تەمموز 12, 2020

هێزی کورد لە کۆڕبەندی داڤۆس

فەرهەنگ غەفوور

 

کۆڕبەندی داڤۆس، کە کۆڕبەندێکی ئابووریی جیهانییە و بە بەشداریی سەرۆکی وڵاتان و گەورە سەرمایەداران و خاوەن بڕیاران دەبەسترێ، بۆ گەلێکی بێ دەوڵەتی وەک کورد گرنگییەکی زۆری هەیە. هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە و دانوستانێک بۆ کورد باشە، بەتایبەتی لە وەها کۆڕبەندێک کە سەرۆکی گەورەترین وڵاتانی بڕیاربەدەست و زلهێز تێیدا ئامادە دەبن، جا ئەگەر بواری ئەوەش هەبێ کە تۆش وتە و سەرنج و قسەی خۆت هەبێ و دەنگت ببیسترێ ئەوە هەر زۆر باشە، وەک ئەمجارەیان کە ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئاوەدان و ئارام، لە زۆر لە سەرۆکی وڵاتان باشتر دەرکەوت و لەوێ قسەی خۆی لەسەر کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.
هەروەها زۆر دیداری گرنگی لەگەڵ سەرۆک و گەورە بەرپرسان کرد، بە تایبەتی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا و لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکانیش. شەکانەوەی ئاڵای کوردستان لەناو ئاڵای وڵاتان دەلالەتی گەورەی هەیە و بۆ هەموو لایەکی دەردەخا کە ئیدی کوردستان، دوای ئەو هەموو قوربانییەی لە شەڕی دژ بە تیرۆر داویەتی و دوای لەخۆگرتنی چەند ملیۆن ئاوارە و دوای دابینکردنی ئەمن و ئاسایش بۆ هاوڵاتییانی خۆی و ئاوارەکان و نێردەی وڵاتان، ئەو سەنگەی هەیە کە لەناو وڵاتاندا حسابی بۆ بکرێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر بە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی شەڕی داعش لە بەغدا هەیە و حکومەت و پێکهاتەی شیعە لە پەرلەمانی عێراقیش بڕیاری دەرکردنیانی لە عێراق داوە، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی شەڕی دژ بە داعش بە زەروور دەزانێ، بە تایبەت کە داعش نەک هەر لەناو نەچووە، بەڵکوو دوای دروستبوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییە لە ناوچە سونییەکان و ئەو ئاڵۆزیانەی لە بەغدا و لەناو ماڵی شیعەدا هەیە، چالاک بۆتەوە و ئەگەر رێی لێ نەگیرێ ئەوا دەبێتەوە بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر عێراق و ناوچەکە.
بە شێوەیەکی گشتی ئامادەبوونی کورد بەو سەنگ و دەنگەوە لەو کۆڕبەند و کۆبوونەوانە زۆر گرنگ و باشە، گرنگ ئەوەیە کە کورد بە یەکگرتوویی و بە بەرنامە و داخوازیی ڕەواوە خۆی بسەپێنێ، بەتایبەتیش کە کوردستان بۆ جیهان و بەتایبەت بۆ وڵاتانی زلهێز و بڕیاربەدەست ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگی وزەیە و بەرژەوەندیی ئەوان و ئێمەی کوردیش لە دۆستایەتی و هاوپەیمانیدایە.

© 2017 Hawler