کانونی یەکەم 12, 2018

چاوەڕێی تیشكی خۆرم گەرمم كاتەوە
چاوەڕێی شەپۆڵی دەریایەكم هەندێ فێنكم كاتەوە
چاوەڕێی مانگە شەوێكم خەرمانەی بداتەوە
چاوەڕێی سەپان و جووتیارم دەغڵ و دانم بدورێتەوە
چاوەڕێی خەرمانی ڕەوسەی گەنم و جۆم هەڵداتەوە
چاوەڕێی شنە بایەكم كا و كۆتم بۆ جیابكاتەوە
چاوەڕێی شوان كارەێكم مەڕو بزنم بۆ هاوێركاتەوە
چاوەڕێی گەردەلوولێكم تیسكی خوری و لوام لێكبكاتەوە
چاوەڕێی شاخەكانم بەفرەكانیان بتوێتەوە
چاوەڕێی هەڵۆكانم بووێرانە لێی بنیشێتەوە
چاوەڕێی كەوەكانم لانەكانیان ڕێك بخرێتەوە


چاوەڕێی هەنگەكانم شانەكانیان پڕ یكرێتەوە
چاوەڕێی سەنگەرەكانم باش دابمزرێتەوە
چاوەڕێی پێش مەرگەكانم بۆ باوەشم بگەڕێتەوە
چاوەڕێی كەسێكم كۆسپەی بەر پێم لا بباتەوە
چاوەڕێی ڕاوكەرێكم داوێكم بۆ دانێتەوە
چاوەڕێی شێرێكم برینی دڵم بپێچێتەوە
چاوەڕێم قوڕگی تێنووم تێر ئاو بخواتەوە
چاوەڕێم بارانی بەزەیی بەسەرماندا ببارێتەوە
چاوەڕێی چریوەی ئەستێرەكانم بدرەوشێتەوە
چاوەڕێم فرمێسكی چاوی هەتیوان بسرێتەوە
چاوەڕێم دلی دایكی شەهید ئۆقرەبگرێتەوە


چاوەڕێم تاوانباران دەست و پێیان ببرێتەوە
چاوەڕێم ئەو چەك و جبەخانە بەسەریاندا بتەقێتەوە
چاوەڕێی ڕەشە بایەكم ئەو باڵەخانە سەرە و ژێر كاتەوە
چاوەڕێی زریانێكم وەك كلووی بەفر غلۆریان كاتەوە
چاوەڕێی ڕەشماڵی ماد و یابانم بۆم هەڵبدرێتەوە
چاوەڕێی چیفی كوردەواریم دەورەی باش بگرێتەوە
چاوەڕێم شاری زێری ڕەش هەر بۆخۆم بێتەوە
چاوەڕێم ئاگرێ نەورۆزێكی نوێم بۆ داگیرسێتەوە
چاوەڕێم بەڕوەكان ڕەگیان دابكوتێتەوە
چاوەڕێم ئاڵای سەربەخۆییم هەڵبكرێتەوە
چاوەڕێی شۆرە سوارێكم سەری ماران پانكاتەوە
چاوەڕێی سەرۆكم مێژووی كۆن و نوێم بنوسێتەوە
چاوەڕێی ئەو گەلەم چیتر بۆ كەس نەچەوسێتەوە
چاوەڕێم وردو درشت بایەك بگرێتەوە
چاوەڕێم بێگانە پەرستی دەسپێ نەكەنەوە
چاوەڕێی یەزدانم دەروازەیەكمان لێ بكاتەوە
چاوەڕێم خونچە گوڵی باخم بانەوەرێتەوە
چاوەڕێم دارودەوەنی خاكم ببوژێتەوە
چاوەڕێی كۆرپەی ساوام ڕوویان بگەشێتەوە
چاوەڕێم ڕۆژێكی رووناكم لێ هەڵبێتەوە
چاوەڕێی شۆڕشگێرێكم شۆڕش بەرپاكاتەوە
چاوەڕێی سەربەخۆییم لە دونیا دەنگ بداتەوە
چاوەڕێم دورە وڵات بۆ زێدی خۆی بگەڕێتەوە
          هەولێر

 

       

© 2017 Hawler