کانونی یەکەم 07, 2019

محەمەد نای: پێش 530 ساڵ عیرفانیەكان ئامێری "نای"ـیان دۆزیوەتەوە

ئامێری نای یەكێكە لە ئامێرە فوودارە ڕۆژ هەڵاتیەكان كە خودان ئاوازێكی بە جۆشوخرۆشە بە جۆرێك هەموو كەسێك حەزی لێیەتی كە گوێی بۆ شل بكات و لەگەڵ هەست و نەستیدا ئاوێتە بێت. جا یەكێك لەو ژەنیارانەی كە ساڵانێكە ئەو ئامێرە بەوپەڕی زیرەكی و لێزانیەوە دەژەنێ "محەمەد نای"ـیە كە بەوپەڕی سەلیقە و خۆشەویستیەوە ئەو ئامێرە بە جوانترین مامەڵە لەگەڵ ئەو ئامێرە موزیكیە دەكات و هەستی گەورە و بچووك دەوروژێنێ و دەیانباتە دنیایەكی دیكەی جیاواز لە هەموو دنیاكان، بەڵێ محەمەد قادر یوسف ناسراوە بە محەمەد نادی لەدایكبووی شاری هەولێرە، هەر لە منداڵیەوە حەزی بە ژەنینی ئامێرە فوودارەكان كردوە، بە تایبەتی ئامێری نای، بۆیە سەبارە بە مێژووی ئەو ئامێرە ئەو زانیارە دەخاتە ڕوو و دەڵێ: پێش 530 ساڵ عیرفانیەكان ئەو ئامێرەیان دۆزیوەتەوە، هەروەها دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین كە دوو گروپی موزیكی لەسەر ئاستی جیهان هەیە ئەویش كلاسیكی و كۆنی ئێرانیە كە ئەو ئامێرە موزیكیانەی وەك سەنتوور و دەف و زوڕنا و جۆزە و تار و سێتار و زەڕب دەگرێتەوە، دواتر دەربارەی نایژەنە هەرە دیار و بەرچاوەكان كە كاریگەری تەواویان هەبووە و هەیە دەڵێ: دیارە ژمارەیەك نایژەنی زۆر باش لە كورد هەڵكەوتوون وەك حەسەنی كەسانی و جەمشیدی عەندەلیبی و هی دیكە كە ئەوانە لە ئاستێكی هونەری بەرزدان، چونكە ژەنینی ئەو ئامێرە هەروا ئاسان نیە و بە شێوەیەكی تایبەت دەبێ و لێزانیی تەواوی دەوێ، بێگومان هەموو مرۆڤێك حەز بە موزیك دەكات، چونكە موزیك خۆراكی ڕۆحە، بە تایبەتی ئامێرە موزیكیە فوودارەكان كە ئاوازەكانی گوزارشت لە ئێشو ئازارەكانی ئێمەی كورد دەكات، چونكە ئەو ئامێرانە موڵكی ئێمەی كوردە، بە تایبەتیش زوڕنا و باڵەبان و بلوێر،ئەگەر بە تەواوی بچینە ناخی ئەو ئامێرە موزیكیە ئەوا ئەستەمە خۆت بۆ بگیرێ و گریانت نەیەت، دوا جار سەبارەت بە ژەنینی ئامێری نای بۆ هونەرمەندان دەڵێ: من بە شانازییەوە دەڵێم موزیكم بۆ هونەرمەندان بەهجەت یەحیا و چیای ماملێ ژەنیوە.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler