کانونی یەکەم 11, 2018

چێخۆڤ: من ژنێكم دەوێ وەك مانگ وابێت و هەموو شەوێ بەسەر سەرمەوە نەبێت

بە سەرو ریشە ماش و برنجییەكەیەوە هەمیشە جێگەی سەرنجڕاكێشانی ئافرەتان بوو، ئەگەر یەكێكیش لەوان لێی پرسیبوایە ( ئەرێ كابرا تۆ بە تەمای ژنهێنان نیت ؟) شەرم دای دەگرت و رەنگی زەرد هەڵدەگەڕا، دەیویست هەر چۆنێ بێت خۆی لە تەنگەتاویەكە رزگار بكات و بە كورتی وەڵامی دەدایەوە و دەیگوت ئەی قابیلە بە تەما نەبم؟ حەتمەن بە تەمام. كەچی راستیەكەی وا نەبوو، ئەوەندە بیری لەو پرسە نەدەكردەوە، چونكە ئەو دەردێكی بێدەرمانی پێوە نووسابوو، ئامادە نەبوو ئەو خەمانەی خۆی لە گەڵ هیچ كەسێكی تر دابەش بكات،ئەوەتا كاتێ تەمەنی دەگاتە سی و پێنج ساڵی، 1897 لە نامەیەكیدا بۆ هاوڕێ ی رۆژنامە نووسی (ئەلكسی سۆفۆرین ) باس لە هاوسەری نموونەیی دەكات و دەنووسێت :
تۆ داوای ئەوە لەمن دەكەیت ژن بێنم،باشە ژن دێنم وەك تۆ ئارەزووی دەكەیت،بەڵام منیش مەرجی خۆم هەیە بۆ هاوسەرگیریی، من ژنێكم دەوێ وەك مانگ وابێت و هەموو شەوێ بەسەر سەرمەوە نەبێت.
لە زۆر شوێنی تردا نا بە دڵی خۆی بۆ نزیك بوونەوە لە ئافرەت و ژن نیشان داوە، تا ئەو راددەیەی نەفرەت لە هەموویان بكات و دەڵێت : دنیا جوانە. بەڵام شتێ هەیە بێژەوەری كردووە ئەویش ئێمەین.
ئەو وا خوڵقابوو هەمیشە چێژ لە بە تەنیا بوون و سەربەخۆ بوونی خۆی وەربگرێت. تا ئەو كاتەی بۆ یەكەمجار ئاشنا بە ئەكتەری بە رەچەڵەك ئەڵمانی (ئۆلجا لیۆناردۆفنا كنیبر ) بوو، كە وەك ئەكتەرێكی سەرەكی بەشداریی لە دوا بەرهەمی شانۆیی ئەودا كرد،بۆ یەكەم جار لە ئافرەت ئاڵا،ئەو ئافرەتە تەمەنی دەساڵان لە چێخۆڤ بچووكتر بوو،بەڵام چێخۆڤ خۆی لە دەست ئەو خۆی رزگار كردو بە نهێنی هاوسەرگیری لە گەڵدائەنجام دا .
لەو كاتەی كە پەیوەندی ئەڤینداری لە گەڵیدا هەبوو،لە دوو شانۆگەریدا رۆڵی تایبەتی بۆ ئەو دیاری كرد، لە شانۆیی لالۆ ڤانیا ـ رۆڵی ئەلینای بۆ دانا، لە سێ خوشكەكانیش رۆڵی (ماشا )
بەڵام بەر لە پێكهێنانی ژیانی هاوبەش، نامەیەكی بۆ نووسیووەو دەڵێت : زۆر لەو پرۆسە تەقلیدیانەی هاوسەرێتی و هەڵگرتنی شووشە شامپانیاو زەردەخەنەی درۆزنانە دەترسم .
لە ماوەی هاوسەریەتییەكەیشیدا،ئەو بە هۆی ئەو نەخۆشیەی دووچاری ببوو، ئەوەندە لە گەڵ ئۆلجا بە یەكەوە نەبوون، بە هۆی سەرماو سۆڵەوە چێخۆڤ بەرگەی نەدەگرت لە مۆسكۆ بژی و ئۆلجاش هیچ رۆڵێكی لە نمایشەكانی رەت نەدەكردەوە بە هۆی نەخۆشی هاوسەرەكەیەوە، بۆیە دابڕانی زۆریان هاتە رێ، ئەگەرچی ژنیشی هێنابوو، بەڵام زۆربەی كاتەكان بە تەنیایی و

نووسینی تێكستی شانۆگەریەكانی بە سەر دەبرد،لە نامەیەكی تردا بۆ ئۆلجا دەڵێت :
بە درێژایی تەمەنی هاوسەرگیریمان قەت رەخنەم لە تۆو نواندنەكانت نەگرتووە، بە پێچەوانەوە دڵحۆش بوومە بەوەی تۆ بە دوای گەیشتن بە ئامانجەكانت دا دەگەڕێ ی، هەر وەك بە گوناهباریشت نازانم كە ناتوانی بەرگەی سەرما بگری و لە گەڵمدا بژی، بەڵام ئێمە هەردووكمان نموونەیەكی جوانی هاوسەرایەتی نیشان دەدەین كە هیچمان رێگر نین لە بەردەم ئەوی ترماندا بۆ كار كردن، ئەگەر پێكەوەش ناژین ئەمە گوناهی تۆ و گوناهی من نیە، ئەمە گوناهی قەدەرە كە میكرۆبێكی كوشندەی لە جەستەی مندا چاندووە و تۆی خۆشەویستیی هونەریشی لە دڵی تۆدا.

ئەو چەند ساڵەی لەگەڵ ئۆلجا بوو،رۆژانێكی ساردو سڕ بوون، لە چەندین بۆنەدا چێخۆڤ ئەو ساردوسڕیەی نێوانیانی بە نامە باس كردووە، ئەوەتا دەڵێت : حاڵەتی تەندروستیم باش نیە و لە

پیرەمێردێكی بەساڵاچوو دەچم، ئەمەش مانای ئەوەیە كە تۆ مێردێكت دەست نەكەوت، بەڵكو پیرەمێردێكی بەساڵا چوو.
ئۆلیجا ی هاوسەریشی لە هەموو كەسێ زێتر ئاشنا بە چێخۆڤ ببوو، بۆیە ئەو دەربارەی چێخۆڤ دەڵێت : ئەو هەموو كەسێكی خۆش دەویست بەوانەی باشن و ئەوانەش خراپ و پڕ لە هەڵەن. هەموو ئارەزووەكی نووسین بوو، هەمیشە بە دوای شوێنێكی ئارامدا دەگەڕا بۆ ئەوەی لە كێشەو ئاژاوەكان دوورەپەرێز بێت و بنووسێت.
ئۆلجای هاوسەری كە پێنج ساڵی هاوسەری لە گەڵ چێخۆڤ دا بە سەر برد، بە هۆی كارە شانۆییەكانی لە شانۆی مۆسكۆ،چێخۆڤ بە هۆی سەرماو نەخۆشی لە یاڵتا هەردووكیان لە تەنیایی دا دەژیان، بەڵام هەرگیز ئەو لێكدابڕانە لە خۆشەویستی نێوان ئەو دوو هاوسەرەی نەگۆڕێ، دوای ماڵئاواییكردنی چێخۆڤیش، بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوو لە سەر نووسینی یاداشتەكانی لە گەڵ چێخۆڤ دا.
ئەوەتا لە 19 ی ئۆگستۆسی 1904 لە یاداشتێكیدا دەنووسێت: ئازیزەكەم لە كۆتاییدا توانای ئەوەم پەیدا كرد كە نامە بۆ تۆ بنووسم، من ئێستا هەست دەكەم زۆر لێمەوە نزیكی، ئەگەرچی زۆر لێتەوە دوورم،من ئێستا نازانم تۆ لە كوێی،زۆر چاوەڕوانی ئەو رۆژە بووم كە رۆژێك بێت و بتوانم بۆ تۆ بنووسم .

ئەمڕۆ چوومە مۆسكۆو سەردانی گۆڕەكەتم كرد، بەڵام هەرگیز ناتوانم باوەڕ بەوە بێنم كە تۆ لە ناو زیندووەكاندا نەمابیت.
من ئێستا زۆر بە پەرۆشی ئەوەم بۆت بنووسم،بۆ ئەوەی هەموو شتێكت بۆ باس بكەم،دوای ماڵئاوایی كردن و ئەو چركەیەی دڵت لە لێدان كەوت.
من ئێستا وا هەست دەكەم كە تۆ هێشتا لە ژیاندا ماوی و لە شوێنێكا چاوەڕوانی ئەو نامەیەم دەكەی. بەڵام تازانم ئەو شوێنە كوێیە .
ئۆلگا لیۆناردۆفناكنییر (1968) كە هاوسەری چێخۆڤ بووەو لە گلاسۆف ـ روسیا لە بنەماڵەیەكی لە رەشەڵەك ئەڵمانی لە دایك بووە، یەكێك بووە لەو 39 كەسانەی بە دامەزرێنەری شانۆی مۆسكۆ دادەندرێن،بە لای ستانسلافسكییەوە یەكێك بووە لە باشترین ئەكتەرانی ئەو شانۆیە.
بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1898 لە گەڵ چێخۆڤ یەكتریان ناسی، كاتێ لە نمایشی باڵندەی دەریا رۆڵی سەرەكی بینی،پاشان لە شانۆیی (سێ خوشكەكان ) رۆڵی ماشاو ساڵی 1917 لە

شانۆی مۆسكۆ بەشداری شانۆیی باغی گێڵاسی كرد.
لە ئەنجامی ئەو رۆڵە كاریگەرانەی ئۆلگا لە شانۆی رووسیدا بینی، چەندین خەڵاتی رێز لێنانی پێ بەخشراوە، لەوانە خەڵاتی نازناوی ( هونەرمەندی گەل لە روسیا )
لە 22ی ئاداری 1959 ماڵئاوایی لە دنیادا كردووە.
ئەوەی وای كردووە چێخۆڤ هۆگری ئۆلگا بێت، تەنیا نواندنەكەی بووە، كە نەك هەر لای چێخۆڤ بە تەنها بەڵكو لای ستانسلافسكیش بە هەمان شێوە.
ئەو دوو هاوسەرە كارەكانیان لە سەرووی رۆتینیاتی ژیانی هاوسەریەتی داناوە، ئەو ئامانجانەی هەیان بووە بۆ خزمەتی شانۆ(چێخۆڤ بە نووسین و ئۆلگا بە نواندن) بە لایانەوە گرنگتر بووە لە هەر كۆتو پێوەندێكی تر كە ببێتە مایەی سارد بوونەوە لە كارەكانیان، چێخۆڤ لە چەندین نامەدا ئەو حەماسە جوانەی ئۆلگای بۆ نواندن بە بەرزی نرخاندووە، وەك ئۆلگاش بە هەمان شێوە هەمیشە هەموو ئازادییەكی بە چێخۆڤ بە خشیووە و هەموو هەەلو مەرجێكی بۆ رەخساندووە بۆ بەردەوام بوون لە نووسین، چونكە ئۆلگا بە هۆی دەقەكانی چێخۆڤ بوو بە ناسراوترین ئەكتەرو خاوەنی زۆرترین هەوادار، بۆیە ئەگەرچی ئۆلگا خۆی وەك ئەكتەر توانستێكی گەورەی هەبوو لە نواندن دا بەڵام چێخۆڤ یاریدەدەرێكی باش بوو بۆ بەرەو پێشەوەچوونی.

© 2017 Hawler