شوبات 27, 2020

هونەرمەند سارا تەڵایی: لە كوردستان ئەو شێوازە كاركردنە كارێكی تەواو جیاواز و نامۆیە!

ئەمڕۆ كاتژمێر 10ـی سەر لە بەیانی لە ژێر چاودێریی د.سالار عوسمان بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك پسپۆڕ و مامۆستای زانكۆ و هونەرمەندانی بواری شێوەكاری، بۆ یەكەمین جار لە هەولێر پێشانگایەكی تایبەت بە هونەری چاپی دەستی نەخش و ڕەنگ لە گەلەری جیهان ئارت هاوس، لە زانكۆی جیهان – بە پشتیوانیی د.نەوزاد باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆی جیهان لە هەولێر دەكرێتەوە، لەگەڵ كردنەوەی پێشانگاكەش بە شێوەیەكی ئەكادیمی لە لایەن خانمە هونەرمەندی شێوەكار "سارا تەڵایی" شڕۆڤەی هونەرەكە دەخرێتە ڕوو.

شێوەكار "سارا تەڵایی" بە هەولێری ڕاگەیاند: پێشانگای چاپی دەستی نەخش و ڕەنگ بەرهەمی چاپی دەستە و پێك هاتووە لە 32 تابلۆی چاپكراو، بە داڕشتنەوەی جیاواز لە جۆری ڕەنگ و تایبەتمەندیی جۆری هەڵبژاردەی مۆتیڤی نەخشەی گرافیكی لە هەڵبژاردەی مافوورە كوردیەكان و نوێگەریەكی سەردەمیانە لە پێناسەی جۆری ماتەریاڵی چاپ و تەنانەت جیاوازی جۆری كاركردن بە بەراورد لەگەڵ جۆری تەكنیكەكانی فرە ڕەهەندی بەشی گرافیك كە لە جیهاندا پێناسەی هونەری بۆ كراوە.
ئاماژەی بەوەش دا: لەڕاستیدا پێدەچێ لە كوردستان ئەو شێوازە كاركردنە كارێكی تەواو جیاواز و نامۆ بێت لە نێو خەڵكدا لە هەمبەر فۆرمە هونەرییەكانی تر.
بەوجۆرەی كە لە نزیكەوە دەكرێت بە تەواوی هەست بە وردەكاریەكان و جۆری دەربڕینی سیمای ئەو هونەرە بكرێ، لەوانەیە لە دوورەوە وا بەراورد نەكرێ لە وەسفی بێوێنەیی ئەم شێوازەدا.
هونەرمەندی شێوەكار "سارا تەڵایی" سەبارەت بەو هونەرە گوتی: تەكنیكی DEO درێل ئیچینگ ئۆفسێت یان هونەری چاپی سەوز، تەكنیك و شێوازێكی نوێیە لە هونەری چاپی دەستی هاوچەرخدا، بە كۆمەڵێك تایبەتمەندیی جیاواز لە جۆری پلێت، شێوازی هەڵكۆڵین، جۆری ئامێری هەڵكۆڵین، جۆری بەكارهێنانی جەوهەری ڕەنگ كە دەتوانێ ڕەكابەری بەرهەمی چاپە دەستییەكانی تر بكات و بە ڕێكارە جیاوازە ئەرێنییەكەی دەتوانێ ڕۆڵێكی گرینگ بگێڕێ لە گەڕانەوەی بەشێكی زۆر لە تێچووی كات و باری ئابووری لەو هەنگاوەدا.
گوتیشی: بەشێكی گرینگ لەو خەسڵەتانەی كە لەم شێوازە نوێیە دایە لەسەر چەند خاڵ خراوەتە ڕوو: خاڵی یەكەم؛ تەكنیكی دیۆ دەكەوێتە نێو بازنەی بنەماڵەی كالكۆگرافی واتە ڕووشاندنی و هەڵكۆڵینی ئاڵۆمینیۆم بە دەست، لەم تەكنیكەدا ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕی بۆ ئامادەكردنی پلێتی چاپ، هەروەها لە جۆری چاپی قووڵ ئەژمار دەكرێت. خاڵی دووهەم؛ جۆری پلێتی چاپی دەستی هەمان جۆری پلێتی ئۆفسێتە لە چاپی دیجیتاڵ دا هۆكاری هاتنە ئارای تەكنیكی دیۆ یەكەم بیرۆكە بۆ جێگرەوەی پلێتی زینك، لەبەر تێچووی زۆری ئەو جۆرە پلێتە بوو تا بتوانین بە تێچوویەكی كەمتر لە ڕێژەیەكی زۆرتردا قاڵبێكی زۆرتر بەرهەم بێت بۆ چاپكردنی تابلۆكانمان، هەروەها دووركەوتنەوە لە كەرەستەی كیمیایی ئەسیدی زیانبەخش كە بۆنێكی زۆر لە ڕادەبەدەر گڕان و بێزاركەری هەیە كە تەندروستی گرافیست دەخاتە مەترسیەوە، كە بوو بە هەنگاوی تاقیكردنەوەی زۆر بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست.
پتر گوتیشی: بە خۆشحاڵیەوە دوای تاقیكردنەوەیەكی زۆر پلێتی ئۆفسیت وەك جێگرەوەی زینك وەڵامی سەركەوتووی لە چاپدا بۆ خستینەڕوو. بە دڵنیاییەوە دەتوانرێت ئاماژە بەوە بكرێ، ئێستا ئەو تەكنیكە لە ئاست چاپە دەستیەكانی تر وەك چاپی سەوز هەژمار بكرێت، كە بێ زیانترین تەكنیكە لە هەموو جیهاندا و هاوتای نییە. بە پێچەوانەی زینك، بڕینی ئەو جۆر پلێتە بە كاتەرێك زۆر بە سانایی ئەنجام دەدرێ و پێویست بە یارمەتی هیچ ئامێرێك ناكات و گرافیست دەتوانێ زۆر بە ئاسانی پلێتەكانی ببڕێ و ڕێكیان بكات.
ئاماژەی بەوەش دا: لە تاقیكردنەوەكانی خۆماندا كە بەردەوام بەو جۆرە پلێتە چاپ كراوە تا ڕێژەیەكی زۆر بۆ نموونە 300 بۆ 500 چاپ بە قالبی یەك پلێت بێ كێشە بووە و ڕووكەشی هەستیاری سەر پلێتەكە خۆڕاگری دەمێنێت.
خاڵی سێیەم ئۆفسێت لە چاپی دەستیدا بە پێچەوانەی چاپی دیجیتاڵ كە نەخش و نووسراوەكان بە كەڵك وەرگرتن لە ڕووكاری ڕووكەشە شینەكە واتە ڕووكەشی هەستیار چاپ دەستەبەر دەكات، لە چاپی دەست پێچەوانەی دیجیتاڵ ئەو بەشە لە ڕووكەشی هەستیار كە بە ڕووشاندن یا قووڵكردن بە مەبەستی درووستكردنی نەخشەكەمان لەسەر ڕووكاری پلێتەكە دەخرێتەڕوو ڕەنگ دەگرێ و ڕووكەشە هەستیارەكەش وەك باگراوەند ڕەنگ ناگرێ و دەسڕدرێتەوە. واتە ئەو شوێنەی ڕووكەشی هەستیاری لەسەر ماوە چاپ نابێ، بەڵام ئەو شوێنەی قووڵ كراوە ڕەنگ دەگرێ بەخۆیەوە و چاپ دەبێ.
خاڵی چوارەم: بۆ دەرهێنانی نەخش و نووسراو لەسەر پلێتی ئۆفسێت كەڵك لە ئامێری درێل وەردەگیرێ كە هەر بە نووكی درێلەكە كاری هەڵكۆڵین و فۆرملێدان دەكرێ و بە سمپارە بەشێكی زۆری تۆنالیتەی سێبەرەكان لێدەدرێ.
هەر لەبەر جیاوازیی تایبەتمەندی درێلەكەیە لە هەمبەر تەكنیكی بیورین، بۆلینۆ، پۆینتاسكا، درای پۆینت، كە یەكێكن لەو تەكنیكانەی كە كۆڵیار بە دەست پێی هەڵدەكۆڵێت. هەر وەها تایبەتمەندی هەڵكۆڵین بە درێلی دەستی لەوەدایە نەخشی مەبەست لەسەر ڕووكاری پلێتەكە لە ماوەیەكی كەمدا بە ڕێژەیەكی زۆر هەڵكۆڵین دەداتە دەستی هونەرمەندی گڕافیست لە چاپی دەستیدا. درێل هێڵەكانی ڕێكوپێكتر و فۆرمی جیاوازترە لە نەخشدا، لە ئاست هێڵ و نەخشی درای پۆینت و بۆلینۆ و زۆر بە ئاسانی كاری هەڵكۆڵینی پێدەكرێ. قۆناغی ڕەنگ لێدان یا جەوهەركاری لەو بەشە كاتێك ڕەنگی ئۆفسێت لە سەر پلێتی زینك بەكار دەهێندرێ دەبێ جەوهەری ڕەنگ زۆر خەست و تووند بێت، كە ئەوەش كاری گرافیست قورستر دەكات لە كاتی خاوێنكردنەوەی بەشە زیادەكەی ڕەنگی سەر پلێتەكە، بە پێچەوانەوە لە تەكنیكی درێل ئیچینگ ئۆفسێت ڕەنگی جەوهەری، پێویست دەكا شل بكرێتەوە و بە ڕێژەیەكی كەم ڕەنگ بە كاربهێندرێ. تایبەتمەندی ڕەنگی شل بە پێچەوانەی ڕەنگی خەست لەوەدایە، دەبێتە هۆی ئەوەی زۆر بە سانایی بە پارچە قوماشێكی بچووك ڕەنگ بەسەر بەشێكی زۆری پلێتەكەدا دابەش ببێت بێ ئەوەی كە هێزێكی زۆری دەستمان بەكار بهێنین لە كاتی بڵاوكردنەوەدا.

 

سەرهەنگ غەریب - هەولێر

© 2017 Hawler