو هاوڕێ و دۆستانم بەنازناوی(شەوە پایان) ناسراوم، دەمەوێت هەمان نازناوم پێ ببەخشنەوە.

ناوی سێ شاعیرم پێ بڵێ کەلای تۆ زۆر تایبەت بن؟
شاعیرمان زۆرە، بەتایبەت لەم سەردەمە کەسانێکی زۆر هەیە کە دەنووسن و من پێم سەرکەوتوون، بەڵام ئەوانەی من بەڕاستی خوێنەرییانم وەکو، (شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵا پەشێو، توانا ئەمین). لە نووسینی ئەم کەسایەتیانەدا زیندوویی و تەڕ و پاراویی نووسیەنەکان وا لە خوێنەر دەکات بچێتە قووڵایی نووسینەکانەوە، زیاتر لەوەش ڕاستی و بێ پێچوپەنایی نووسینە و بۆ هەموو سەردەمێک دەشێت.

تا ئێستا چەند کۆرە شیعرت گرتووە؟
لە ڕابردوودا دوو کۆڕە شیعرم گرتووە، جگە لە چالاکییەکانی خوێندنگە کە بەشداریم تێدا کردووە، بەڵام بەهۆی خوێندنی زانکۆم دابڕام لە کۆڕە شعرییەکان، لەڕێگەی تر نووسینەکانم دەگەیاندە خوێنەرەکانم.

فەلسەفەی تۆ چییە لە ڕووی شیعرنووسینەوە؟
هەر نووسەرێک جۆرە فەلسەفەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە کاتێک دەنووسێت، شیعرنووسین هەر وشە خستنەسەر وشە نییە، دەبێت بۆ خوێنەر تازە و پاراو بێت، تێکست دەبێت دوربێت لەوشکی و زمانێکی بازاڕی. شیعر فەلسەفەی شاعیرە، زۆربەی ماناکەی خودی شاعیرەکە دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە، دەتوانێت یاری بە وشەکان بکات و لە هەمان کاتدا ماناکەی بپارێزێت.
لە زۆربەی نووسینەکانم جۆرێک لە یاریکردن بە وشە و پرسیار دروستکردن لای خوێنەر دەخوڵقێنم، بۆیە من دەڵێم، با شیعر نە هێندە ڕەوان بێت هەموو کەس تێی بگات، نە هێندەش ئاڵۆز بێت خوێنەر ماندوو کات، با باڵانسێک بێت لەنێوان هەردووکیاندا.

پرۆژەی نوێت چییە؟
حەزم لە سوپرایزە، نامەوێت ئەوەی بە زەین و مێشكمدا دێت، پێش کردن بیڵێم.
هەر كارێكی بتەوێ بیكەیت، هەلومەرجی گونجاوی دەوێت، پشتیوان بە یەزدانی مەزن، لەگەڵ باشبوونی هەندێک دۆخ و هەلومەرجێکی گونجاودا پرۆژەم لەم بوارەدا دەبێت.

© 2017 Hawler