شوبات 27, 2020

تابلۆ زه‌يتى و ئاوييه‌كانی پێشانگاكه‌ ئاوێته‌ى يه‌كتر بوون

محه‌مه‌د سه‌عيد كورده‌ - هه‌ولێر

 

سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی 10 ی شوبات، به‌هاوكارى لقى هه‌ولێرى سه‌نديكاى هونه‌رمه‌ندانى كوردستان و كۆميسۆنى باڵاى بوژانه‌وه‌ى قه‌ڵاى هه‌ولێر21 مين پێشانگاى شێوه‌كارى هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری كورد فه‌يسه‌ڵ عوسمان، له‌سه‌ر قه‌ڵاتى هه‌ولێر كرايه‌وه، له‌ نێو هۆڵى پێشانگاكه‌دا ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ى هونه‌رى ڕۆژنامه‌ى هه‌ولێر گوتي: پێش ئه‌وه‌ى باس له‌و پێشانگايه‌ بكه‌م، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌ بدركێنم كه‌ من هه‌ر شه‌ش مانگ جارێك پێشانگايه‌ك ده‌كه‌مه‌وه‌، چونكه‌ ڕۆژانه‌ له‌ماڵه‌وه‌ وێنه‌ ده‌كێشم، پاشان هه‌موويان كۆده‌كه‌مه‌وه‌ تا ده‌بێته‌ پڕۆژه‌ى پێشانگايه‌ك، تابلۆكانى من ديار و ئاشكران، چونكه‌ من زۆر به‌ شه‌فافى ئيش ده‌كه‌م و زياتر ڕه‌نگى ئاوى به‌كار دێنم ئه‌وه‌ش پێويستى به‌ ئه‌زموونێكى زۆر هه‌يه‌، چونكه‌ ده‌بێ به‌ شاره‌زاييه‌كى زۆره‌وه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز كار بكه‌ى، ئینجا ئه‌و تابلۆ جوان و قه‌شه‌نگه‌ ده‌رده‌چێ كه‌ من ده‌مه‌وێ،  ئه‌وه‌ش له‌كێشانى هه‌موو جۆره‌ وێنه‌يه‌ك قوورستره‌، له‌ پيشانگاى ئه‌مجاره‌مدا‌ كه‌ 36 تابلۆى تێدا خراوه‌ته‌ به‌رچاو كاره‌كان نيوه‌ى ئاوييه‌ و نيوه‌كه‌ى ديكه‌ زه‌يتيه تا ئه‌و پڕۆژه‌ی لێهاتۆته‌ به‌رهه‌م، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ باسی له‌ پڕۆژه‌ی داهاتووی خۆی كرد و گوتی:له‌ پڕۆژه‌ى داهاتوومدا به‌نیازم به‌شدارى بكه‌م‌ له‌ پێشانگاى شێوه‌كارى ساڵانه‌ كه‌ له‌ شارى ڤابريانۆى ئيتاڵى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكى شێوه‌كاری جیهانی بۆى هه‌يه‌ به‌ تابلۆيه‌ك به‌شدارى بكات، بێگومان ئه‌و پێشانگا جيهانيه‌ هه‌موو سالێك له‌ مانگي ئايار به‌ به‌شدارى 1200 تا 1500 هونه‌رمه‌ند له‌ 75 وڵاتى جيا جيا به‌شدارى تێدا ده‌كه‌ن، من به‌ تابلۆيه‌كى سروشتى كوردستان به‌شدارى ده‌كه‌م كه‌ ناونیشانی تابلۆكه‌ (به‌فرو چيا) یه‌، پێم خۆشه‌ ئه‌و ڕاستيه‌ش بڵێم كه‌ گه‌له‌رییه‌كه‌ی سه‌ر قه‌ڵاتى هه‌ولێر باشترين شوێنه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌و جۆره‌ پێشانگانه‌، چونكه‌ جگه‌ له‌ خه‌ڵكى خۆمان گه‌شتيارێكى زۆر دێنه‌ ديده‌نى پێشانگاكه‌ و به‌ ئه‌شقه‌وه‌ سه‌يرى تابلۆكان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌به‌رنامه‌مدایه‌ ئیدی پێشانگا له‌و شوێنه‌ بكه‌مه‌وه‌، پاشان (سابير ڕه‌شيد) وه‌ك ميوانێكى پێشانكاكه‌ گوتى: وێراى ده‌ستخۆشيم له‌ هونه‌رمه‌ندى به‌ توانا فه‌يسه‌ڵ عوسمان، كه‌ ساڵانێكى زۆره‌ ده‌يناسم و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵيدا ئاشنام، بۆيه‌ من له‌ ساڵى 1987 له‌ رۆژنامه‌ى (پاشكۆى عێراق) يه‌ك لاپه‌ڕه‌م له‌سه‌ر هونه‌ره‌كه‌ى نووسى كه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ زياتر ئيشى زه‌يتى و ئاوى ده‌كات و له‌ هه‌ردووكيشيان سه‌ركه‌وتووه‌،  ئه‌وه‌ى زۆر سه‌رنجى منى ڕاكێشا له‌وپێشانگايه‌دا سروشتى كوردستان بوو كه‌ به‌ زه‌قى له‌ تابلۆكانيدا ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌، بۆيه‌ ئه‌و لايه‌نه‌ له‌لاى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ زۆر گرنگه‌ و به‌ بايه‌خه‌وه‌ سه‌ير ده‌كرێ، ماوه‌ته‌ بڵيين هونه‌رمه‌ند فه‌يسه‌ڵ عوسمان له‌ ساڵى 1956 له‌ شارى هه‌ولێر له‌ دايكبووه و ده‌رچووى په‌يمانگه‌ى هونه‌ره‌ جوانه‌كانى به‌غدايه‌، جگه‌ له‌ پێشانگا تابه‌تيه‌كانى به‌شدارى له‌ زياتر له‌ 50 پيشانگاى هاوبه‌شكردوه‌ له‌ كوردستان و عێراق و وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ى وه‌ك فه‌ره‌نسا و ئيتاڵيا و هۆڵه‌نده‌ و ژاپۆن وجۆرجيا و مه‌غريب و ميسر و پاكستان و ئه‌رمينيا و دوبه‌ى كردوه‌، هه‌روه‌ها ماوه‌ى 10 ساڵ مامۆستاى په‌يمانگه‌ى هونه‌ره‌ جوانه‌كانى هه‌ولێر بوه‌ و ئه‌ندامى سه‌نديكاى هونه‌رمه‌ندانى كوردستان و كۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نگى ئاوى جيهانى Iws و ئه‌ندامى كۆمه‌ڵه‌ى ته‌شكيلى عێراقه‌ و ئێستا سه‌رپه‌رشتيارى په‌روه‌رده‌ى خانه‌نشينه‌.‌  

 

© 2017 Hawler