حوزەیران 05, 2020

زۆرترین بینراو هونه‌ری

Error: No articles to display

لەوێ فێری "دارە دارەی ھونەر" بووین!

حەمەسوار عەزیز

کۆمەڵی ھونەرەجوانەکانی کورد، وەک پێگەو سەنگ و مێژوو، دیاردەیەکی ئاسایی نییە لە مێژووی فەرھەنگ و كلتووری ئێمە، کۆمەڵ ساڵی ١٩٦٩ دروست دەبێت و کۆمەڵێکی بژاردە لە ڕووناکبیر و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندانی وڵات کۆ دەکاتەوە و، دەبێتە بەشێک لە کیان و بوون و بەردەوامیی میللەتێک، دەبێتە سەرەتایەکی بێ کۆتایی بۆ ھەنگاونان و دروستکردنەوەی تاکی کورد، ناتوانرێت کۆمەڵ تەنیا بە دەزگایەکی سادەی بەرھەمھێنانی ھونەری و ئەدەبی لێک بدرێتەوە، کۆمەڵ ھەر زوو ئەو رووبەرە تێدەپەڕێنێت و دەبێتە ماڵێک بۆ جیاواز بوون و مانەوە، رووبەرێک بۆ بەرەنگاربوونەوە، وڵاتێک بۆ داھێنان و پەروەردە و پێگەیاندن، میللەتێک پێناسەکەی لە کۆمەڵ دەبینێتەوە و لە کۆمەڵ جارێکی تر وێنە و فۆرمی تازەی خۆی بنیاد دەنێتەوە.

ھەموومان دەچینەوە کۆمەڵ، چونکە کۆمەڵ ڕووە جوان و شیرینەکەی مێژووی ئێمەیە، کۆمەڵ باخە سەوز و گۆڵڕەنگەکەی سەحرای ئێمەیە، کۆمەڵ ئەو لاپەڕە سپییەیە، کە ھەموومان دەتوانین تێیدا بنووسین، تێیدا ڕەنگ بکەین، تێیدا بەدوای بوون و ناسنامەو ھزری ئازاددا بگەڕێین، کۆمەڵ دەروازەیەکە بۆ كلتوور و وڵاتێکە بۆ مانەوە و داھێنان.
ھەموومان دەچینەوە کۆمەڵ، چونکە لەوێ فێری دارە دارەی ھونەر بووین، لەوێ فێربووین چۆن نیشتمان و نەتەوە و مرۆڤ و خاک و خۆڵمان خۆش بووێت، لەوێ فێر بووین چۆن بژین و تەسلیم بە مردنێکی پڕشەرمەزاری نەبین، ھەر لەوێش فێر بووین چۆن بمرین و بیر لە ژیانێکی درێژی بێ شکۆ و کەرامەت نەکەینەوە.
ھەموومان دەچینەوە کۆمەڵ لاپەڕەکانی مێژووی وڵاتێک ھەڵدەدەینەوە و لەبەردەم گەورەیی و شکۆمەندی ئەو دەزگایە و ئەو پیاوە مەزنانەی لەناویدا گەورە بوون و گەورەیان کرد، ساتێک بە بێدەنگی، جووڵە لە جەستەمان دەبڕین، ھەناسەکانمان دەوەستێنین، تا گوێ لە ترپەی دڵی کۆمەڵ بگرین، سەیری ھەنگاوە بزێو و جەربەزەییەکانی کۆمەڵ بکەین، بۆن بە جەستەی جەمیل رەنجبەرو کاردۆ گەلالی و عیزەت ئەحمەد کەریم و حسێن قەرەداغی و ماجیدی حەمەجوان و جەوھەر باپیر و نەوزاد مستەفاوە بکەین، ئەوانە خوێندکاری کۆمەڵ بوون و لەوێ دروست بوون وەک شەھید پێشکەشی نیشتمانی کران.
ھەموومان دەچینەوە کۆمەڵ و لە نێو وێنە رەش و سپیەکان بەدوای روخسارە رەنگاوڕەنگەکان دەگەڕێین، ھەموومان دەچین لاپەڕەی کتێبە نەنووسراوەکان و پەردەی شانۆنامە نەبینراوەکان ھەڵدەدەینەوەو بەدوای جوانی و داھێنان و دروستکردنی مەحاڵ دەگەڕێین، ھەموومان گوێ دەنێین بەدڵی ئەو تەختەیەی کە داھێنەران و باڵابەرزانی شانۆی ئێمە بەسەرییدا تێپەڕیوون، بۆن بە عەتری جەربەزەیی و چاونەترسی ئەو خانمە رووسوورانە دەکەین کە ئەو ناوەیان پڕ کردووە لە بۆنی یاسەمین و بەیبوون و نێرگز.
ھەموومان دەچینەوە کۆمەڵ و تاوێک بە تەقدیر و شکۆمەندیەوە لەبەردەم پیاوە گەورەکانی ئەم ماڵە ڕێز دەنوێنین، پیاسەیەک بە نێو بێستانی سەوزی داھێنانی کەڵەھونەرمەندانی ئەو قوتابخانەیەدا دەکەین و، نھێنیی ئەو ھەموو جوانی و داھێنانە مەزنەیان لێ دەپرسین، ئەرێ ئەو ھەموو جوانی و شکۆمەندییەی ئێوە لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە؟
چ پەنھانێکە کۆمەڵ ھەمیشە ماڵە بێنازەکەی ھەمووان و دڵە گەورەکەی شارو ئاڵای شکۆمەندی نەتەوەیە، چ پەنھانێکە کۆمەڵ پڕە لە رەنگی سپی و سوورو سەوز و زەرد و ئەرخەوانی و چۆکی بۆ ھیچ ڕەنگێک دانەداوە، چ ڕازێکە دەیان و سەدان دێن و دەڕۆن و ئێوەش وەک گۆیژە و ئەزمەر بە سەرکەشی لە سەرووی شارەوە وەستاون، بزە بۆ نیشتیمان دەکەن؟
ھەموومان دەچینەوە کۆمەڵ بۆ ئەوەی ھەمیشە خۆمان بین، بەدوای پارچە وونبووەکانی خۆمان دەگەڕێین و لەنێو لاپەڕەکانی مێژووی ئەم پەناگەیە دەیدۆزێنەوە، بەدوای ناونیشان و ئەدرەسی ونبووی خۆمانەوەین و لە کۆمەڵ وەریدەگرینەوە، دەمانەوێت بەشێک بین لەتۆ، لەو ھەموو پیرۆزییەی لە سێبەرت دەدرەوشێتەوەو رەنگکراوە، ھەموو ئەو بڵندییەی کە گەردنی چیاکانیشی تێپەڕاندووە.
ئێستاش پاش پەنجا ساڵ، جارێکی تر ھەموومان دەچینەوە کۆمەڵ، پیرۆزبایی یۆبیلی زێرینی پەنجا ساڵی مانەوەت لێدەکەین، پەنجا ساڵی شکۆمەندی، پەنجا ساڵی بەپێوە وەستان و ژیان، پەنجا ساڵی بەرھەم و کردار، پەنجا ساڵی پەروەردە و دروستکردن، پەنجا ساڵی باڵابەرز.
ئەوەتا جارێکی تر ھەموومان ھاتینەوە کۆمەڵ، تا بە دیار ریشی سپی و نێوچەوانی سپی و سیمای سپی و بەفر ئاسای تۆوە، شەڕابی کۆنی ژیان بنۆشینەوە، پیتە شکاوەکانی مێژوو لێک بدەینەوە، ھەموومان ھاتینەوە لات چونکە تۆ کۆمەڵی ھەمووانی و ماڵە گەورەکەی نیشتمانی، دەرگا ھەمیشە لەسەر پشتەکەی، ئێمەیش وەک مناڵێکی پەرتەوازە، ھەموو رێگاکان ھەر بەرەو کۆمەڵ دەمانھێنێتەوە، لە کۆمەڵ ئۆقرە دەگرینەوە.

© 2017 Hawler