شوبات 27, 2020

یادێک لە مامۆستا و هونەرمەند تەڵعەت سامان

 فەرهەنگ غەفوور

 

لەم ڕۆژانەدا لە ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوەی هونەرمەند و مامۆستا (تەڵعەت سامان)ـدا بەشدار بووم، کە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی (پ.د.ک) بە ھاوئاھەنگیی لەگەڵ خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ئامادە و سازی کردبوو، ئەم ڕێوڕەسمە ڕێزلێنانێکی شایان بوو بەو خزمەتە زۆرەی هونەرمەندی گەورەی بواری شانۆ و دراما و نووسین پێکشەشی کردووە.
 لە مەڕاسیمەکەدا، کە هەم وتار و هەمیش فیلمی دیکۆمێنتاری و هەمیش دوو کتێب لە کۆکراوەی چالاکی و نووسینە شانۆییەکانی هونەرمەند نمایش کران، کارێکی تا بڵێی بەرز و پێویست بوو. پێشتریش ئەم دەزگایە رێزی لە ڕۆڵ و خەباتی مامۆستای هونەرمەند (ئەحمەد سالار) گرت، کە شوکر هێشتا بە تەندروستیی باشەوە لە ژیاندایە. ئەم هەوڵانە لەلایەن ئەم دەزگا بەڕێزە و هەر دەزگا و رێکخراو و لایەنێکی سیاسی ساز بکرێن، جێی دەستخۆشی و هەم جێی دڵخۆشیشە، کە ببینین دامەزراوەکان رێز لە کەسایەتییە چالاک و خاوەن ئەزموونەکانی خۆیان دەگرن و فەرامۆشیان ناکەن، ئەمە وا دەکات کە گیانی خزمەت بە گەل و نیشتمان لە هەر بوارێک لە بوارەکان لەناو دڵ و دەروونی هەر یەکێکمان باشتر رەگ دابوکتێ و دەبێتە هێزێکی مەعنەوی باش بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی ئەزمووندار و توانادارەکان لەسەر کار و بەخشش. لەناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هەموو ئەو کەسایەتییە خاوەن بەهرە و ئەزموونانەی لە یەکێک لە بوارەکان خزمەت بە کۆمەڵگای خۆیان و مرۆڤایەتی دەکەن، دەبن بە سەرمەشق و نموونەی جوان بۆ مرۆڤایەتی، ناو و ناوبانگ و کەسایەتی و کاریزمایان ئەوەندە کاریگەریی لەسەر خەڵک دادەنێ، کە دواجار کۆی خەڵک لەسایەی مەعریفەی و ئەندێشە و بەرهەم و بەخششی ئەوان، ئاسوودە دەبێ. بۆیە دەبێ ئەم نموونە بەرزانە لە کۆمەڵگەی ئێمەش جێی گرنگی و بایەخپێدان بن و تا لە ژیاندان هەمیشە و بەردەوام بەسەر بکرێنەوە و دوای ماڵئاوایشیان هەمیشە بەرهەم و ئەزموون و کارەکانیان بکرێن بە نموونە و وانەی رۆڵەی ئێستا و داهاتوو. دووبارە دەستخۆشی ئەم ڕێوڕەسم و یادەوەریانە لەم دەزگا بەڕێزە و هەر دامودەزگایەکی دیکەی بەڕێز دەکەین کە سازیان دەکات و دروودیش بۆ گیانی مامۆستای هونەرمەند (تەڵعەت سامان) و هەموو ڕێبوارانی ڕێی پێگەیاندن و خزمەتکردنی گەل و وڵات دەنێرین.

© 2017 Hawler