نیسان 06, 2020

زۆرترین بینراو هونه‌ری

Error: No articles to display

لە شانۆگەریی "سێبەری چیا"ـدا چیمان بینی؟

شیڤان شێرزاد - هەولێر

 

شانۆگەریی "سێبەری چیا" نووسین و دەرھێنانی "ھیوا سوعاد"ـە و نواندنی "وێلان سدیق، ڕۆزانا فەرھاد، شەیما فریاد" و دەستەیەک لە ھونەرمەندان تێیدا بەشدارن و بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتیی ھونەری شانۆی ھەولێرە.

دوێنێش لە یەکەم نمایشی خۆیدا لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی شانۆی ھەولێر – وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاواندا، بینەری شانۆی ھێنایە ھەژان و بڕیاریشە 3 ڕۆژ بەردەوام بێت.
ڕۆڵی ئافرەت لە نێو شانۆی کوردیدا
"ھیوا سوعاد" لەو بەرھەمەیدا ھەوڵی داوە، ڕۆڵی ئافرەت زیاتر نیشان بدات و توانا و ھێزی ئافرەت وەک خۆی لە نێو شانۆدا ببینرێت، بەتایبەت دوای ئەو تاقیکردنەوە جوانەی لە شانۆگەریی کچانی دۆزەخ و شانۆگەریی ھەڵەبجەدا پێشکەش کرد، کە بۆمبێک بوو لە نێو شانۆی کوردی دا، کە ساڵانێک بوو لەو جۆرە بەرھەمانە لە کوردستان نەبینرا بوون.

3 کچە ئەکتەر
لە شانۆگەریی سێبەری چیادا، دەرھێنەر 3 کچە ئەکتەری بە توانای ھەڵبژاردووە، کە ڕۆڵی ژنە ئەنفال و دایکێکی جگەرسووتاوی دەستی ئەنفالچیەکان دەبینن و ھەمیشەش ھیوایان وایە مێرد و منداڵ و کوڕ و براکانیان بگەڕێنەوە، بەڵام گەڕانەوەی ئەو جەنگاوەرانەی بە دیکومێنت و گێڕانەوەی کارەساتەکە تەنیا خەیاڵێکە و بۆ ئەبەد چاویان بە ڕۆڵە و پیاوەکانیان ناکەوێتەوە.
دایکێکی جگەرسووتاو لەسەر تەختی شانۆدا
ڕۆزانا فەرھاد، وەک یەکێک لە ئەکتەرە ھەرە بەرچاوەکانی ئەو شانۆگەرییەدا کە ڕۆڵی دایکێکی جگەرسووتاو و مێردێکی ئەنفالە، لە ژەمە خوانی بەیانیان و ئێواراندا لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی خانەوادەکەیەتی، تەنانەت شەوانە جێگەی مێردەکەی و تەواوی ئەوانەی ون بوون لێی، ڕادەیەخات و ھەمیشە بە خەیاڵ لەگەڵیان دەدوێت و پێیوایە ڕۆژێک دێت دەگەڕێنەوە.

ئەنفالچیەکان خەونی مێرمنداڵێک لە ناوبرد
لە بەشێکی دیکەی شانۆگەرییەکەدا (شەیما فریاد)، کە دایکی ئەنفالێکە و لە منداڵیەوە تا گەورە بوون، خەونی ئەوەی ھەبوو ببێت بە خاوەنی ئامێرێکی موزیکی وەک کەمانجە، بۆیە ھەمیشە پارەکانی لە دەخیلەیەکدا کۆ دەکردەوە، تا بتوانێت لە داھاتوودا خەونەکەی بەدی بھێنێت، بەڵام کە گەورە بوو، ئیدی خەونەکانی خۆی بەلاوەنا و لە بری کڕینی کەمانجە، پارەکانی کۆیکردبۆوە ھەمووی بە دەرمانەکانی دایکی دا، چونکە لای ئەو مێرمنداڵە خۆشەویستی و مانەوەی دایکەکەی زۆر لە خەونەکانی ئەو گەورەتر بوو، بێ ئاگاش لەوەی کە تەمەنی خۆشەویستی نێوان خۆی و دایکی چەند ڕۆژێک ماوە و ئیدی یەکتر نابیننەوە و ئەوەی دوا دیداری نێوان خۆی و دایکی دەبێت.

موزیک و گۆرانی لە نێو شانۆدا
دەرھێنەر لەو شانۆگەرییەدا زۆر بە وردی شانۆگەرییەکەی تێکەڵ بە موزیک و گۆرانی کرد بوو، بەتایبەت ئەو بەرھەمانەی کە لە سەردەمی پێشوودا پێشکەش کرابوون و حوزنیان لێدەباری و ڕۆحی بینەریان پڕ دەکرد لە گریانێک بۆ نیشتمان و ئەو ھەموو تاوانانەی کە دەرحەق بە گەلی کورد و ئافرەتی کورد کراون، جار جارەش موزیکەکان شادبوون و شایی و ھەڵسانەوەی ئافرەتە جەرگ سووتاوەکانی دەخستە ڕوو، کە نیشانەی بەھێزی دایکانی کورد بوو، بەرامبەر بەو ھەموو ئازارانەی تووشیان ھاتووە لە سووتاندنی ڕۆح و لەدەستدانی منداڵ و برا و مێردەکانیان، کە ھەزاران خەونیان ھەبووە.

لە چاوەڕوانی گەڕانەوەدا
ژنە ئەنفالەکان ھەرگیز بڕوایان وانەبوو، کە کەسوکارەکانیان بەبێ خودا حافیزە جێیان بھێڵن، ھەربۆیە ھەمیشە چاو لە ڕێگابوون بۆ گەڕانەوەیان و بە خەندەوە یادگارەکانیان دەگێڕایەوە، تەنانەت لەنێو خۆشترین ساتەکانی گێڕانەوەی یادگارەکانیشدا فرمێسک ھەر بە چاوانیانەوە دیاربوو، بەڵام ئەو چاوەڕوانیە درێژەی کێشا و ئیدی تەنیا تەرمی کەسوکار و مێرد و منداڵەکانیان بە ئاڵای کوردستانەوە لە ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان گەڕێندرایەوە نێو خانەوادەکانیان، کە ھەریەکێکیان نیشانەیەکی پێوە دیاربوو بۆ ناسینەوەیان، جەمانەی ملیشیان بوو بە ڕەمزێک بۆ ناسنامەی کوردبوونیان، لەمەشدا دایکانی شەھید و ئەنفال یەک دروشمیان ھەڵگرت، کە ئەویش بریتی بوو لەوەی بەڵێ، ئێمە ڕۆڵەکانمان بۆ ئەبەد سەریان نایەوە، بەڵام مردنێکی شایسەی بۆ خاک و نیشتمان و تۆمارکردنی سەروەریی لەم خاکەدا.

شانۆکاران گوڵباران کران
دوای کۆتایی ھاتنی شانۆگەرییەکە، دەیان چەپکە گوڵی سووری خۆشەویستی پێشکەش بە ستافی ئەو شانۆگەرییە کرا، کە گێڕانەوەی چیرۆکێکی پڕ لە تراژیدی بوو، ئەمەش وای کرد، کە ھیوا سوعاد کاری جوانتر و پڕۆژەی گەورەتر بۆ ئاییندە ئامادە بکات و خۆشی ئامادە بکات بۆ ئەو شوێن و وڵاتانەی کە بە فەرمی داوەتیان کردووە بۆ نمایش کردنی ئەو بەرھەمە شانۆییە لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان و دەرەوەی کوردستان.

© 2017 Hawler