کانونی یەکەم 07, 2019

بەرهەمێكی نوێی هێمن كاكەیی بڵاو كرایەوە

كتێبی "هەواڵ لە سەردەمی تەكنەلۆجیادا" لە نووسینی نووسەر هێمن مەحموود كاكەیی بڵاو كرایەوە، د. حەبیب كەركووكی پێشەكیی بۆ نووسیوە..

ناوەڕۆكی كتێبەكە تیشك دەخاتە سەر هەواڵ و گرنگیی هەواڵ لە سەردەمی تەكنەلۆجیادا، هەروەها شێوازەكانی داڕشتنەوەی هەواڵ، گرنگی ئاژانسە نێودەوڵەتیەكان لەم سەردەمەدا، شوێن و پێگەی پەخشی راستەوخۆ لە بەهای هەواڵ چەند تەوەرێكی ئەم كتێبەن.
لەم كتێبەدا نووسەر باس لە پێناسەی هەواڵ بەشەكانی هەواڵ، جۆرەكانی مانشێت، ئەو مەرجانەی پێویستە هەبن لە كاتی گوراستنەوەی زانیاری و كردنی بە هەواڵ، دەبێت هەواڵ چ زانیارییەكمان پێبدات؟ دەكات، هەروەها نووسەر باس لە چۆنیەتیی نووسینی مانشێت، كێ مانشێت بۆ هەواڵ دەنووسێت، ئەتكێتی نووسینی مانشێت لەبەشێكی تر نووسەر باس لە لید، جیاوازیی لید لە رۆژنامە و گۆڤار، رادیۆ، تەلەفزیۆندا دەكات لەگەڵ چەندین لایەنی تری هەواڵ دەكات.
نووسەر هێمن بۆ هەولێر دەڵێت: ڕەنگە بەشە گەورەكەی بێژەراتی هونەر و تەكنیكی قسەكردن بێت، نەك شارەزای كاری ڕۆژنامەنووسی، بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا گرنگە بێژەر دەستی پیشەیی ڕۆژنامەنووسیی هەبێت،چونكە جاری وا هەیە مێوان دێتە ناو ستۆدیۆ بۆ قسەكردن لەسەر بابەتێكی دیاریكراو بەم جۆرە ئەم بێژەرە لە ئەركە سەرەكییەكەی خۆی دەردەچێت، كە تەنیا خوێندنەوەی هەواڵ بێت،بەڵكو دەچێتە ناو ڕۆڵێكی دیكە كە ئەویش پرسیار و وەڵامە، واتا دەبێت ببێتە ڕۆژنامەنووس و ڕۆڵی ڕۆژنامەنووس ببینێت . بۆیە باشترە بێژەر شارەزای پیشەیی كاری ڕۆژمامەنووسی بێت تا ڕادەیەكی زۆر باش.
د. حەبیب كەركووكی لەسەر كتێبەكە نووسیوەیەتی و دەڵێت: ژانرەكانی ڕاگەیاند ئەو قاڵبانەن، كە ڕووداوەكان دەگوازنەوە، بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش.
بۆیە گرنگیەكی زۆریان پێدراوە لەلایەن توێژەرەكانەوە تا ئەو ڕادەییەی كە كتێبی لەسەر دابنرێ و ساڵانە لە دەزگا ئەكادیمییەكان دەیان توێژینەوەی لەسەر بنووسرێ.
هەرەوەه دەڵێت: ئەم كتێبەی كاك هێمن هەوڵێكە بۆ تیشكخستنە سەر ژانری هەواڵ، بەڵام لە ڕوانگەیەكی سەردەمیانە كە بەسەردەمی ئینترنێت و هاوڵاتی ڕۆژنامەنووس لە قەلەم دەردێت . هەوڵێكی زۆر گرنگە بۆ دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی كوردی و فێركردنی رۆژنامەنووسان و قوتابییەكانی ڕاگەیاند لە رێگەی كۆمەڵێ زانیاریی نوێ و گرنگ.
 شایانی باسە ئەم كتێبە لەلایەن دەزگای موكریانی، ئەركی دیزاین و پێداچوونەوە، چاپكردنی لە ئەستۆ گرتووە. رێدار جەعفەر نەخشەسازیی ناوەوەی كردووە و بەرگەكەیشی لەلایەن هۆگر سەدیقەوە دیزاین كراوە بە تیراژی 500 دانە لە چاپخانەی خانی لە دهۆك چاپ كراوە.

 

كامەران حاجی ئەلیاس

© 2017 Hawler