کانونی یەکەم 07, 2019

بەداخەوە چتر گوێمان لە شمشاڵە ڕەسەنەكەی خاڵە بەكر نابێ

ساڵانێكی زۆر بوو هونەرمەندی میللی خاڵە بەكر مەخمووری لە دامێنی قەڵا سەركەشەكەی هەولێر وەك حەز و خولیایەكی لەمێژینەی خەریكی ئامێرە فوودارەكانی وەك شمشاڵ و باڵەبان و پیك و دووزەلە بوو كە بە شێوەیەكی بەردەوام خۆشترین ئاوازی بۆ خەڵكی شارەكە دەچڕی و لە پاڵ ئەوەشدا كاسبیی پێوە دەكرد، ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەوەی بەلایدا تێپەڕیبا، دەبوایە بە ناچاری بۆ چەند چركەیەك بەدیارییەوە دابنێشێ و گوێ لەو ئاوازە ڕەسەنە بە جۆش و خرۆشە بگرێت و لەگەڵیدا مەست بێت، هەر لە ڕێگای ئەو هونەرە ڕەسەنەوەش گەورە و بچووكی شار خۆشیان دەویست و ڕێزیان دەگرت ئەویش بارتەقای ئەوە هەموو خەڵكی بێ جیاوازی خۆشدەویست و قسەی خۆشی بۆ دەكردن و لە باوەشی دەگرتن، من خۆم چەندین جار دیمانەم لەگەڵی هەبووە. كەسێكی ژیر و پڕ زانیاریش بوو هەر بە شێوەی خۆڕسكیش فێری ژەنینی شمشاڵ و باڵەبان و ئامێرە فوودارەكان ببوو، بە جۆرێك بێ ئەو ئامێرە بۆ ساتێكیش هەڵینەدەكرد، چونكە ببووە هەموو ژیانی، بەڵام بەداخێكی زۆرەوە دوای بەسەربردنی تەمەنێكی دوور و درێژ لەگەڵ ئەو هونەرە ڕەسەن و بەرزە دوێنێ لە سەنتەری دڵ لە شاری هەولێر بۆ دوا جار چاوەكانی لێك نا و ماڵئاوایی لێكردین و خەم و پەژارەیەكی زۆری خستە دڵمانەوە. بۆیە بە دڵێكی حەزین و چاوێكی پڕ لە فرمێسكەوە ماڵئاوایی و گەردەن ئازایی لێ دەكەین و دەڵێین ئیتر تەواو چیدیكە گوێمان لە شمشاڵە ڕەسەنەكەی خاڵە بەكر نابێ و تا ئەبەد شوێنەكەی بە بەتاڵی دەمێنێتەوە، ئێمەش جارێكی دیكە چاومان بەرایی نادات بەو شەقامە تێپەڕین و گوێبیستی شمشاڵە ڕەسەن و خۆشەكەی خاڵە بەكری كۆچكردوو نەبین.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler