حوزەیران 05, 2020

زۆرترین بینراو هونه‌ری

Error: No articles to display

کاتێ ماهیر حەسەن لەدایک بوو!

ئێمەی کورد، لە گەرمەی هەواڵ و ترس و لەرز و شرۆڤەی سیاسی و جەنجاڵییەکاندا هێشتا هیوایەک ڕەنگ دەکاتەوە بە بەرماندا و بزەیەک دەلکێنێتەوە بە تەم و مانا، ڕەنگە ئەمە یەکێک بێ لە جوانترین دیارییەکان، لە جوانترین قەدەرەکان، ماهیر حەسەن هونەرمەندێکی پێویست، پیاوێکی ڕەنگاوڕەنگ بۆ ڕۆژانی بێ ڕەنگی نیشتیمان.

ئەم ڕۆژانە، کە هەواڵ، سیاسەت و شەڕ و بێنەوبەردە و چی و چی بوو، ئەم ڕۆژانە کە باسوخواسی شەڕی وڵاتان لە نزیکمانەوە مێشک و دڵەکانی داپۆشیبوو، وێنەی پیاوێکی سەر ماشوبرنجی کە ئیتر لە ساڵە زێڕینەکانی تەمەنی نزیک ئەبێتەوە سەرنجی ڕاکێشاین، وێنەیەک بە کاپشنێکی حەزینەوە لەسەری نوسرابوو "تکایە تۆ پیر مەبە!"، وێنەی ماهیر حەسەن، هونەرمەند و ئەکتەری بەناوبانگی کۆمیدیای کوردی، پیاوێکی هەمیشەیی و جوانبینێکی سەرتاسەری.
ئەم پیاوە، ماهیر حەسەنی هونەرمەندە، کە لە دەی کانوونی دووەمی ساڵی 1965لە شارۆچکەی عەربەتی سەر بە سلێمانی لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی ھەر لە سلێمانی تەواو کردووە، لە ساڵی 1979 دەستی کردووە بە کاری ھونەری، لە ساڵی 1981چووەتە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە سلێمانی لە ساڵی 1985 بەشی شانۆی تەواو کردووە لە ھەمان ساڵدا خەڵاتی ڕێزلێنانی بۆ باشترین ئەکتەر پێدراوە. بەشداری زیاتر لە دوو سەد بەرھەمی ھونەریدا کردووە. یەکەم بەرھەمی شانۆگەریی (چینی چاوی چەوساوەی کرێکاران بە دەستی ئاغا و دەرەبەگدا) بووە. دیاترین بەرھەمەکانی بریتین لە (یاخیبوونی ستار، ھەمەڕەنگ، پەتریپۆت، ماڵەکەی مەعروف، بەخت ڕەش، فەنتەڵۆس، و کەشکۆڵ)، کە بە یاخیبوونی ستار ناوبانگی دەرکردووە.
بە تەنیشت قسەی سیاسی و شرۆڤە و شیکار و روماڵی هەواڵەکانەوە، ڕەنگە جوانترین هەواڵی هەفتە ساڵوەگەڕی لەدایکبوونی ماهیر حەسەن بێت، ئاخر ماهیر هاتنێکی جیاوازی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، هاتنێک کە بە دڵنیاییەوە جیهان ڕەنگێکیتری گرتووە و کوردستان رۆژێکی ڕەنگاوڕەنگی بەڕێکردووە.
وەک چۆن کاتێک پێشانگای مۆمەکان گڕی گرت، خەڵک هەموو پیرۆزباییان لە خاوەنەکەی دەکرد و وایان زانی رۆژی لەدایکبوونیەتی، ئاواش لەدایکبوونی ماهیر نەک تەنها بۆ خانەوادە و هاوڕێیانی، بەڵکو بۆ هەموومان شیاوی پیرۆزبایی شایستەیە. کوردستان ئەکتەری زۆرە و هونەرمەندی زۆرن، بەڵام ماهیرەکان کەمن، چونکە نەک هەر کۆمیدیا و پێکەنینەکانی، بگرە هەڵسوکەوت و مامەڵە و دەرکەوتنەکانیشی راستەقینەن و بە مامەڵەی بەرزی توانیویەتی زیاتر لەگەڵ خەڵکدا راستگۆیانە بدرەوشێتەوە.
من لە "یاخیبوونی ستار"ەوە ماهیرم ناسی، یاخیبونێک بە تەنیشت کۆمیدیاوە گێڕانەوەی چیرۆکی قۆناغێکی جیاوازی مێژووی ئێمە بوو، ئاخر ئێمە بۆ خۆمان میللەتێکی یاخیین، یاخیبوون لە خوێنماندایە، لە رۆحماندایە، یاخیبوون بەرەو شاخ، ئێمە ئەو کاتانەش لە باڵەخانە بەرزەکاندا خەریکین پەپجی ئەکەین و قاوەی تورکی دەنۆشینەوە، ئەو کاتانەش پانتۆڵی مۆدە لەبەر ئەکەین و خاتوونەکانی وڵات جیاوازترین مەیک ئەپی سەرزەوی مەسرەف دەکەن، هێشتاش هەر یاخیبوون ڕەگمان ئەجوڵێنێ و دەمارەکانمان ئەخاتە حەرەکەت. ئێمە لەو نەوڕەسانە یاخیترین دەریایان بەدەورا وشک ئەبێ، هەمیشە خەریکین تۆشەبەرەکانمان گرێ ئەدەین، ئەو کاتانەش زۆر شاریین، لە چەقی شارەکاندا ئەگەشێینەوە هەر روومان لە شاخ و هەنگاومان بەرە ئەشکەوتەکان و پشتمان لە شەقامەکانی شارە، تۆشەبەرێک و موچەیێ نان و دوو هێلکەی کوڵاو و قەپاڵێ کەرەی کوردی، دارێکمان کردۆتە گاڵۆک و پاڵمان پیوە داوە، ماهیر واتەنی: ئۆ خۆ ئەوە دارە، وامزانی ستارە!
ساڵ دێن و دەڕۆن، تەمەن دێت و دەڕوا، بەڵام ماهیر حەسەن لەو ڕەنگە دەگمەنانەیە، بۆ ئێمە ڕەنگی نیە، لەو پێویستیانەیە بۆ ئێمە جێگای پڕ ناکرێتەوە، بۆیە منیش دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەو کەسانەی کۆمێنتیان بۆی نوسیوە، "تکایە پیر مەبە!"
تۆ پیر مەبە، وەرە و بەڵێن بدە پیری پیر کەی، ماندوویەتی ماندوو و شەکەتی شەکەت و وەڕسی وەجاخ کوێر بکەی، تۆ پیر مەبە و وەرە گەنج گەنج، قنج قنج بدرەوشێرەوە، وەرە و بەرنامەیەکیتری کۆمیدی و بڕگەیەکیتر بخەوە بەرچاومان، وەرە و خەفەتەکان بە جگەرەیەکا بپێچەرەوە و بیانسوتێنە. وەرە و خەمەکان وشک بکە، نەکەی پیر بی، وەرەو دار سنەوبەرێکی گەنج بە سەرسەوز، هەمیشە بەهار بمێنەرەوە. تاڵە سپییەکانی قژت با برنجی نیشتیمان سەوزکەن، نەک ببنە بەفری شاخەکان و بتوێنەوە.
من بەڕێزت ناناسم و لەنزیکیشەوە بە دیدارتان نەگەشتوم، بەڵام تۆ ئاشنای ژیانی ئێمەی، لە ماڵەکانماندای، لە پێکەنین و شادیەکانماندای، تۆ لێرەیت و دەنکە تەسبیحەکانی شادیمان بۆ پێوەدەکەیت و نەبڕی گورج و گۆڵی و سەرسەختیمان دەڕازێنیتەوە. لەدایکبوونت پیرۆز هونەرمەندی گەورەی میللەتێک.

 

موئمین زەڵمی

© 2017 Hawler