کانونی یەکەم 07, 2019

فیلمی سینەمایی زاگرۆس لە فێستیڤاڵی فیلمی ئێران لە لەندەن بە باشترین بەرهەم هەڵبژێردرا

فیلمی سینەمایی زاگرۆس، كە یەكەم فیلمی درێژی سینەماكاری بەناوبانگی كورد سەهیم عومەر خەلیفەـیە، لە درێژەی بەشداریكردن لە فێستیڤاڵە سینەماییەكاندا، بەشداری لە دەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئێران لە لەندەن كرد، كە لە بەشی فیلمە نێودەوڵەتیەكان بەشداربوو، لە ئەنجامدا بە باشترین بەرهەم هەڵبژێردرا و خەڵاتی بینەرانی فێستیڤاڵەكەی وەرگرت.

جێگەی باسە: ئەو بەرهەمە سینەماییە تا ئێستا 9 خەڵاتی نێودەوڵەتی لە فێستیڤاڵە جیهانییەكاندا بەدەست هێناوە.
فیلمی سینەمایی زاگرۆس كە چیرۆكێكی كوردانەی هەیە و گرێدراوی وڵاتی بەلجیكایە، كە چیرۆكی شوانێك بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە، كە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو كوردستان بە هەشتە، بەڵام هاوژینەكەی هاڤین و كچەكەی ڕەیهان، ڕوو دەكەنە بەلجیكا، دواتر زاگرۆسـیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وەڵاتە، لە بەلجیكا زۆر شتی نوێ لە بارەی هاوژینەكەیەوە دەزانێت و متمانەی جارانی پێ نامێنێت، بۆیە دەخوازێت جارێكی دیكە بگەڕێتەوە نیشتمان.
ئەم فیلمە بەرهەمێكی هاوبەشی بەلجیكا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەكی فیلمەكە دریس فالیپۆیە، هەریەك لە سەهیم عومەر خەلیفە و جەین- كلود و ڤان ریچكهام سیناریۆكەیان ئامادەكردووە، كاری وێنەگرتن و دەنگ و مۆنتاژی فیلمەكە، لە لایەن سینەماكارانی بەلجیكی و هۆڵەندییەوە كراوە، وێنەگرتنی فیلمەكە لە باكووری كوردستان و یۆنان و بەشێكی دیكەی لە بەلجیكا كراوە، لەم بەرهەمە سینەماییەدا، هەریەكە لە فەیاز دۆمان و حەلیما ئێلتەر و سوات ئۆستا و هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی كورد هۆزان برادەر ڕۆڵیان گێڕاوە.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین: دەرهێنەر سەهیم عومەر خەلیفە خەڵكی زاخۆیە، خاوەنی ڕەگەزنامەی بەلجیكیە، پێشتر لە ڕێگەی كورتە فیلمەكانی میسی بەغدا، وڵاتی پاڵەوانان و نێچیرڤانی خراپ، 100 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەكاندا وەرگرتووە، هاوكات دوو ساڵ بەسەریەكەوە كورتە فیلمی میسی بەغدا، دواتریش ڕاوچی خراپ، لە لیستی 10 كورتە فیلمە كاندیدكراوەكان بوون بۆ خەڵاتی ئۆسكاری باشترین كورتە فیلم، ناوبراو ماستەری لە سینەما لە بەلجیكیا بەدەست هێناوە و ئەندامی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئۆسكار.

 

سەرهەنگ غەریب

© 2017 Hawler