کانونی یەکەم 13, 2019

دەرهێنەری کورد "ئەمیر غوڵامی" خەڵاتی "پردێک لە سەرووی سنوورەکان" ی بەدەست هێنا

دەرهێنەرێکی کورد "ئەمیر غولامی" خەڵاتی ناوداری "پردێک لە سەرووی سنوورەکان- Bridging The Borders Award "ی بۆ کورتە فیلمی "دەریا شەپۆل شەپۆل دەهەژێت" له فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی "Veterans Film Festival" لە وڵاتی ئوسترالیا به دەست هێنا.

شایەنی باسە: ئەم خەڵاتە ماوەی 12 ساڵە لە لایەن گۆڤاری سینەمای بێ سنوور ( cinema without borders) له هەشت فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی لەوانە ئەمریکا ئەڵمانیا و ئۆستراڵیاوە پێشکەش دەکرێت، کە فێستیڤاڵەکە تەرکیزی خستۆتە سەر ئەو فیلمانەی هەوڵی لێک نێزیککردنەوەی گەلان دەدەن. هاوکات دەرهێنەر "ئەمیر غوڵامی" خەڵاتەکەی پێشکەش بە بەرخودانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، کە ئێستا لە ژێر هێرش و هەرەشەی تورکیا دان. ناوەڕۆکی کورتە فیلمی "دەریا شەپۆل شەپۆل دەهەژێت" ژیانی هێماین و سووڕئیاڵی پێرسۆناژێکی ئۆدیسەیی لە ناو ماڵێکی بەلەم ئاسا لە دڵی دەریایە کە خەرێکی دروستکردنی تابووت بۆ کوژراوانی شەڕی ژێر دەریاکانە. ئەکتەری بە توانا "محەمەد ڕەئوف محەمەدی" لەم کورتە فیلمە بە ئەدایەکی بەرز ڕۆڵی بینیوە، سینەماکار "وەحید بەیوتە" بەڕێوەبەری وێنەگرتنی فیلمەکە بووە، "ڕەزا جەعفەر زادە" کاری مۆنتاژی فیلمەکەی کردووە. کاری دەنگیشی (گیسۆ ئازادڕوش) جێ بەجێی کردووە، فیلمەکەش لە بەرهەمهێنانی "ئەمیر غوڵامی" یە. ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: کورتە فیلمی (دەریا شەپۆڵ شەپۆڵ دەهەژێت) دواین کاری دەرهێنانی دەرهێنەری دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان "ئەمیر غوڵامی یە، کە تا ئێستا زیاتر لە 50 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەشداری کردووە و چەندین خەڵاتیشی بەدەست هێناوە.

 

سەرهەنگ غەریب

© 2017 Hawler