کانونی یەکەم 07, 2019

دووەمین دیداری فیلمی كوردی لە فینلاندا كۆتایی پێهات

 دووەمین دیداری فیلمی كوردی لە هێلسینكی پایتەختی فینلاند، بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە فینلاندییەكان و نەتەوەكانی دیكە، لە ڕۆژانی 8 و 22 و 23 مانگی یازدە بەڕێوە چوو، دیدارەكە لە دوو قۆناخ و پاش نمایشكردنی 23 فیلمی بەرهەمی سینەماكارانی كورد كۆتایی هات.
 
لەم بارەیەوە "ڕەسوڵ خوڕەم"، بەڕێوەبەری ئەم دیدارە، بە هەولێرـی ڕاگەیاند: چالاكییەكانی دووەم دیداری فیلمی كوردی فینلاند بەبێ پشتگیری حیزبی و ئەنجوومەنە كوردییەكانی وڵاتی فینلاند، پاش دابینكردنی سینەما لە لایەن شارەوانی هێلسینكی لە ناوەندەكانی كولتووری "ماڵمی تاڵۆ و ستۆوا"، هەوڵماندا لە ڕێگەی فیلم و زمانی سینەما، فینلاندییەكان بە بارودۆخی كوردستان ئاشنابكەین.
 گوتیشی: فیلمەكان بوونە جێی سەرەنجی ئامادەبووانی ناو هۆلەكە هەم لە ڕووی سەرەنجڕاكێشی چیرۆكەكانەوە، هەمیش لە ڕووی ئاست بەرزی تەكنیك و نواندنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: فیلمەكانی دووەم دیداری فیلمی كوردی فینلاند لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای هەولێر و سلێمانی، ماڵی فیلم، مەستی فیلم و هەروەها ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سینەماكارانی كورد پێشكەشی ئەم چالاكییە كرابوون.
 
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: "رەسوڵ خوڕەم" كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و دانیشتووی وڵاتی فینلاندە، بە تەنیا لە ڕێگەی چالاكییەكانی كردنەوەی پێشانگەی وێنە و ڕێكخستنی دیداری فیلم، لە ماوەی 9 ساڵی ژیانی لە تاراوگە بەردەوام هەوڵی داوە كوردستان بە خەڵكانی ئەورووپا بناسێنێت.

 

سەرهەنگ غەریب

© 2017 Hawler