شوبات 27, 2020

خەج و سیامەند دوای 2 ساڵ ئەم ڕەمەزانە بەیەک دەگەن!

شیفان شێرزاد_هەولێر

 

داستانی خەج و سیامەند، ماوەی دوو ساڵە ھونەرمەند "نزار مامە" بۆ کارێکی درامی کاری لەسەر دەکات، کە لە نووسینی نووسەر و ڕۆژنامەنووس "نازم دڵبەند"ـە و وێنەگرتنی یوسف لەشکرییە و چەندین گەورە ئەکتەری کوردیش لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و ناوەوەی کوردستان تێیدا بەشدارن.

ئێستایش ئەو درامایە لە قۆناغی مۆنتاژکردندایە و کۆتایی ھێنراوە بە تەواوی دیمەنەکانی نێو دراماکە، کە 15 ئەڵقەیە و بڕیاریشە لە شەوانی مانگی ڕەمەزاندا ببێتە میوانی ماڵەکانمان.

"نزار مامە"ـی دەرھێنەری درامای "خەج و سیامەند" بە ھەولێری ڕاگەیاند: دیارە گێڕانەوەی ئەو داستانە کارێکی ھێندە سانا و ئاسان نیە بۆ دەرھێنەرێک کە بیەوێ کار لەسەر داستانێکی مێژوویی پڕ لە قوربانیدانی نێوان دوو ئەویندار بکات، کە مێژووەکەی بۆ سەدەیەک یاخوود زیاتر بگەڕێتەوە، بۆیە لێرەدا دەبێت زۆر بە وردی کار بۆ ئەو بەرھەمە بکرێت، ئەمەیش وایکرد کە دوو ساڵ سەرگەرمی وێنەگرتن و کاری جوانتر و پڕۆفیشناڵتربین.

گوتیشی: چیرۆکی داستانەکە باس لە خۆشەویستی نێوان دوو ئەوینداری کورد دەکات، لە نێو ئەو چیرۆکەشدا سەدان چیرۆکی دیکەی خۆشەویستی و قوربانیدان خۆیان دەنوێنن، کە ھەریەکێکیان داستانێکی دیکەیە گەر کاری لەسەر بکەین، بۆیە ئێمە ھەوڵمانداوە ھەموو ئەو چیرۆکە خۆشەوستیانە لەیەکتر کۆبکەینەوە و ناوچە بە ناوچە و لادێ بە لادێی وێنە بگرین، کە چیرۆکەکانی لێ سەرھەڵداوە و لێرەوەش ڕایدەگەیەنین، کە لە ڕەمەزانی ئەمساڵدا "خەج و سیامەند" دەبێتە میوانێکی ڕوحسووکی ماڵەکانمان و لە 15 ئەڵقەدا تەواوی چیرۆکی ئەو ئەویندارانە بە جلی کوردی و دیمەن دەشت و کێو و ناوچە دڵڕفێنەکانی ھەرێمی کوردستان نیشانی بینەری درامای کوردی دەدەین.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 13 شوبات 2020 09:06
© 2017 Hawler