ئازار 29, 2020

هێسار هاوکار: موزیک ئارامکەرەوەی ڕوحی منە

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

موزیسیان هێسار هاوکار تەمەنی ٢٣ ساڵە و دانیشتووی سلێمانییە،  ساڵی ٢٠١٥ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی موزیکی تەواو کردووە و ئێستا مامۆستای موزیکە. لەم دیمانەیەیدا بۆ رۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ،" موزیک ئارامکەرەوەی ڕۆحی منە،" دەڵێتیش،" گەر عودەکەم نەبێ دەگریم، چونکە عودەکەم ڕۆح و دڵ و دەروونم ئارام دەکاتەوە.

موزیسیان هێسار هاوکار ڕایگەیاند،" ساڵی ٢٠١٠ دەستی بە خوێندنی موزیک کردووە و ساڵی ٢٠١٥ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەشی موزیکی تەواو کردووە، موزیک ئاواتی منداڵی بووە و هەر لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە حەزی بە ژەنینی موزیک کردووە و تێکەڵ بە رۆحی بووە، بۆیە هەرگیز نەیتوانیوە لە موزیک داببڕێت، چونکە موزیک ئارامکەرەوەی ڕۆحی ئەوە و دەیباتە ناو دونیای خەیاڵی جوانی و خۆشەویستی و ئەوین.
گوتیشی،" کۆمەڵێک بەرهەمم هەیە کە هەر یەکەیان بە جۆرێک و ڕەنگێکن، من تەنیا ئامێری عود دەژەنم، چونکە خۆشەویستییەکی بێ وێنەم بۆی هەیە و حەزیش دەکەم تێکەڵ بە مووزیکەکانی تریش بم، بەڵام پێویستە ژەنیار سەرەتا گرنگی بە ئامێرەکەی خۆی بدات، دواتر تێکەڵبوونی لەگەڵ ئامێرەکانی تردا هەبێ، چونکە ژەنیاری سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە سەرەتا گرنگی بە ئامێرەکەی بدات و لە پەراوێزدا ڕوو لە ئامێرەکانی دیکە بکات.
ئاماژەی بەوەیشدا،" من لە گرووپی موزیکی لووڕ کار دەکەم، کە گرووپێکن وەکو هاوڕێ کار دەکەن و دڵسۆزن لە کارکردندا، هەروەها لەگەڵ ئەم گرووپە خاوەنی چەندین بەرهەمین و لە چەندین کۆنسێرت و ئاهەنگە نیشتیمانییەکان بەشداریمان کردووە."
هەر کاتێک بیرکردنەوەیەکی نەرێنیم هەبێ، گوێ لە موزیک دەگرم و بیرکردنەوە و دڵ و رۆحم ئارام دەکات، هەروەها کە موزیک دەژەنم هیواخوازم لە دڵی گوێگرەکانم ئەم جوانییە بدەم بە دەستەوە کە لە خەیاڵمدایە.

© 2017 Hawler