تەمموز 14, 2020

"ژینۆ سەرتیپ" خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچی پێ بەخشرا

كچە ئەكتەر "ژینۆ سەرتیپ" لە میانی بەشداربوونی لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام لە كەركووك، بە ڕۆڵ بینینی لە شانۆیی "كێ باوكمە" لە دەرهێنانی ڕەوەند هاوڕێ، بەرهەمی شاری سلێمانی، توانی خەڵاتی یەكەمی باشترین كچە ئەكتەر بەدەست بهێنێت.

لەمبارەیەوە ژینۆ سەرتیپ بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند: خۆشحاڵ بووم كە بە یەكەم كاری نواندنم، دوای خوێندنی پەیمانگا توانیم خەڵاتی یەكەمی باشترین كچە ئەكتەر بەدەست بهێنم، ئەوە بۆ من دەبێتە دەروازەیەكی گەورە، تاكو لەكاری گەورەتر بەشداری بكەم و سەركەوتنی گەورەتر بۆ خۆم تۆمار بكەم،
گوتیشی: هەستێكی زۆر خوشە كە بە بەرهەمی ماندوبوونت دەگەی لە هەر بوارێك كە خەونی ڕوونت لە پلان دابووە، دوای ئەوەی ئەم خەڵاتەم بەدەست هێنا، ئینجا تێگەشتم كە ماندووبوون و شەونخوونیی پێنج ساڵی پەیمانگام لە بەشی نواندن بە فیڕۆ نەچووە.
لە كۆتایشدا گوتی: زۆر سوپاسی ستافی فێستیڤاڵ و دەرهێنەری شانۆیی كێ باوكمە، ڕەوەند هاورێ دەكەم، كە زۆر لەگەڵم ماندوو بوو لە كاتی پرۆڤەكردن.
ناوەڕۆكی شانۆگەریی كێ باوكمە باسی لە كچێكی ئێزیدی دەكرد، كە تاقانەی هەشت برا بووە، داعش هاتووە هەموو كەس و كاری ئەو كچەی كوشتووە، كچەكەیان بە دیل لەگەڵ خۆیان بردووە كە ناوی مەلەكـە، دوای ئەوەی دووگیان دەبێت..! نازانێ كێ باوكیەتی ئەو منداڵەی ناو سكیەتی دوای لەدایك بوونی بەبێ باوك گەورە دەبێت، كێشەی زۆر گەورە دێتە سەریان، كە یەك لە كێشەكان ئەوەیە كوڕەكە ناسنامەی نیە ناتوانێ هیچ بكات، بۆیە دوایە دایك و كوڕەكە دەبەن بە موهەریج و لەسەر شەقام نواندن دەكەن بۆ ئەوەی بینەران شتێ پارەیان بۆ كۆ بكەنەوە و ئەگەڕێن بۆ ئەوەی ناوێك بۆ باوكی كورەكەی بدۆزنەوە.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: كچە ئەكتەر "ژینۆ سەرتیپ" لە دایك بووی ساڵی 1997 ی شاری كفری یە، هەر لەم شارە بەشی نواندنی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی تەواو كردووە، كە لە هەر پێنج قۆناغی خوێندنی پەیمانگا دا بە یەكەم دەرچووە، ئەم ڕۆڵبینینەشی لە بواری شانۆ یەكەمین كاری دوای تەواو كردنی خوێندنیەتی، ئێستاش لەگەڵ خانەوادەكەی نیشتەجێی شاری سلێمانییە.

 

سەرهەنگ غەریب - هەولێر

© 2017 Hawler