ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئامێرەکەی خۆمم خۆش دەوێت، چونکە لەهەر سووچێکی دونیا بیژەنم بۆنی کوردستانی لێدێت

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

خانمە دەفژەن هاژە باست حەمە غەریب تەمەنی ٢٦ ساڵە و رۆژنامەنووسە و قوتابیی بەشی ژمێریارییە. وەک خۆی لەم دیمانەیەی بۆ رۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ:" ئامێرەکەی خۆمم خۆش دەوێت، چونکە لەهەر سوچێکی دونیا بیژەنم بۆنی کوردستانی لێدێت.

کورتەیەک لەسەر چالاکییەکانت بدوێ؟
وەکو خەونی منداڵیم هەموو کات حەزم لە ئامێرەکانی میوزیک بووە، لە تەمەنی 16 ساڵیدا ئەلفوبێی ئامێری ڤایۆلینم خوێندووە، بەڵام نەمتوانی بەردەوام بم، ماوەی ساڵێکە لە فێرگەی مەحوی مامۆستای ئامێرە ریتمییەکان لەلای جەنگین جەمال، ئامێری دەف بە شێوازی ئەکادیمی دەخوێنم.
تا ئێستا خاوەنی چەند بەرهەمی؟
سەرەڕای ئاستەنگ و ماندوێتی و کار و خوێندن، بەپشتیوانی ماڵەوە و بە هەوڵی بەردەوامی مامۆستاکەم تا ئاستێکی باش رۆیشتووم، هەتا ئێستا ئێمە بەس لەگەڵ هاوڕێیانی فێرگە لەکاتی تەمرینکردندا بۆخۆمان ڤیدیۆ تۆمار دەکەین، بەڵام چەن کار و بەرنامەیەکمان لەژێر دەستە و لەماوەیەکی نزیکدا دێتە بەرهەم. خەونی من و هاوڕێکانمە و لە هەوڵداین گرووپێکی ریتمی دروست بکەین و بۆ هەموو کوردستان کار بکەین.
ئەو کاتەی دەف دەژەنی، خەیاڵەکانت تۆ بەرەو کوێ دەبەن؟
میوزیک بۆ من وەکو خۆراک پێویستە و باشترین ئارامکەرەوەیە، لە کاتە سەختەکانی ژیانم بە میوزیک و هاوڕێ تاقانەکەم (دەفەکەم) ئاسوودە دەبم.
تەنیا یەك ئامێری میوزیك دەژەنیت؟
من ئێستا تەنیا ئامێری دەف دەژەنم، بەڵام بەتەمام لە داهاتوودا فێری زەڕب ببم و ئەگەر بشکرێت دەمەوێت شارەزاییم لەسەرجەم ئامێرە ریتمییەکان هەبێت، ئامێرەکەی خۆمم خۆشەوێت، چونکە مۆرکی کوردیی پێوەیە و لەهەر سوچێکی دنیا بیژەنیت بۆنی کوردستانی لێدێت.
پەیامت بۆ گەنجانی هاوتەمەنت چییە؟
هەموو کات پەیامی من بۆ گەنجان و بەتایبەت خانمان ئەوە بووە کە فێری ئامێرێکی موزیک ببن و بیکەنە هاوڕێی خۆیان، دڵنیایان دەکەم لەو ڕێگەیەوە گەورەترین گۆڕانکاری لە ژیانیان روو دەدات، موزیک، گوێت، دڵ و مێشکت، جەستەت بەموزیک دەورە دەدرێت، دەگەیتە لوتکەی ئارامی و خۆت دەناسی و هەست بە مرۆڤبوون دەکەیت.