ئازار 31, 2020

زۆرترین بینراو هونه‌ری

Error: No articles to display

کوردە خان: من ئافرەتێکی ئازاد نیم و تامی ئازادی ناکەم

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

شاعیر و نووسەر کوردە خان تەمەنی ٢٠ ساڵە و خەڵکی ئێرانە و لە هەولێر نیشتەجێیە، لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە دەستی بە شیعر نووسین کردووە و یەکەم شیعریشی بە ناوی نیشتمان بووە. لەم دیمانەیەیدا بۆ رۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ،" زۆر سەرسامم بە کارەکانی دەرهێنەر بەهمەنی قوبادی و حەز دەکەم لە فیلمەکانی وەکو ئەکتەر ڕۆڵ ببینم، هەروەها ئاواتم دەخواست لە فیلمی پەیکەری دڵ وەکو ئەکتەر ڕۆڵێکم هەبوایە، دەڵێتیش،" من ئافرەتێکی ئازاد نیم و تامی ئازادی ناکەم."

خاوەنی چەند بەرهەمی شیعریت؟
دەتوانم بڵێم تاوەکو ئێستا چل و پێنج بەرهەمی شیعریم هەیە، كه وەكو کۆرپەلەیەک لە ڕۆحم هەڵم گرتووە و خۆشم دەوێن و پێیان دەڵێم قافیەکانی دڵم، چونکە شیعرەکانم لەلای خۆم زۆر خۆشەویستن.
جگە لە شیعرنووسین، بەهرەی چی هونەرێکی ترت تێدایە؟
جگه له شیعرنووسین بەهرەی نواندم هەیە هەر له تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە بواری شانۆ بەشداربوومە تا تەمەنی شازدە ساڵی و لەم قۆناغانەی تەمەنمدا توانیومە سیناریۆی شانۆ بنووسم.
 هەستت بە ئازار و مەینەتییەکانی ئافرەت کردووە لە کۆمەڵگای کوردیدا؟
 بە ڕادەیەکی زۆر هەستم به ئازاری ئافرەتانی كورد كوردووه، به تایبەتی ئازادیی ڕادەربڕین؛ دەتوانم بڵێم خۆم وەکو ئافرەتێک تاوەکو ئێستاش مافی تەواوم نەبووە، بۆیە ئافرەتی کورد سەرزەنشت کراوە و بەهۆی هەڵەیەکی بچووکەوە دەکوژرێن، بۆیە من لەناو ناخی ئافرەتانی کورد دەژیم و هەمیشە هەست بە ئازارەکانی ئەوان دەکەم.
حەز دەکەیت وەک ئەکتەر بەشداری سینەما و شانۆ بکەیت؟
من زۆر ئارەزوو دەکەم لە بواری سینەمادا کار بکەم و ئاواتم دەخواست لە فیلمی "پەیکەری دڵ"دا ڕۆڵێکم هەبێت و بەشدار بوومایە، هەروەها من زۆر سەرسامم بە کارەکانی دەرهێنەر بەهمەنی قوبادی و هیواخواز دەخوازم لە یەکێک لە فیلمەکانی بەهەمەنی قوبادی وەکو ئەکتەر ڕۆڵ ببینم.
کێ بە هۆکاری سەرکەوتنەکانی خۆت دەزانی؟
ئەو کەسانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵم بوونە و دەستی منیان گرتووە من بە مامۆستای خۆمیان دەزانم و برا گەورەکەم هەمیشە وەکو چیایەک لە پشتی من بووە، هەروەها شاعیران یەحیا بەرزنجی و شەیدا بەرزنجی بە مامۆستای خۆمیان دەزانم و هەمیشە هاوکاری من بوونە لە سەرکەوتنەکانم.
 هیچ هونەرمەندێک داوای لێکردووی شیعرێکی تۆ بکات بە گۆرانی؟
بەڵێ هونەرمەندان داوایان کردووە شیعرەکانی من بکەن بە گۆرانی وەکو هونەرمەندان ماهیر ئەمین و سەعدوون کاکەیی و سەیوان حەمید داوایان کردووە شیعرەکانی من بکەن بە گۆرانی و منیش بە خۆشحاڵییەوە ئامادەییم دەربڕیوە شیعرەکانی من بکەن بە گۆرانی.
 تۆ کچێکی ئازادی؟
 من ئافرەتێکی ئازاد نیم تاوەکو لەم کۆمەڵگایە بژیم تامی ئازادی ناکەم و شتێک بە ناوی ئازادی نابینم، بۆیە ئەگەر سەرکێشی خۆم نەبێت بە هیچ یەکێک لە ئامانجەکانم ناگەم و تامی سەرکەوتن ناکەم، بۆیە من هەمیشە خۆم بڕیار لە ژیانی خۆم دەدەم و قسەی کۆمەڵگا ناتوانن كارم تێ بكەن، چونکە من کچێکی ئازادم و بۆ ئازادی و سەربەستی دەژیم.
ناخۆشترین و خۆشترین ڕووداو لە ژیانی تۆ چ ڕووداوێک بووە؟
ناخۆشترین ڕۆژی ژیانم ئەم ڕۆژە بوو کە خیانەتم لێکرا و ئازارێکی زۆر قووڵ لە ناخمدا بوو بەڵام من کەسێکی ئازا بووم و توانیم بەسەر هەموو ئازارەکانمدا سەربکەوم، هەروەها خۆشترین ڕۆژی ژیانم ئەم کاتەیە کە خۆشەویستانم لەلام دەبن و بەیەکەوە پێدەکەنین و دڵخۆش دەبین ئەمە بۆ من لە هەموو شتێک گرینگترە و زۆر دڵخۆشم بە بوونی خۆشەویستانم و دەمەوێ پێیان بڵێم زۆرم خۆش دەوێن.
شیعرنووسین لە ڕووی ماددیەوە قازانجی بۆت هەبووە؟
 نەخێر شیعرنووسین هیچ سودێکی ماددی نییە و هەرگیز شیعرەکانم مەزەندە ناکەم بە پارە بەڵکو ئەمە حەزێکی خۆمە و لەگەڵ ڕۆحم تێکەڵ بووە، هەر کەسێک لە هەستەکانم نزیک بێت من شیعرێکی پێشکەش دەکەم و بە شیعرەکانم ئاسوودەی دەکەم.
جگە لە شیعر نووسین، حەز بە نووسینی ڕۆمان و چیڕۆک دەکەیت؟
بەڵێ جگه له شیعر نووسین ئاواتم ئه وەیە ببمه غەزەلنووس و لە هەمان کاتدا حەز دەکەم ببم بە نووسەری فیلم.
خانەوادەکەت پشتگیریت دەکەن؟
زۆر بە کەمی پشتگیریم دەکرێت و بە ڕادەیەک خانەوادەکەم نازانن من شاعیرم و بە هیچ شێوەیەک پشتگیریم ناکرێت، جگه لە براکەم كه گەورەترین پاڵپشتی منە و تا مردن خۆم بە قەرزاری ئەو دەزانم.

© 2017 Hawler