کانونی یەکەم 07, 2019

جۆر و شێوه‌كانی بوونی كاریكاتێر له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا

وێنه‌ی كاریكاتێریی ده‌توانێت له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری خولاودا به‌ چه‌ندین شێوه‌ی جیاوازه‌وه بوونی هه‌بێت‌، به‌ گوێره‌ی ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كانی یان ئاماژه‌ زۆره‌كانی تره‌وه‌، له‌ نێو ئه‌و شێوانه‌شه‌وه‌ ده‌توانین باس له‌م شێوانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ین: 1- گۆشه‌ی سه‌ربه‌خۆ. 2- كاریكاتێری بڵاوكراوه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی تردا. 3- كاریكاتێری وه‌رگیراو له‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی دیكه.
4- كاریكاتێری به‌رگ له‌ گۆڤاره‌كاندا:
زۆرێك له‌ گۆڤاره‌كان تابلۆیه‌كی كاریكاتێری له‌ به‌رگی یه‌كه‌میان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستی ئێمه‌یه‌ له‌ باسكردنی ئه‌م شێوه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌م كاریكاتێره‌ی كه‌ له‌ هه‌ردوو به‌رگی ناوه‌وه‌ یان له‌ به‌رگی دواوه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌، ده‌چێته‌ خانه‌ی شێوه‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌ (گۆشه‌ی كاریكاتێری سه‌ربه‌خۆ) كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ باسمان كردووه‌، به‌ڵام كاریكاتێری بڵاوكراوه‌ له‌ به‌رگی یه‌كه‌م به‌مه‌به‌ستی په‌رۆشبه‌خشین، یان زۆرجار بۆ ئاماژه‌كردن به‌ وتاری سه‌ره‌كی له‌ناو گۆڤاره‌كه‌دا‌، زۆرجار ئه‌م كاریكاتێره‌ش له‌ جۆری پۆرترێت ده‌بێت و وێنای پاڵه‌وانی وتاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یه‌ به‌ تێڕوانینی ده‌سته‌ی نووسه‌رانه‌وه‌، جاری واش وایه‌ ئه‌م وێنه‌ كاریكاتێرییه‌ هاوپێچه‌ له‌گه‌ڵ ناونیشانی وتاره‌كه‌ و ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كه‌شی. به‌ڕای ئێمه‌ ئه‌م شێوازه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ له‌به‌ر دوو هۆ، یه‌كه‌میان وا له‌ به‌رگی گۆڤاره‌كه‌ ده‌كات ببێته‌ تابلۆیه‌كی هونه‌ری، و بۆیه‌كی جوانی پێده‌به‌خشێت له‌ جیاتی پڕكردنه‌وه‌ی به‌ وشه‌ و ژماره‌كان، دووه‌میش رێنوێنی خوێنه‌ر ده‌كات بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ گۆڤاره‌كه‌دا‌، خوێنه‌ریش له‌و بابه‌ته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، به‌بێ ماندووبوون له‌ گه‌ڕان به‌ دوایدا. (بڕوانه‌ ئه‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ له‌ به‌رگی رۆژنامه‌یه‌ك).
 5- ئه‌و كاریكاتێره‌ی ده‌بێته‌ سیمبولێك (لۆگۆ) بۆ بڵاوكراوه‌كه‌:
 زۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌كان پشت به‌ تابلۆی به‌رده‌وام ده‌به‌ستن له‌ به‌رگه‌كانیاندا، جاری واش هه‌یه‌ له‌ هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانیاندا، زۆرێك له‌و ڕۆژنامانه‌ پشت به‌ تابلۆی به‌ده‌ستكێشراو به‌ ستایلی كاریكاتێری ده‌به‌ستن، لێره‌دا مه‌به‌ستمان ڕۆژنامه‌ ساتێر و ڕه‌خنه‌گره‌كان نیه‌، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی پشت به‌ كاریكاتێر ده‌به‌ستن وه‌كو شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ شێوه‌كانی چالاكییه‌كانیاندا، به‌ڵكو زۆرێك له‌ ده‌زگا جدییه‌كانی ڕاگه‌یاندن ئه‌م جۆره‌ كاریكاتێرانه‌ له‌خۆده‌گرن، بۆ نمونه‌ گۆڤاری (ژوژك) كه‌ له‌ بیلاڕوسیا ده‌رده‌چێت، له‌ته‌ك ناوی گۆڤاره‌كه و له‌ ژێره‌وه‌ی هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانیدا‌، كاریكاتێری ژوژكێك كه‌ قه‌ڵه‌مێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی (یانه‌ی رۆژنامه‌) كه‌ كاریكاتێری منداڵێكی رۆژنامه‌فرۆش له‌ ناوه‌ڕاستی ناوی رۆژنامه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مجۆره‌ كاریكاتێرانه‌ چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك له‌خۆبگرن، و له‌وانه‌شه‌ ته‌نیا دروشمێك و لۆگۆیه‌كی گۆڤاره‌كه‌ بن و ئاماژه‌ به‌ شتێك نه‌ده‌ن، له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌م كاریكاتێرانه‌ ده‌بنه‌ واژووی ئه‌مجۆره‌ گۆڤارانه‌ (بڕوانه‌ ئه‌م شێوانه‌ی خواره‌وه‌ له‌ دروشم و لۆگۆی ڕۆژنامه‌كان).
 6- ئه‌و كاریكاتێره‌ی هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ ناونیشانی گۆشه‌یه‌كی دیاریكراو:
 له‌ زۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌كان ستایلی هاوشانیكردنی ناونیشانه‌ جێگیره‌كان به‌ كاریكاتێر به‌كارده‌هێنن، كاریكاتێری خاڵی له‌هه‌ر بابه‌تێك، ئه‌و كاریكاتێره‌ یان نه‌گۆڕ یان گۆڕاو ده‌بێت، به‌پێی ئاره‌زووی ده‌سته‌ی نووسه‌رانه‌وه‌، زۆرجار ئه‌و ناونیشانانه‌ تایبه‌تن به‌ گۆشه‌ی خاوه‌ن ناوه‌ڕۆكێكی قۆشمه‌ و گاڵته‌جاڕی، یان هه‌تا ڕه‌خنه‌گری بێ گاڵته‌جاڕیش، ئه‌و كاریكاتێره‌ش ده‌بێته‌ دروشمێك و لۆگه‌یه‌كی ئه‌و گۆشه‌یه‌ ‌كه‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌هه‌موو ژماره‌كاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی پچڕپچڕ و هه‌رجاره‌ی كاریكاتێرێكی جیاواز بڵاوكرایه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌مه‌ به‌هۆی بابه‌تی گۆشه‌كه‌یه‌، یان به‌هۆی ڕه‌چاوكردنی شتی دیكه‌یه‌، وه‌كو پێویستی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌ك له‌ لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌ و شتی تری له‌و بابه‌ته‌.

 

هه‌ندرێن خۆشناو

© 2017 Hawler