نیسان 06, 2020

زۆرترین بینراو هونه‌ری

Error: No articles to display

باوکم لە پیانۆ و شمشاڵ شارەزا بوو

گەرمیان گلی - هه‌‌ولێر

 

سەنا غەفوری تەمەنی ١٨ ساڵە و لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی بەشی میوزیك دەخوێنێت و چوار ساڵە دەستی بە ژەنینی ئامێری کلارنێت کردووە. وەک خۆی لەم دیمانەیەی بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" دەڵێ: "میوزیك باشترین هاوڕێمە و هەرگیز تەنیام ناکات، دەشڵێت، میوزیك خاڵیت دەکات لە جەنجاڵی و بێتاقەتی و کێشمەکێشمی ژیان".

کەی تێکەڵ بە دونیای میوزیك بووی؟
هەر لە منداڵییەوە کە تەمەنم ١٠ ساڵان بوو بە ژەنینی ئامێری ڤایۆلین دەستم پێکرد و بە شێوەیەکی ئەکادیمی چوومە ناو دونیای میوزیك، بەڵام هەر لە تەمەنی ٧ ساڵییەوە باوکم یارمەتی دەدام بۆ فێربوونی ئامێرەکان بەشێوەیەکی سەماعی، چونکە باوکم لە پیانۆ و شمشاڵ شارەزا بوو، لەم کاتەوە تا ئێستا بەردەوامم و هیوادارم بتوانم لە داهاتوو پێشخستنی زیاتر بەخۆمەوە ببینم.
تا ئێستا میوزیك چ خۆشەویستییەکی بەتۆ بەخشیوە؟
هەمیشە خۆشەویستی دەبەخشێت و باشترین هاوڕێمە و هەرگیز تەنیام ناکات و هەر کاتێک کە بێتاقەت دەبم پارچە میوزیكێک دەژەنم هەموو بێتاقەتییەکەم بیردەچێتەوە، هەروەها ئەو شتەی کە بەیەکەوە دەمان بەستێتەوە، یەکێکە لەم هۆکارانەی کە دەتوانم هەستی خۆش و ناخۆشی خۆمی پێ دەربڕم، من هەمیشە لەگەڵی دۆستم و لەهەر کوێبم دەبێ گوێ لێبگرم، چونکە بێ میوزیك ناتوانم و هێندەی ڕۆحم میوزیكم خۆش دەوێت.
میوزیك ئارامکەرەوەی رۆحە، تا چەند ڕۆحی تۆی ئارام کردووە؟
خۆراکی ڕۆحە و لەلای من هەر کاتێک گوێ لە میوزیكێک یان گۆرانیێک بگرم خاڵی دەبم لە هەموو جەنجاڵی و بێتاقەتی و کێشمەکێشی ژیان، هەر کاتێک خۆم بیژەنم دەمباتە ناو دونیای جوانی و خۆشەویستی و کاتێکی پڕ لە ئارامی بەسەر دەبەم و خەیاڵێکی سەمفۆنیایی پڕمدەکات لەخۆی و دەبمە کەسێک کە خاڵی بم لە هەموو کێشە و گرفتەکانی دونیا.
چەند جۆر میوزیك دەژەنی؟
چەند جۆرە ئامێرێک دەتوانم بژەنم بە ئەکادیمی وەکو ( کەمان و فلوت و کلارنێت و دەف) جگە لەوە ئامێرەکانی تر بە سەماعی دەتوانم بژەنم.
ئامانجت چییە لەناو دونیای هونەر؟
ئامانجی سەرەکیم لەناو دونیای هونەر بەتایبەت هونەری میوزیك ئەوەیە کە بتوانم وەکو ژەنیارێکی کچ زیاتر سوود بەو لایەنە بگەیەنم، بەڵام ئەوەی کەمن لێرە دەیبینم جگە لە داگیرکردنی پارچە زەوییەک هیچ گرینگییەکی ئەوتۆیان پێ نەدراوە، بەڵام من دەمەوێت ئەو هونەرە کوردییە بە هەموو دونیا بناسێنم.

© 2017 Hawler