ئەیلول 29, 2020

كەریم كابان خاوەن ڕیتم و دەنگێكی جیاواز لە گۆرانی و میلۆدیی كوردیدا

لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا 5 ساڵی تەواو بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد (كەریم كابان) تێدەپەڕێ، ئەو كەسایەتیە هونەرییەی تەمەنێكی دوور و درێژی لە پێناوی هونەری گۆرانی و ئاوازی كوردی ڕەسەن بەسەر برد، هونەرمەندی بە ئەزموون و دەنگخۆش كەریم جەلال مەحموود عەزیز كە لە نێوەندی هونەریدا بە كەریم كابان ناسراوە، ساڵی 1927 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و سەرەتای دەسپێكردنی بە كاری هونەری بۆ تیپی سروودی قوتابخانەكان دەگەڕێتەوە.
كەریم كابان و دەنگێكی جیاواز
ئەو هونەرمەندە خاوەن ئەزموونە لە بنەماڵەیەكی دەنگخۆش و هونەر پەروەرەوە پێگەیوە و گەلێك سیفاتی هونەری بەرزی تێدا بووە، لەوانە خاوەن ڕیتم و دەنگێكی جیاوازە لە گۆرانی و میلۆدیی كوردیدا، هەر ئەوەش وایكردوە بە شێوەیەكی زانستی بایەخ و گرنگی بە گۆرانی و ئاوازی كوردی بدات و زیاتر بچێتە پێشەوە.
لە (ڕێی دڵداری) یەكەمین گۆرانی بوو
ئەو هونەرمەندە بەرزە لەسەرەتای ساڵی چلەكانەوە لەو ئیزگەیە گۆرانیی چڕیوە، كە ئینگلیزەكان لەبەر دەركی سەرای شاری سلێمانیدا دایانمەزراندبوو، هەر لەو ماوەیەشدا یەكەمین گۆرانیی خۆی بەناونیشانی (لەڕێی دڵداری) لە ڕادیۆی بەغدا تۆمار كرد، هەروەها خاوەن چەندین گۆرانیی دیكەیە وەك (ئەی تەمەنی پڕ ئەسرینم، یاران وەسیەتم، قەد نەدەی ئازاری گیان) زۆر گۆرانیی دیكە، ئەو گۆرانیانەش لەوساوە تا ئێستا هەمیشە و بە شێوەیەكی بەردەوام بەسەر زاری خەڵكەوەیە.
لە ڕیزی پێشەوەی هونەرمەندانەن
هونەرمەندی بە ئەزموون كەریم كابان لەگەڵ هونەرمەندی شەهید (قادر كابان)ی برایدا لە ڕیزی پێشەوەی ئەو هونەرمەندانەن كە گۆرانیی فۆلكلۆری كوردیان لە بیرەوەری و ناوماڵەكانەوە بۆ سەر تەختەی شانۆ گواستۆتەوە، ئەو هونەرمەندە كاتێ دەستی بە هونەر كرد گۆرانی گووتن عەیبە بوو، ئەگەرچی هەموو گۆرانیەكانیشی بۆ عیشق گوتووە ئیدی ئەو عیشقە بۆ نیشتمان بێ یان ئافرەت، بەڵام ئەو لە پێناو بەرزی و پیرۆزی هونەرەكەیدا گوێی بەو عەیبەیە نەداوە، بەڵكو بە گوڕتر چۆتە پێشەوە.
لە نێوان گۆرانی گوتن و ئاواز داناندا
كابان بەهۆی ئەزموون و شارەزایی دوور و درێژی خۆیەوە جگە لە گۆرانیگوتن ئاوازی بۆ زۆربەی گۆرانیەكانی خۆی داناوە و بەوەشەوە نەوەستاوە هونەرمەندانی دیكەشی لە ڕووی ئاوازدانانەوە لە یاد نەكردوە لەبەر زیرەكی و لێهاتوویی لە بوارەكەی خۆیدا چەندین جاریش خەڵات كراوە و میدالیای ڕێز و شكۆی لەمل كراوە.
ئاواتەكانی كەریم كابان
هەموو كەسێك لە ژیاندا هیوا و ئاواتی هەیە جا هونەرمەند كەریم كابان یش پێش نەخۆشكەوتنی دەربارەی ئاواتەكانی گوتبووی بە خوا هەزار ئاواتم هەبوون كە زۆربەیان نەهاتنە دی كە ئاواتی هەرە گەورەیان ڕزگاربوونی كوردستان و دروستبوونی دەوڵەتی كوردییە.
ماڵئاوایی یەكجارەكی
ئەو هونەرمەندە بەرزە لە بەرەبەیانی ڕۆژی 14 ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2015 لە تەمەنی 89 ساڵی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت و بۆ دوا جار ماڵئاوایی لێكردین.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler