کانونی یەکەم 07, 2019

شوانە ئەحمەد لە کتێبی عەشقدا خوێنەرانی لە بیرکارییەوە خستە ناو دەریای فەلسەفەی عەشقەوە

شوانە ئەحمەد، نووسەر و دەرهێنەر، نووسەری پێنج پەڕتووکی ئەدەبی و فەلسەفییە، و 8 کورتە فیلمی سینەماییە و زیاتر لە 40 شیعری کراوەتە گۆرانی، و کلیپ کراوە و نووسەر و سیناریستی یەکەم زنجیرە درامای منداڵانە بە ناوی "وانە" و هەروەها ماستەری هەیە لە کارگێری گشتی.

• بۆچی عەشق واتە 1+1=1؟
ئەفراندن لەناو جەرگەی قەیرانەکانەوە دروست دەبێت، ئاشتی دوای شەڕ لە دایک دەبێت، زۆر جار ڕق دەمان گەیەنێت بە خۆشەویستی، پێداویستی وامان لێدەکان بیر لە داهێنان بکەینەوە، نەبوونی کتێبێک بەزمانی شیرینی کوردی و هی نووسەرێکی کورد وای کرد کتێبی عەشق واتە 1+1=1 لە دایک بێت، هەرچی هەبوو نەیتوانی وەڵامی ئەو پرسیارە بێ شومارەی ئەو کەسانە بداتەوە کە ڕێگەی خۆشەویستیان گرتەبەر و ئەوانەش کە دەیان ویست لەم ڕێگەیە بکشێنەوە.
• کتێبی عەشق واتە 1+1=1 بۆ کێیە؟
کتێبی عەشق واتە 1+1=1 کتێبی هەموو تەمەنێکە هەرکەس دەتوانێت لە گۆشەیەکی ئەم کتێبە خۆی بدۆزێتەوە، گرنگ نییە تەمەنت چەندە لەکام وێستگەی ژیاندایت، گرنگە نییە پەیوەندییەکەت لەگەڵ کێ یە، ئەم کتیبە شیرینترین دیارییە بۆ ڕۆژی خۆشەویستی و ڕۆژی هاوسەرگیری و ڕۆژی هاوڕێیەتی.
•تۆ عەشقت بە ئەزموون داناوە لە 374 لاپەڕەی ئەم کتێبە یەک دانە جاریش پێناسەی عەشقت نەکردووە؟
ئەوەی نووسینەکانی من بخوێنێتەوە منی خوێندۆتەوە، ئەوەی من بخوێنێتەوە بەر لە بۆچوونەکانم ئەزموونەکانی منی خوێندۆتەوە، من بە فرمێسکەکانی خۆم دەنووسمەوە هەندێک جار لە ڕێگـەی ئەزموونەکانی خۆمەوە و هەندێک جاریش لە ڕێگەی ئەزموونەکانی ئەوانی دیکەوە.
بەهۆی ئەوەی عەشق لە ڕێگەی ئەزموونەوە بەرهەم دێت نەک ئاخاوتن و گفتوگۆ،بۆیە لەپشت هەر پرۆسەیەکی نووسین سەبارەت بە عەشق ئەزموونێکی عەشق بوونی هەیە، لە پشت ئەو بیروبۆچوون و بیرکردنەوانەش کە لێرە دەیخوێنیتەوە ئەزموونێکی عەشق ئامادەیی هەیە، مەرج نییە ئەزموونەکە هی نووسەر بێت.بە هۆی ئەوەشی عەشق ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕۆح گیانەوە هەیە، گیانیش تا ئێستا پێناسەیەکی نییە، بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە پێناسەیەکیش بۆ عەشق دابتاشرێت.
• پێناسەیەکی کتێبی عەشق بکەیت بۆ ئاشناکردنی زیاتری خوێنەران؟
کتێبی عەشق واتە 1+1=1، گەرچی لە ڕووی داڕشتنەوە زمانێکی قوڵی هەیە، بەڵام لە ڕووی بابەتییەوە سادە دێتە گۆ، چونکە ئەم کتێبە وەک خودی عەشق بەرهەمی ئەزموونە نەک بەرهەمی گفتوگۆ و خەیاڵی نووسەر، لەم کتـێبە ئاماژە و نیشانەی پەیوەندییەکان هەن، بەڵام هیـچ ڕێگەیەکی دیاریـکراو نەخراوەتە ڕوو بـۆ دۆزینـەوەی ڕێگـەی عەشق، تـۆ لە ڕێگـەی وشەکانەوە تەنیا دەتوانیت ئەزموونەکان ببینیت، عەشق بۆ هەرکەسێک ئەزموونێکە و هەر کەسیش دەبێت ئەزموونی خۆی بکات نەک بە ڕێگەی ئەوانی دیکەوە بڕوات، چونکە لە ڕێگەی ئەزموونی ئەوانەی دیکەوە هیچ بە دەست نایەت، ناوەڕۆکی ئەم کتیبە چەندین بیروبۆچوونی دژ بەیەکی تێدایە، کە هەر بیروبۆچوونێک نمایندەی لایەنێک دەکات، من لێرە تەنیا خۆم نە نووسیوەتەوە، لە ڕێگەی خۆمەوە تەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیم نووسیوەتەوە بەهەموو بیروبۆچوونە جیاواز و دژ بەیەکەکانییەوە.
• کتێبەکەت بێ ئامادەبوونی ئێوە لە پێشەنگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب پێشوازیەکی گەرمی لێکرا، ئەی بۆچی بۆ خۆتان ئامادە نەبوون؟
خۆشبەختانە کتێبی عەشق واتە 1+1=1 لە ڕیزبەندی پڕفرۆشی کتێب لە پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی یەکەم بوو، ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر گرنگە بۆ کتێبی خۆماڵی نووسەرانی کورد، ئامادە نەبوونیشم بەهۆی سەرقاڵیم بە هەندێ کاری کارگێڕییەوە ئەم دەرفەتە نەگونجا لە خزمەت خوێنەرانی خۆشەویست و شارە جوانەکەی سلێمانی بم.
• لە یەکەم لاپەڕەی کتێبەکە نووسیوتانە ڕێگەیەک بۆ خۆشەویستی هانایەک بۆ لێک دابڕان مەبەستان لەمە چییە؟
ئەم کتێبە ڕێگەیەکە بۆ هەموو ئەوانەی دەچنە نێو پرۆسەی خۆشەویستی و عەشقەوە جا لە هەر تەمەن و هەر ئاستێکی ژیان بن، مۆمێکی هەڵکراوە ئەم کتێبە بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەم ڕێگەیە تا کەس بە لاڕێدا نەڕوات و بە ئاسانترین و کەمترین کات بگاتە مەبەست، لە هەمان کاتدا ئەم کتێبە هانایەکە بۆ ئەوانەی لە خۆشەویستەکانیان دادەبڕێن و لە پڕۆسەی هاوسەرگیری شکست دەخۆن و لە عەشق دڵیان دەشکێت، ئەم کتێبە پڕە لە دەرمان بۆ دەردی ئەوانەی لە عەشق دڵیان شکاوە...
• دەتوانین بزانین بەرهەمی تازەت چییە؟
کتێبی عەشق واتە 1+1=1 لە ساڵی داهاتوو بە هۆی تەواوبوونی گشت ژمارەکانی چاپی چوارەم لە تەهران دەکرێتەوە و لە ئاهەنگێک لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت بە ئامادەبوونی خوێنەران و نووسەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کتێب، هەر لەو ساڵەدا چاپی دووەمی کتێبی 444 شەو بڵاو دەکەینەوە..
.....
خۆشەویستی بەهێزترە
دیوار چەند بەرز بێت، ئاسمان بەرزترە
خەم چەند گەورەبێت، خودا گەورەترە
مردن چەند نزیک بێت، ژیان نزیکترە
ڕق چەند بەهێز بێت، خۆشەویستی بەهێزترە
.....
مرۆڤ هەیە بە درێژایی ژیان هەموو شتێکی ئەزموون کردووە تەنها عەشق نەبێت، کەواتە بە درێژایی ژیانی هەناسەی داوە و زیندوو ماوەتەوە، بەڵام هەرگیز بۆ جارێکیش نەژیاوە.
.....
عـاشـقـبـوون پڕۆسەی ئەزموونکردنی خۆتە تەنها، نەک پڕۆسەی گفتوگۆو هەڵبژاردنی ڕێگەی کەسانی پێش خۆت.
.....
هەر کەسەو لە ڕێگەیەک هەوڵی گەڕانەوە دەدات بۆ بەهەشت
یەکێک لە ڕێگەی نوێژو نزاکانی
 یەکێک لە ڕێگەی بەخشین، یەکێک لە ڕێگەی سەماو گۆرانی
یەکێک لە ڕێگەی عەشق و خۆشەویستی.
.....
ئەوەی دەستی هەموو دونیات بۆ ماچ دەکرد تا ڕۆژێک زووتر پێی بگەیت، دواتر دەستی هەموو دونیای بۆ ماچ دەکەیت تا ڕۆژێک زووتر لێی جیابیتەوە.
ئەگەر ئەزموونی عەشقت نەکردبێت، واتە ئەزموونی ژیانت نەکردووە و لە پاڵ زیندەوەرەکانی دیکە تەنها هەوڵت داوە بەزیندوویەتی بمێنیتەوە.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler