کانونی یەکەم 07, 2019

رێبین جەمال و دەرباز شێرزاد گۆرانییەك بۆ "ئاشتەوایی و پێكەوە ژیان" تۆمار و كلیپ دەكەن!.

ڕێبین جەمالی میوزیكژەن، یەكێكە لە هونەرمەندە دەستوپەنجەڕەنگینەكانی نێو كۆڕی هونەری ژەنیارانی كورد، لە دیدارێكدا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" تیشك دەخاتە سەر چەند لایەنێك لەكارە هونەرییەكانی، بەتایبەتی بەرهەمهێنانی دوایین بەرهەهی گۆرانیی خۆی، كە گۆرانییەكی تازەیە لەگەڵ هونەرمەندی گۆرانیبێژ دەرباز شێرزاد بەشێوەی "دوێت" لە ژێر ئاشتەوایی و پێكەوەژیان تۆماریان كردووەو لە ئایندەییەكی نزیكدا كلیپی دەكەن و بڵاوی دەكەنەوە. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، چەند بەرهەمێكی تازەی لە ستۆدیۆ ئامادەیە و، بەڵام داهاتووی بڵاوبوونەوەی ئەو بەرهەمانەی نادیارەو نازانێت كەی بڵاویان دەكاتەوە!.

لە دەستپێكی قسەكانیدا قەسەكانیدا هونەرمەند ڕێبین جەمال لەبارەی دروستكردنی بەرهەمێكی تازەی لە ژێر ناوی ئاشتەوایی و پێكەوە ژیان گوتی: "ئەو بەرهەمە دەمێك بوو پلانمان بۆی دانابوو، چونكە دەبوو لەدوای ئەو چەند ساڵەی لە عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەو هەموو شەڕ و نەهامەتییە رووی دا، پێویست بوو گۆرانییەك دابنێین و بیڵێینەوە، پەیامێكی ئاشتیانە لەخۆی بگرێت؛ ئەوە بوو توانیمان بەرهەمێك لە ژێر ناونیشانی ئاشتەوایی و پێكەوەژیان دروست بكەین، بە هاوبەشی لەگەڵ برای هونەرمەندم دەرباز شێرزاد بەشێوەی "دوێت" تۆماری بكەین".
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ڕێبین ئەوەشی روون كردەوە و گوتی: "ئەو گۆرانییە هۆنراوەی شاعیر سەركەوت ڕەسووڵـە، كە بەشێوەیەكی زۆر جوانی توانیویەتی تێكستی ئەو بەرهەمە بنوسێت، ئاوازەكەی خۆم دامناوە، هێمن حوسێن میوزیكەكەی دابەشیوە، ئامادەكردنی نۆتەی میوزیكی بەرهەمەكە لەلایەن هونەرمەند لێزان قادر كراوە، لەلایەن ئۆكستێرای سلێمانی و تاران كاری میوزیكی بە شێوازێكی جوان و سەردەمیانە كراوە، پلانێكی باشمان داناوە بەشێوازێكی سەردەمیانە كلیپی بكەن، بەو ئومێدەین بتوانین لە رێگەی ئەو گۆرانییە پەیامێكی ئاشتەوایی بخەینە بەرگوێچكەی هەمووان، چونكە بەڕاستی لەسەردەمێكدا دەژین ئاشتەوایی لە هەموو شتێك گرنگترە بۆ سەقامگیربوون و هەناسەدانێك لەو زەمەنە پڕ لە ئاشووب و شەڕەدا!".
هونەرمەند ڕێبین جەمال لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەشی گوت: "بەداخەوەی ماوەی نزیكەی 5 ساڵە ئەو بارودۆخەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، وای كردووە سەرجەم كار و پرۆژەكان لە هەموو بوارەكاندا بەرەو كزی بڕوات، ئەگەرچی هەوڵی جۆراوجۆرە هەیە بۆ ئەوەی كایەی هونەر بەجارێك نەوەستێ!، بەڵام بەداخەوە ئەوەیان نایبەتە مایەی بەردەوامییەكی چاك! بەڵكو ئەوە تەنها حەز و خۆشەویستی هونەرمەندانی كوردە وای كردووە، ئەو بەردەوام بێت، ئەگەرنا بۆ بابەتی پێشڤەچوونی ڕەوتی هونەریی لە كوردستان ئەو قەیڕانە كاریگەریی زۆر گەورەی دروست كردووە، چونكە هونەرمەندی كورد تا ئێستاكە نەیتوانیوە بە بەرهەمەكانی خۆی ژیانێك بۆ خۆی دروست بكات، بۆیە دەتوانم بڵێم بۆتە مایەی دابڕان و دووركەوتنەوەی چەندین هونەرمەند و تەنانەت چەندین گرووپ و تیپی هونەریش!".
لەبارەی هەبوونی بەرهەمێكی تازەی میوزیكی خۆی بەشێوەی كلیپ، كە لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاوی كردەوە دەڵێت : " من 34 ساڵە میوزیكژەنم، كەچی تا ساڵی 2019 تازە بووم بەخاوەنی كلیپێك بۆ یەكێك لە كارە میوزیكییەكانم!، ئەوەشیان نیشانەی ئەوەیە، بەداخەوە لە كوردستان زەمینە سازییەكی باش نیە بۆ هونەر و بەرهەمی هونەرمەندانی كوردستان!".
هونەرمەندی میوزیكژەن رێبین جەمال لەبەشێكی دیكەی قسەكانی ئەوەشی گوت : "تا لە كوردستان بەو شێوەیە نەبوونی دەزگایەكی پەیوەندیدار، بەتایبەتی نەبوونی كۆمپانیای بەرهەمهێنەر، كە بەداخەوە لەدوای نەمانی كۆمپانیای "چوار چرا"ـو هونەردۆست و پاڵپشتی هونەرمەندانی كوردستان عیرفان زەنگەنە ئەو ڕەوشە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی و بێكەسی رۆیشت، بۆیە دەبینین ئێستا جگە لە قەیرانی دارایی قەیڕانی گۆرانیی باش و قەیڕانی دابڕانی هونەرمەندی گەورەمان هەیە لە گۆڕەپانی گۆرانیی كوردیدا، سەیر بكەن هونەرمەندانی ئاست بەرزی وەك زیاد ئەسعەد، ئەیوب عەلی، نەریمان بابانـ و چەندان هونەرمەندی دیكەی كورد وای كردووە، بەرهەمی باشی گۆرانیمان بەرەو كزی رۆیشتووە، بۆیە ئێستا گۆرانیی ناخۆش و ناجۆر ئەوەندە زۆر بووە، وای كردووە جارێكی دیكە تەوژمێك لە گۆرانی بیانی باڵادەستی خۆی بەسەر گۆرانیی كوردیدا بنوێنیت!".
هونەرمەند رێبین ئەگەچی هەمیشە وەك ژەنیارێكی ئامێری "كلاڕنێت" دەردەكەوێت، بەڵام لەهەمان كاتدا گۆرانیبێژێكی دەنگخۆشە، لەبارەی هەبوونی بەرهەمی گۆرانیی خۆی بەم شێوەیە گوتی : "ئێستا 3 گۆرانیی تازەم ئامادەیە لە ستۆدیۆ كارەكانی تەواو بوون، لەگەڵ پارچەیەك میوزیك، دیارە ئەو بەرهەمانەم زادەی ماندووبوونی خۆم و چەند هاوڕێیەكی ئازیزمە، هیوادارم لە ئایندەیەكی نزیكدا بتوانم كلیپیان بكەم".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

© 2017 Hawler