ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئەدای ئەکتەر

یەکێک لە رووە جوانەکەی شانۆی ئێمە کە مایەی خۆشحاڵییە بۆ ھەمووان، بوونی نەوەیەکی تازەیە لە ئەکتەری بەتواناو بەھرەدار کە دەتوانن وەزیفەی ژیانکردن و ئەداکردن لە نمایشە شانۆییەکان بەشێوەیەکی زۆر نایاب ئەدا بکەن و فاکتەرێکی گرنگی بونیادی نمایش بن لەم ھەرێمەی ئێمە، رەنگە لە ھەموو سێکتەرەکانی شانۆی ئێمە بۆشایی بەرچاو ھەبێت ھەر لە نوسین و دەرھێنان و سینۆگرافیا و کاری دراماتۆرگی لە ئامادەکردنی تێکستە ئەدەبییەکان بۆ نمایشی شانۆیی بینراو، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە بواری نواندن و ئاکتینگدا شانۆی ئێمە دەوڵەمەندو پشت ئەستوورە بە ژمارەیەکی زۆر لە کوڕ و کچی داھێنەر کە دەتوانن تەختەی شانۆکانمان پڕ بکەن لە ئەدای ناوازەو خوڵقاندنی داھێنەرانە، بە تایبەتی لە سلێمانی جیاواز لە ھەموو شارەکانی تری کوردستان، کۆمەڵێکی بەرچاو ئەکتەری داھێنەرو بەھرەدارمان ھەیە کە دەرھێنەر دەتوانێت بۆ دروستکردنی نمایش پشتیان پێببەستێت و ئەوەیان لێوەربگرێت کە خواستیەتی.
لەم نمایشە وەک نمایشەکانی تری سلێمانی، ئەکتەر پانتایی و رووبەرێکی گەورەی داھێنان و دروستکردنی چێژی بەردەکەوێت، "شوان کەریم" وەک دەرھێنەرێکی کارامە توانیویەتی بە باشترین شێوە توانا بەکارنەبراوەکەی ئەکتەرەکانی دەربخات و لە فۆرمێکدا دایانبڕێژێتەوە، کە پڕ لە سادەیی و جوانی و ئاسانییە، کۆکردنەوەی ئەم سێ ئاکارە لە نواندنی ئەکتەر کارێکی ئاسان نییە، چونکە سادەیی مانای خۆدوورخستنەوە لە زیادەڕۆیی و ئەداو نواندنی کڵیشەییە کە شانۆیی ئێمە پڕکردووە لە ھات و ھاوارو راکە راک، جوانی مانای قوڵبوونەوەیە لە ئەداکردن و بەرجەستەکردنی کارەکتەر بەو شێوەیەی کە رەگەزێکی ھاوسەنگ بێت لەنێو ھارمۆنیای نمایش و فاکتەرێک بێت بۆ راگرتنی ریتمی نمایش و بەخشینی چێژ بە بینەر، ئاسانی بە مانای مامەڵەکردنی ئاسان لەگەل کارەکتەر لەنێو ئەو رووبەرەی کە دەیخوازێت بێ ئەوەی ھەوڵبدەین کارەکتەر تەژی بکەین بە کۆمەڵێک ئیحساس و ھەستەوەری دروستکراو کە تامی راستەقینەی ژیان و فۆرمی ئاسانی سروشت ناگەیەنن، ئەکتەر پێویستە لە رێگەی ئەم فاکتەرانەوە بەر کارەکتەر بکەوێت و بە سادەیی و ئاسانی مامەڵەی لەگەل بکات و لەنێو فۆرمێکی پڕ جوانی و داھێنان و راستگۆیی بە بینەری بگەیەنێت.
لەم نمایشە بەر کۆمەڵێک ئەکتەری ناوازە دەکەوین کە دەتوانن فاکتەرێکی گرنگ بن لە وێناکردنی جەستەی نمایش بەو شێوەیەی کە پڕە لە وێنە راستەقینەکانی ژیان و عەفەوییەت، سادەیی و ئاسانی لە بەرجەستەکردن و ئەدای کارەکتەر وادەکات نمایش لە کورتترین کەناڵەوە بەر بینەر بکەوێت ئەویش کەناڵی راستگۆیی و جوانییە، فریشتەکان ئەو ئەکتەرانەی کە ئەدای فریشتەکان دەکەن، ھەوڵنادەن لەنێو فۆرمێکی نامۆ و زیادڕۆیی ئەو فۆرمە بگەیەنن، چونکە خودی فریشتە رووە چاکەکارەکەی مرۆڤە، فریشتە شتێک نییە جگە لە مرۆڤێکی ھێمن و چاکەکار کە دەیەوێت ژیان بەو جوانییە سادەییەوە دروستبکات کە لە سروشتدا ھەیە، بۆیە ئەدای ئەکتەرەکان بۆ کارەکتەری فریشتەکان پڕە لە مرۆڤبوون و سادەیی و خۆشەویستی، پڕە لە ژیان بەشێوە راست و دروستەکەی خۆی، پڕە لە عەفەوییەت و راستگۆیی .
بەشێوەیەکی بەرچاویش ئەدای (شاد) لە کارەکتەری ئەو فریشتەیەی کە دەیەوێت مناڵێک بخاتە سەر زەوی، ئەدایەکی ھاوسەنگ و پەسەندەو گەرموگوڕییەکی زۆر بە نمایش دەبەخشێت و بە حەق دەبێتە ھێلی گریدانەوەی دیمەنە کۆلاژکراوەکانی نمایش، رەنگە ئەم ئەدایەی بەشێوەیەک لە شێوەکان بچێتەوە سەر ئەدای شاد لە شانۆیی ماراساد، بەڵام ناکرێت ئەوە لەبەرچاو نەگرین کە ئەم ئەدایە تەواو گونجاوو پێویستە بۆ ئەم نمایشەو ئەکتەر لە ئەداکردنی ئەم کارەکتەرە دەتوانێت ئەو فۆرمە پێشکەش بکات کە ئەم کارەکتەرەی لەسەر بونیادنراوە، ئەمەش بەھانەیەکی پەسەندە بۆ ئەوەی ئەداکە ئەم فۆرمە وەربگرێت و پەیوەست نەکرێتەوە بەو پرسەی ئاخۆ ئەکتەر لە نمایشی تر فۆرمێکی ھاوشیوەی پێشکەشکردووە یان نا.
دییە لەم نمایشە زۆر بە داناییەوە ئیحساسی مناڵیمان پێدەبەخشێت، مناڵێک کە خەونێکی جیاوازی ھەیەو دەیەوێت لەنێو وێنەیەکی جیاواز دەرکەوێت کە پڕە لە بەرائەت و سادەیی مناڵی، ئەم وێناکردنەی دییە بۆ کارەکتەری ئەو مناڵەی کە دەیەوێت لە دایک بێت، فاکتەرێکی گرنگە لە ھاوسەنگکردنی ژیان لەنێو دوو جەمسەر، جەمسەری مناڵی وبەرائەت و جوانییە سروشتییەکان، بەرامبەر جەمسەرەکەی تر کە جەمسەری ناشیرینی و جوانییە دەستکردەکان و ئاکارە ناسروشتییەکانی مرۆڤە.
ئەدای "سۆنیا" لە کارەکتەری ژنەکە لە سێ دیمەنی جیاوازدا ئەدایەکی زۆر تایبەتەو سۆنیا دەتوانێت لە ھەر دیمەنێک ئەو کارەکتەرە پێشکەش بکات کە رەنگە جیاوازییەکی گەورەی ھەبێت لە کارەکتەری پێشووتر، بۆیە دەبینین لە دیمەنی یەکەم کە رۆڵی ژنێکی خیانەتکار دەبینێت بەتەواوی رۆدەچێتە نێو ئەدایەکی سایکۆلۆژی ناوەکی ستانسلافسکییانە و بینەر.
پڕ دەکات لە ھەستەوەری راستەقینەو لەرێی سۆزەوە بەر بینەر دەکەوێت، بەلام لە دیمەنی دواتر ئەدایەکی تەواو جیاواز دەبینین کاتێ کە سۆنیا کارەکتەرێکی ترمان پێشکەش دەکات کە پشت بە جولەی میکانیکی رۆبۆتئاسا دەبەستێت و بەشێوەیەکی گشتی کارەکتەرەکە خاڵیدەکاتەوە لەو ھەستەوەرە ناوەکییانەی کە لە دیمەنی پێشووتر لە نواند و ژیانکردنی کارەکتەرێکی تر بەکاریدەبات، کەواتە ئەدای سۆنیا لە دیمەنی یەکەم ئەدایەکی ریالیزمی واقعییە و لەسەر ژیان لەنێو کارەکتەر بونیاد نراوە، بەڵام لە دیمەنی دواتر ئەدایەکە تەواو دەگۆڕێت و وەزیفەی ئەکتەر دەبیتە پێشکەشکردنی کارەکتەر نەوەکو ژیانکردن تیاییدا، سۆنیاش لە ھەردوو وەزیفەکە بە تەواوی سەرکەوتوو بوو، بۆ ئەوەی ماف بە لاوکیش بدەین، دەتوانین بڵێین ھەمان تێگەیشتن بۆ ئەداکردنی لاوک راستە، بێگومان بەجیاوازی ئەوەی ھەر یەک لەو دوو ئەکتەرە تایبەتمەندی خۆیان ھەیە لە دروستکردنی کارەکتەر.
لە کۆتاییدا نایابترین دیمەن بەلای منەوە دیمەنی ماڵی دووەم بوو لە رووی فۆرم و ئەداکردنەوە، ھەرچەندە من پێموایە ئەم ماڵە رەنگە کۆنتاکتێکی گەورەی بەتاکی کوردەوە نەبێت و ھێشتا ژیان لای ئێمە بە ھۆی کارو بەرنامەی ژیانەوە کە لە زۆرینەی کات نیمانە، خێزان و مرۆڤ نەکەوتونەتە بەر ھەڕەشەی بە رۆبۆت بوون، بەڵام لەڕووی بونیادی بەسەری نمایش ئەم دیمەنە ئیزافەیەکی گەورە بوو بەسەر نمایش و توانی ریتمی دووبارەبوونەوەی دیمەنەکان تێکبشکێنێت و دیمەنێکی گرنگ بوو لە سیاقی دروستکردنی جەستەی نمایش.
تێبینی دووەم لەسەر ئەو شۆڕبوونەوە ناوەکییەیە لە ئەدای ئەکتەر کە توانی لە ڕووی سۆزو ئەدای سایکۆلۆژییەوە ھەمووان سەرسام بکەن، بەڵام ھەستدەکەم ئەم ئەدایە لەنێو سیاقی گشتی نمایش تۆزێک نامۆ خوی دەنوێنێت لەبەر ئەوەی بەشێوەیەکی گشتی جەستەی نمایش لەسەر تەکنێکی جیاواز بونیادنراوە کە کەمتر دەرفەتی ئەو شۆڕبوونەوە ناوەکی و سۆزدارییە ھەڵدەگرێت.
بەشێوەیەکی گشتی ئەم نمایشە یەکێک لەو نمایشە جیدیانەیە کە دەتوانن بەردێکی گەورە بن بۆ شڵەقاندنی گۆمی شانۆی ئێمەو بەردەوامبوونی ئەم دیدگا جیاوازانە لە دروستکردنی نمایشی شانۆیی کارێکی یەکجار گرنگەو ھەنگاوێگی گەورەیە بۆ دەربازکردنی نمایش لە رووبەری دووبارەبوونەوە و لێکچوونی نمایشە شانۆییەکان و دەرفەتێکی گرنگیشە بۆ کاراکردنی دیالۆگ و گفتوگۆی جیددی لەنێوان شانۆکاران و نوسەرانی بواری شانۆو بینەرو وەرگرانی شانۆی ئێمە.

 

حەمەسوار عەزیز